ئەمڕۆ لەهەڵەبجە تەرمی هاووڵاتییەکی تەمەن 43 ساڵ گەیەنرایە پزیشکی دادی پارێزگاکە کە ئاسەواری گوللـە بە سەریەوە بووە.
لەو بارەیەوە وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ هاووڵاتییەکی تەمەن 43 ساڵ کە دانیشتوی قەزای خورماڵە، گەیەندراوەتە پزیشکی دادی هەڵەبجە کە ئاسەواری گوللـە بە سەریەوە بووە.
وتیشی، روداوەکە لە شوێنی کارەکەی کە دوکانێکی دروستکردنی خواردەمەنییە، لەنێو قەزای خورماڵ رویداوە.
وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە دەشڵێت، لەلایەن بەشی پۆلیسی بەڵگە و تاوان بەڵگەکان هەڵگیراونەتەوە و دەمانچەیەک دەستی بەسەردا گیراوە، هەروەها بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە کەسێک بەتۆمەتی روداوەکە دەستگیرکراوە.
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی دەوڵەت سەبارەت بە کێشەکانی هەرێم و عیراق کۆببێتەوە و لەرووی یاسایی و دەستوریەوە راسپاردەیەک ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران بکات.
بێستون سەلام پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی دەوڵەت، پرسی کێشەکانی هەردوو حکومەت بەتایبەت داهاتی ناوخۆ یەکلادەکرێتەوە و ئەو بڕیارەی لەو کۆبوونەوەیدا دەدرێت، دەبێت حکومەتی هەرێم و فیدراڵ پێوەی پاپەند ببن.
وتیشی، ئەنجومەنی دەوڵەت بەپێی دەستور بڕیار لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەدات، هەروەها پێویستە لەماوەی ئەم دوو رۆژەدا ئەنجومەنی دەوڵەت بە نوسراوی رەسمی وەڵامی ئەنجومەنی وەزیران بداتەوە، هەروەها لە کۆبوونەوەی ئەو پرسە تاوتوێ بکرێت و یەکلایی بکرێتەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەی ئەمجارەی ئەنجومەنی وەزیران زۆر گرنگ دەبێت لەسەر چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە 48 کاتژمێری داهاتوودا ئاسمان ساماڵ دەبێت و لەهەندێک ناوچە پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاسمان ساماڵ و لە ناوچەکانی باکور ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، هاوکات پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنی.
ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ دووشەممە پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ جگە لە ناوچەکانى رۆژهەڵات کەمێک نزمتر دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر : 36 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 34 پلەی سیلیزی
دهۆک : 37 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 39 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 37 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 34 پلەی سیلیزی
سۆران : 35 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 25 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 40 پلەی سیلیزی
لە رۆژی (1 بۆ 30-8-2025) 361 نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی فێرکاری لە شاری سلێمانی ئەنجامدراوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری مانگی رابردووی نەخۆشخانەی فێرکاری بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە 361 نەشتەرگەری جۆراوجۆر ئەنجامدراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، جۆری نەشتەرگەرییەکان 12 نەشتەرگەری تایبەت و 121 نەشتەرگەری سەروو گەورە و 52 نەشتەرگەری گەورە و 156 نەشتەرگەری مام ناوەند و 20 نەشتەرگەری بچووك بووە.
ئەوەشی خستەڕوو، لەمانگی رابردوودا لەنەخۆشخانەی نەشتەرگەری فێركاری 85 پشكنینی تیشك و 165 پشكنینی سۆنەر و 45 پشكنینی سیتی سكان لەو نەخۆشخانەیە كراوە، هەروەها 148 چارەسەری سروشتی كراوە و 20 نەخۆش سەردانی بەشی چاندنی ددانیان كردوە و 11,552 پشكنینی جۆراوجۆری تاقیگەیی ئەنجام دراوە.
لە دیدارێکدا لە مۆزەخانەی زاموا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، لەگەڵ دکتۆر تۆماس لییەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەیمانگەی گۆتە لە هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە و تیایدا تاوتوێی شێوازەکانی بوژاندنەوە و پەرەپێدانی هەوڵەکانی پاراستنی کلتوور، کەلەپوور و شوێنەوارەکانیان کرد.
کۆبوونەوەکە، کە بە ئامادەبوونی خاتوو هەتاو ئیبراهیم ئەحمەد، سەرپەرشتیاری مۆزەخانەکە بەڕێوەچوو، تەرخان کرابوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی پتەوکردنی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ پاراستنی میراتی شارستانی.
