ئاگر لە پاڵاوگەیەکی سوتەمەنی لەسەر رێگای هەولێر – گوێر کەوتەوە، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێریش دەڵێت: ئەو پاڵاوگەیە هیچ مۆڵەتێکی رەسمی نییە.

قارەمان جەوهەر پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: لە یەکێک لە کۆگای پاڵاوگەیەکی سوتەمەنی لەسەر رێگای گوێر – هەولێر ئاگرکەوتەوە، هاوکات ئاگرکەوتنەوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنها زیانی مادی هەبووە.

وتیشی، بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان کە لە نزیک کۆگاکە بوون، دەنگی دوو تەقینەوەی گەورە بیستراوە لەکاتی کەوتنەوەی ئاگرەکە.

پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی بەدواچوونەکان دەنگی تەقینەوەکان هۆکارەکەی بۆ گڕگرتنی تانکەری ناو کۆگاکان دەگەڕێتەوە، کاتێک ئاگری گرتووە بۆتە هۆکاری تەقینەوەی تانکەری سوتەمەنییەکە.

لەدوای چەند سەعاتێک لە کەوتنەوەی ئاگرەکە، تیمەکانی بەرگری شارستانی هەولێر ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵکرد و شاخەوان سەعید وتەبێژی بەرگری و شارستانی هەولێر لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆگای ئەو پاڵاوگەیەی ئاگری گرت، هیچ مۆڵەتێکی نەبووە و لەبەڕێوەبەرایەتییەکەیان مۆڵەتی وەرنەگرتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەگەڕێتە بۆ لێچون لە تانکەرێکی سوتەمەنی و بەهۆیە چەند کۆگایەکی دیکەشی پێوە سوتاوە.

شاخەوان سەعید راشیگەیاند، ئەو پاڵاوگەیە وەک کۆگای سوتەمەنی بەکارهێندراوە.