زیاتر لە 281 ملیۆن دینار بۆ قیرتاوکردنەوەی شەقامەکانی سلێمانی خەرج دەکرێت
راهۆز
٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی زیاتر لە 281 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەکانی قیرتاوکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقام و کۆڵانەکانی شاری سلێمانی.
بەپێی سێ فەرمانی وەزاری کە دەرچووە، بڕی 281 ملیۆن و 600 هەزار دینار لەسەر رێژەی 15%ی داهاتی شارەوانی تەرخانکراوە، پارەکەش بەمەبەستی دابینکردنی قیری شل بۆ کارگەی قیری شارەوانی لە تانجەرۆ خەرج دەکرێت.
بەپێی پلانەکە، ئەم گوژمەیە بۆ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی (حەوتەم، هەشتەم و نۆیەم)ـی پرۆسەی قیرتاوکردنەوەی شەقام و کۆڵانەکان لە سنوری سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بەکاردەهێنرێت.
وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانج لەم پرۆژانە نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان، رێگریکردنە لە تێکچوونیان و ئاسانکارییە بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان لە گەڕەک و شەقامەکانی شاری سلێمانی.