لە میانی دیدارەکەدا، خانمی یەکەم دەستخۆشی لە هەوڵ و هەنگاوەکانی پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە عیراق کرد و رۆڵی پەیمانگەکەی لە رەخساندنی دەرفەتی ئاڵوگۆڕی زانیاری، شارەزایی کلتووری
و پتەوکردنی لێکتێگەیشتن بەرز نرخاند.
لەلایەن خۆیەوە، دکتۆر تۆماس لییەر سەرسامیی خۆی بە مۆزەخانەی زاموا و ئەو خزمەتە گەورەیەی بە هونەری شێوەکاریی کردووە، دەربڕی. هەروەها دەستخۆشیی لە بەڕێوەبەرانی مۆزەخانەکە کرد بۆ گرنگیدان بەم لایەنە شارستانییە و ستایشی شێوازی پاراستنی ئەو خانوە مێژووییەی کرد کە "بە جوانی لە نێوجەرگەی بازاڕدا پارێزگاریی لێ کراوە."




بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، کێشەی نەشتەرگەری، دەرمان و نەبوونی کەرەستەی پزیشکی لە پارێزگای سلێمانی تا کۆتایی ساڵی 2025 چارەسەر کرا.
ئەمڕۆ شەممە، لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە ئامادەبوونی شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی؛ د. سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی؛ و د. ماکوان، بەڕێوەبەری لقی سلێمانی بانکی هەرێم، کێشە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی سلێمانی تا کۆتایی ئەمساڵ چارەسەر کران.
ئامادەبووان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان و سەرجەم ئەو بەرپرسانە دەربڕی کە هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە داوە.
لە کەرکوک دوو کرێکار لە کاتی کارکردن لە ماڵێکدا کەوتنە خوارەوە و یەکێکیان گیانی لەدەستدا و ئەوەی دیکەش بریندارە.
ئاسۆ ئەحمەد پەیامنێری کوردسات نیوز لە کەرکوک رایگەیاند: دوو کرێکارەکە لە گەڕەکی دەروازەی کەرکوک کاریان کردووە، "ئەزهەر کەرەم حەمید" لەدایکبووی ساڵی 1981 لەکاتی کارکردندا دەکەوێتە خوارەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
دوو کەس بەتۆمەتی وەرگرتنەوەی زیادەی پارە، بە بڕی دوو هەزار دۆلار و دزینی ئەو پارەیە لە دوکاندارێک دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی رزگاری سکاڵای لە دژی دووکەس تۆمارکرد، کەچونەتە دوکانەکەیی بەناوی کڕینی شتومەک و وەرگرتنەوەی زیادەی پارە، بە بڕی دوو هەزاریان لە سکاڵاکارەکە دزیبوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر بڕیاری دادوەر، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان، هەروەها دوای ئەوەی تۆمەتباران چوبوونە شارێکی دیکەی هەرێم، سەرئەنجام توانرا تۆمەتباران دەسگیربکرێن.
پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاندووە، لەئێستادا تۆمەتباران كە هاوسەری یەكترن و خەڵكی دەرەوەی هەرێمی كوردستانن ، بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 446 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون و دانیان ناوە بەتاوانەكەیاندا .
بۆ بینینی ساتی چۆنییەتی وەرگرتنی زیادەی پارەکە کلیک لێرە بکە...
لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان 31 پێشێلکاری بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە، کە زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێر بووە.
هۆزان قادر سەرۆکی رێکخراوی پەیامنێران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ماوەی هەشت مانگی رابردووی ئەمساڵدا، 14 پێشێلکاری بەرانبەر بە دەزگا میدیاییەکان تۆمارکراوە و 31 پێشێلکاریش بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە، هاوکات نۆ رۆژنامەنووس بەهۆی گازی فرمێسک رێژەوە لەکاتی روماڵکردن رەوشی تەندروستییان تێکچووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراون، هەروەها چوار دەزگای میدیایی لە کاتی روماڵکردنی خۆپیشاندانەکان لە دێگەڵە رێگەیان پێنەدراوە بگەڕێنەوە هەولێر، دوای پەیوەندیکردن بە لایەنە پەیوەندیدارەکان دوای یەک رۆژ ئینجا رێگەیان پێدراوە بگەڕێنەوە شارەکە.
وتیشی، لەمساڵدا 15 حاڵەتی رێگەنەدان بە روماڵکردن تۆمارکراوە و 11 رۆژنامەنووسیش گیراون و بە کەفالەت ئازادکراون.
