حکومەتی هەرێم پەخشی کەناڵەکانی "بین سپۆرت" رادەگرێت
راهۆز
٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆستە و گەیاندنەوە، بڕیارێکی نوێی لەبارەی پەخشکردنی کەناڵەکانی (beIN SPORTS) دەرکرد و داوای راگرتنی پەخشی نایاسایی ئەو کەناڵانە دەکات.
بەپێی نووسراوێکی رەسمی وەزارەتەکە کە لە رێکەوتی 17-11-2025 ئاراستەی کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت کراوە، تیایدا هاتووە کە دەبێت پەخشی ئۆنلاین (IPTV)ی کەناڵەکانی "بین سپۆرت" کە لەلایەن هەندێک لە کەناڵە ناوخۆییەکانەوە بەبێ مۆڵەت و بەشێوەی نایاسایی پەخش دەکرێنەوە، رابگیرێن.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن مۆڵەتی یەک مانگی بۆ کۆمپانیاکان دیاریکردووە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، ئامانج لێی پاراستنی مافی خاوەندارێتی فیکری و رێگریکردنە لەو سەرپێچییانەی دەکرێنە سەر مافی پەخش و بڵاوکردنەوە.
لە بەشێکی تری بڕیارەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، هەر کەناڵێک بیەوێت لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پەخشی دامەزراوەی (beIN SPORTS) بکات، دەبێت لە رێگەی بریکاری رەسمی ئەو دەزگایەوە بێت و رەچاوی یاسا و رێنماییە بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات.



