بانکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی IDB لە پڕۆژەی هەژماری من دوورخرایەوە، هاوکات وەزارەتی دارایی دەڵێت: ئەو موچەخۆرانەی لە بانکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی تۆمارکراون، هەژمارەکانیان دەگوازرێتەوە بۆ بانکێکی دیکە.
وەزارەتی دارایی و ئابووی حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بانکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی IDB لە هەژماری من دوورخرایەوە و لەمەودوا بەشێک نابێت لە پڕۆژەی هەژماری من.
راشیگەیاندووە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سنوردارکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکانی بانکی ناوبراو لەلایەن بانکی ناوەندی عیراق لەڕووی مامەڵەکردن بە دۆلار.
وەزارەتی دارایی ئاشکراشیکردووە، ئەو موچەخۆرانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێستادا لە بانکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) تۆمارکراون، لە رێگەی سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی هەژماری من پەیوەندییان پێوە دەکرێت و ئاگاداردەکرێنەوە لەبارەی گواستنەوەی هەژمارەکانییان بۆ یەکێک لە بانکەکانی دیکەی ناو پڕۆژەکە.
سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جوتیارانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەکەن.
ئەمڕۆ فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ، هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باسی کێشە و گرفتەکانی ناوچە کوردستانییەکانی کرد، بەتایبەت کێشە و گرفتی جوتیارانی کورد لە ناوچەکەدا کە رۆژانە رووبەڕوویان دەبنەوە لە بەرانبەر چاندن و دروێنەکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، باسی کۆی هەوڵەکانی خۆیان کرد لە پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی زەوی و زاری جوتیاران و پرسی هەوڵەکان بۆ جێبەجێ کردنی مادەی 140 کرد و ئاماژەی بەوەکرد، پەیوەندی تەندروست لە نێوان فراکسێۆنە کوردیەکان هەیە و پێکەوە بۆ ئەو ئامانجە نیشتیمانیانە کار دەکەن.
لە سنوری قەزای چەمچەماڵ سێ تۆن شمەک و خۆراکی بەسەرچوو دەستی بەسەرداگیرا، هاوکات لەلایەن لیژنەکانی قائیمقامیەت و تەندروستی قەزاکەوە لەناوبرا.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ ئەم وێنانەی بڵاوکردوەتە و نوسیویەتی، لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی و تەندروستی چەمچەماڵ، سێ تۆن شمەک و خۆراکی بەسەرچوو لەناوبرا.
دەشڵێت، ئەو شمەکانە لە ناوبازاڕ و مارکێت و شوێنە گشتییەکانی چەمچەماڵ دەستی بەسەرگیراوە و رێکاری یاسایی بەرانبەر خاوەنی ئەو شوێنانە گیراوەبەر.
تەندروستی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوام لەهەوڵی پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی هاووڵاتیان دەبن، هەروەها داواش دەکات لەکاتی بینینی هەر شمەکێکی خراپ و بەسەرچوو ئاگاداریان بکەنەوە.
بەپێی پێشبینیەکانی کەشناسی سبەینێ سێشەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ سێشەممە خێرای با لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت و لەکاتەکانی دوایی نیوەڕۆ ئەگەری کەمێک چالاکبوونی هەیە.
کەشناسی هەرێم راشیگەیاندووە، پلەکانی گەرما بەگشتی نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ، تەنها ناوچە بەرزەکان کەمێک نزم دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو:
هەولێر : 38 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 37 پلەی سیلیزی
دهۆک : 38 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 40 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 39 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 41 پلەی سیلیزی
سۆران : 38 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 29 پلەی سیلیزی
گەرمیان 43 پلەی سیلیزی
پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە سێ کەسی بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکرد، کە پارەی سندوقی خێری مزگەوتیان دزیووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە بڵاویکردەوە، لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە بە هاوئاهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزور سێ تۆمەتباری بەڕەگەز عەرەب بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکران.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو تۆمەتبارانە لە ماوەی رابردوودا، سندوقی خێری دوو مزگەوتی ناو شاری هەڵەبجەیان دزیبوو، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان دانیان بە تاوانەکانیان ناوە.
پۆلیسی هەڵەبجە راشیگەیاندووە، ئەو تۆمەتبارانە لە تاوانێکی دیکەدا هەستاون بە شکاندن و بردنی پارەی ناو سندوقی هاوکاری بۆ نەخۆشخانەی هیوا لە نێو مارکێتێکی شاری هەڵەبجەدا.
ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتباران لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بەتاوانەکەیانداناوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵنامەی خوێندنی ساڵی 2025 بۆ 2026ـی پەسەندکرد و تێیدا رۆژی 21ـی 9 وەک دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دیاریکرا.
وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند: ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە ساڵنامەی خوێندنی ساڵی (2025- 2026) ـی پەسەندکرد، کە تیایدا رۆژی یەکشەممە 21ی 9ی 2025 وەک دەستپێکی ساڵی خوێندنی (2025 - 2026)ـی دیاریکرد بۆ قوتابخانە حکومییەکان و ئەو قوتابخانە ناحکومییانەی بە سستمی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنن
لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، وردەکاری ساڵنامەکە بە گشتاندنێک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تاقیکردنەوەکان و ساڵنامەی خوێندنەوە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەکرێت، هەروەها ئەنجومەنی وەزارەت لە کۆبوونەوەکەدا خشتەی بەشەوانەکانی بۆ ساڵی خوێندنی (2025 - 2026) پەسەندکرد، پاشتر لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی پرۆگرام و چاپەمەنییەکان گشتاندنی پێدەکرێت و ئاڕاستەی ناوەندەکانی خوێندن دەکرێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ کاروباری پرۆژە گەشتیارییەکانی سەرچنار و بەنداوەکانی چەقچەق و سەرچنار، سەردانی پڕۆژەکانی کرد و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەبەرهێنەران و کۆمپانیا جێبەجێکارەکان کۆبووەوە.