هۆزان قادر راشیگەیاند، زۆرترین پێشێلکاری لە شاری هەولێر بووە و کەمترین پێشێلکاری لە هەڵەبجە تۆمارکراوە.
ئاشکراشیکرد، زۆرترین پێشێلکاری لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمەوە ئەنجامدەدرێت، کە جیاوازی لەنێوان میدیاکان دەکات و ئەو میدیانەی کە لەخۆیانەوە نزیکە زانیارییان پێدەدات و میدیاکانی دیکە پشت گوێ ئەخات.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت، هاوکات پلەکانی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بەرزدەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ یەکشەممە پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ، هەروەها خێرایی با لەسەرخۆ- مامناوەند دەبێت .
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی.......
هەولێر : 38 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 36 پلەی سیلیزی
دهۆک : 37 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 40 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 38 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 37 پلەی سیلیزی
سۆران : 35 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 27 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 41 پلەی سیلیزی
لە کەرکوک روداوێکی سەختی هاتوچۆ رویدا و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لەسەر رێگای پشتێنەی کەرکوک 'حەولیەکە'، روداوێکی سەختی هاتوچۆ رویدا و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا.
عامر نەریمان وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی کەرکوک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، هۆکاری روداوەکە بۆ تیژڕەویی دەگەڕێتەوە و ئۆتۆمبێلێک خۆی کێشاوە بە سێ بارهەڵگرەکەدا لە ئەنجامدا دوو شۆفێری بارهەڵگرەکان و دوو سەرنشنینی ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لەدەستداوە.
وتیشی، بارهەڵگرەکان لە نزیک شەقامەکە راوەستاوبوون و خەریکی کێشەی بارهەڵگرەکانیان بوونە، ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە کە شەش سەرنشینبوون و خوێندکاربوونە، بەهۆی تیژڕەوییەوە کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و لە ئەنجامدا خۆی کێشاوە بە هەر سێ بارهەڵگرەکەدا، کەراستەوخۆ لە شۆفێرەکانی بارهەڵگرەکانی داوە و هەر سێکیانی شێلاوە.
وتەبێژی هاتووچۆی کەرکوک داواش لە هاووڵاتیان و شۆفێران دەکات پاپەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ ببن و تیژڕەوی ئەنجام نەدەن، تا روداوی لەو شێوەیەی لێنەکەوێتەوە.
ئێوارەی پێنجشەممە، بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، زانکۆی سلێمانی لە مەراسیمێکی شایستەدا 40هەمین خولی دەرچووانی بەڕێکرد. لە مەراسیمەکەدا، کە لە یاریگای ناو کامپی زانکۆ بەڕێوەچوو، بڕوانامە بەسەر دەرچووانی19کۆلێژی جیاوازدا دابەشکرا.
لە کەشێکی پڕ لە خۆشی و هیوا بۆ داهاتوو، مەراسیمی دەرچووانی خولی 2024_2025ی زانکۆی سلێمانی دەستیپێکرد. سەرەتای مەراسیمەکە بە نمایشی میوزیکی لەلایەن تیپی مۆسیقای کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان دەستیپێکرد، دواتر کەژاوەی دەرچووان بەناو یاریگادا تێپەڕی و لەلایەن ئەنجومەنی زانکۆوە پێشوازییان لێکرا.
لە بەشێکی سەرەکیی مەراسیمەکەدا و بە ئامادەبوونی خانمی یەکەمی عیراق، پڕۆفیسۆر دکتۆر کۆسار محەمەد عەلی، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، بەپێی دەسەڵاتی زانستیی خۆی، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەخشییە دەرچووانی نۆزدە کۆلێژی زانکۆکە، کە چەندین بەشی جۆراوجۆریان لەخۆگرتبوو.
ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە مەراسیمەکەدا جێگەی خۆشحاڵی و پێزانینی دەرچووان و کەسوکارەکانیان بوو، کە بە ڕوونی لە سیمای ئامادەبوواندا بەدیدەکرا.
