لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی قەزای رانیە بە هاوبەشی لەگەڵ ئاسایشی راپەڕین، دەستیان بەسەر 22 شوێنکاردا گرت کە برنجی بازرگانیی هاوردەکراویان لەناو فەردەی برنجی کوردیدا بەناوی 'خۆماڵی' بە هاووڵاتیان فرۆشتووە.

قائیمقامیەتی قەزای رانیە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، رۆژی چوارشەممە، 4ـی 11ـی 2026، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت بە هاوبەشی لەگەڵ بەشی ئابوریی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕین، پشکنینێکی ورد و زانستییان بۆ سەرجەم دوکانەکانی ماستفرۆشانی سەر رێگای 'کانیماران' ئەنجامدا، کە ژمارەیان 22 دوکان بوو.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی پشکنینەکاندا دەرکەوتووە کە سەرجەم ئەو دوکانانە برنجی هاوردەکراویان فەل کردووە و خستوویانەتە ناو گوێنیی برنجی خۆماڵی و بەناوی بەرهەمی ناوخۆیی بە هاووڵاتیانیان فرۆشتووە.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، هاوکات هەر لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە رۆنی کەرەی بازرگانیشیان لەناو دیزەدا وەک رۆنی کوردی و خۆماڵی ساغکردووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، دوای لێکۆڵینەوەش، خاوەن کارەکان دانیان بەوەدا ناوە کە بەرهەمی هاوردەیان بەناوی خۆماڵی بە خەڵک فرۆشتووە و ئەم کارەش بەپێی یاسای خۆراک وەک «فێڵی خۆراکی - غش الغذاء» و فریودانی هاووڵاتیان هەژمار دەکرێت، هەربۆیە سەرجەم ئەو 22 شوێنکارە رووبەڕووی رێکاری توندی یاسایی دەکرێنەوە.