قوباد تاڵەبانی: دەبێت ئەولەوییەتی حکومەتی داهاتوو چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بێت
راهۆز
٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ ئەرمان تۆپجو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێم کۆبووەوە و جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان کردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عیراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنکەرە کرا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی کاری هاوبەش بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان بەتایبەت لە بواری بازرگانیدا.
تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە تایبەت بوو بە پرۆسەی سیاسیی عیراق دوای هەڵبژاردنەکان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە مافەکانی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت، یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی دۆخی ئاسایش و سەقامگیریی عیراق.
جێگری سەرۆک وەزیران جەختی لەوەش کردەوە، دەبێت ئەولەوییەتی هەردوو حکومەتی داهاتووی عیراق و هەرێمی کوردستان، چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانی نێوانیان بێت.