لە وتەیەکدا، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پیرۆزبایی لە سەرۆکایەتی، ئەنجومەن، مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی کرد. هاوکات، هیوای خواست کە حکومەت بتوانێت بەپێی پلانێکی تۆکمە و بە لەبەرچاوگرتنی پێویستییەکانی کەرتی گشتی و تایبەت، دەرفەتی کار بۆ دەرچووان بڕەخسێنێت تا بتوانن خەونەکانیان بهێننە دی.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە قەزای دووبزی سەر بە پارێزگای کەرکوک، بەهۆی شەڕێکی خوێناوییەوە لەنێوان دوو خێزانی عەرەبی هاوردەدا، دوو کەس کوژران و کەسێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی دووبز بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کە هەردوو لایەنی شەڕەکە ئامۆزای یەکترن و دانیشتووی گوندی پەڵکانەن لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان.
سەبارەت بە هۆکاری روداوەکە، سەرچاوەکە رونیکردەوە کە تا ئێستا بە تەواوی نازانرێت، بەڵام کێشەکە لەنێو خۆیاندایە و پێدەچێت کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بێت.
هەروەها دووپاتیکردەوە کە بکوژەکە هەڵاتووە و تا ئێستا دەستگیر نەکراوە، پۆلیس چاوەڕێی بڕیاری دادوەر دەکات بۆ دەستپێکردنی رێکارەکانی بەدواداچوون و دەستگیرکردنی. قوربانیی سێیەمیش کە بریندارە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
تاوەکو 20ی ئەم مانگە پرۆسەی ناو تۆمارکردنی حاجیان بەردەوامی دەبێت و تاکو ئەمڕۆش زیاتر لە 64 هەزار هاووڵاتی ناوی خۆیان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی حەجی ساڵی 2026 تۆمارکردوە.
کاروان ستونی وتەبێژی حەج و عەمرەی کوردستان رایگەیاند، ئەمساڵ پرۆسەی ناونوسینی حاجیان بە رێگەی ئەلیکترۆنی و هاووڵاتیان لەرێگەی هەژماری خۆیانەوە تاکو 20ی ئەم مانگە ناوی خۆیان تۆماربکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای کۆتای هاتنی پرۆسەی ناوتۆماردکرد بە چەند رۆژێپک لەرێگەی دەروازەی حەجەوە کە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەریمی کوردستان و فەرمانگەی زانیاری، تیروپشک بۆ ناوی حاجیانی بۆ ساڵی 2026 ئەنجام دەدرێت.
وتەبێژی حەج و عەمرەی کوردستان ئاشکراشیکرد، تاکو ئەمڕۆ 64 هەزار و 400 کەس ناوی خۆیان بە بێ پارە تۆمارکردوە، هەروەها داوای لە هاووڵاتیان کرد، پشكینین بۆ ناوهكانیان بكهن له رێگهی مۆبایلی خۆیانهوه یان له رێگهی ههژمارهی دیجیتاڵی خۆیانهوه بچنه ناو سیستمهكهوه چونكه تاوهكوو ئێستا زیاتر حەوت هەزار داواكاری پڕ كراوهتهوه له خانهی پاشهكهوت كردن ماون كه دهبێت داواكارییهكان پێشكهش بكرێت، ئهگهریش لهو خانهیه بمێننهوه، وەک ئەوە كه داواكارییان پێشكهش نهكردووه.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عیراق کرد.
لە دیدارێکدا کە تۆماسۆ سانسۆنێ، کونسوڵی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەبوو، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکە کرا.
بافڵ تاڵەبانی باسی لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا کرد و وتی، لە هەوڵەکانمان بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان بەردەوامین و هیوادارین هەموولایەک پابەندی رێککەوتنەکان بن.
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، هیوادارم گفتوگۆکانی وەفدی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی لە زووترین کاتدا بگاتە ئەنجام و حکومەتێکی خزمەتگوزار پێکبهێنرێت.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ لێپرسراوی نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپا کۆبووەوە و لەدیدارەکەدا جەخت لە گەشەپێدانی ئابوریی هەرێم و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان کرایەوە.
قوباد تاڵەبانی لەپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، لەگەڵ رالف شرۆیدەر، لێپرسراوی نوسینگەی نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپا جەختیان کردەوە لە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەی کۆچی نایاسایی، گەشەپێدانی ئابوریی هەرێم و رەخساندنی هەلی کارە بۆ گەنجان.
لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەیان بەوەشکردووە، وەبەرهێنان و بەشداریکردنی لە پرۆسەی گەشەپێدانی کوردستاندا جگە لەوەی لە رووی ئابوری و بازرگانییەوە، سوودێکی زۆر بە یەکێتیی ئەورووپا دەگەیەنێت، کاریگەریی گەورەشی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی کۆچی نایاسایی گەنجانی کورد بۆ ئەوروپا.