جێگری سەرۆک وەزیران دوای بەسەرکردنەوەی پڕۆژەی بەنداوی چەقچەق، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکان و کۆمپانیای جێبەجێکار کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی کێشەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بەنداوەکانی چەقچەق و سەرچنار.
سەبارەت بە بەنداوی چەقچەق کە ماوەیەکە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە، قوباد تاڵەبانی داوای لە کۆمپانیای جێبەجێکار کرد خێراتر کاروبارەکان راپەڕێنت بۆ ئەوەی لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا تەواوبکرێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی راسپارد پەلە بکەن لە تەواوکردنی کاروبارەکانی بەنداوی سەرچناریش کە ئێستا لە قۆناغی دیزاینکردندایە بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت.
بەنداوی چەقچەق توانای گلدانەوەی نۆ ملیۆن مەتر سێجا و بەنداوی سەرچناریش توانای گلدانەوەی دوو ملیۆن متر سێجا ئاویان هەیە و لە چوارچێوە پڕۆژە گەشتیارییەکانی سەرچناردا جێبەجێ دەکرێن، بە تەواوبوونیان جگە لەوەی سیمایەکی گەشتیاری جوان بە دەڤەرەکە دەدەن، کاریگەری گەورەشیان لەسەر ژینگەی سنورەکە و ئاوی ژێر زەوی دەبێت.
قوباد تاڵەبانی دواتر لە کۆبوونەوەیەکی دیکە لەگەڵ وەبەرهێنەران و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی بەدواداچوونی کرد بۆ کاروباری هەر پێنج زۆنە گەشتیارییەکەی سەرچنار، دوای لێکۆڵینەوە لە گرفت و کێشەکانی بەردەم وەبەرهێنەرەکان، رایگەیاند جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گەشتیارییانە لە ئەولەوییەتی کارەکانی حکومەت و شەخسی خۆیدایە، چونکە کاریگەری بەرچاوی دەبێت لەسەر گەشەپێدانی ئابوری و بەهێزکردنی ژێرخانی گەشتیاری کوردستان و سلێمانی و ژمارەیەکی بەرچاو هەلی کار بۆ دانیشتوانی سلێمانی دەڕەخسێنێت.
قوباد تاڵەبانی بەڕێوەبەرایتییە پەیوەندیدارەکانی راسپارد هەرچی زووتر کاروباری ئیداری و یاسایی پڕۆژەکان تەواو بکرێن و هاوکات تیمێکی تایبەتی لە نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران پێکهێنا بۆ هەماهەنگی و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ کاروباری پڕۆژەکان تا هەرچی زووتر بکەونە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و لە وادەی دیاریکراوی خۆشیاندا تەواو بکرێن.
لە چوارچێوەی پاڵپشتییەکانی بۆ پێشکەوتنی ئەکادیمیای وڵات، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، کۆمەڵێک کتێب و سەرچاوەی زانستی و کەلتووری و مێژوویی و کۆمەڵایەتی بە دیاری بۆ زانکۆکانی سەلاحەدین و هەڵەبجە بەخشی.
محەممەد ئەمین فارس نوێنەری سەرۆک کۆمار کۆمەڵێک کتێبی بە زانکۆی سەلاحەدین لە پارێزگای هەولێر پێشکەشکرد و سڵاوی سەرۆک کۆماری بە مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆکە گەیاند و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ خواستن لە کارە ئەکادیمییەکانیاندا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، عیزەدین مەجید نوێنەری سەرۆک کۆمار ئەو کتێبانەی کە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە دابینکرابون بە زانکۆی هەڵەبجە بەخشرا و پاڵپشتی سەرۆک کۆماری بۆ دووپاتکردنەوە کە بواری زانستی و رۆشنبیری لە وڵاتدا بەرەوپێش دەبات.
لە بەرانبەردا سەرۆکی هەردوو زانکۆ و ستافی مامۆستایان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ دیاریەکانی سەرۆک کۆمار دەربڕی و جەختیانکردەوە، کە گرنگیدانی سەرۆک کۆمار بە پێشکەوتنی ئەکادیمی وڵات بریتیە لە چەسپاندنی بناغەکانی هۆشیاری و ڕۆشنبیریی لە نێو نەوەی داهاتوودا.
شارەوانی سلێمانی هەڵمەتێکی بۆ لادانی زیادەڕەویی و رێکخستنەوەی شەقام و شۆستەکان ئەنجامدا.
شارەوانی سلێمانی ئەم وێنانەی بڵاوکردوەتەوە و نوسیویەتی: لەسەر سکاڵای هاووڵاتیان، هەڵمەتێکی لادانی زیادەڕەویی و رێکخستنەوەی شەقام و شۆستەکان، لە شەقامی ئازادی و شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود بەرانبەر نەخۆشخانەی بەخشین ئەنجامدرا، کە لە هەڵمەتەکەدا زیادەڕەوییەکان لادرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، داوا لە سەرپێچیکاران کراوە رێنمایی و یاساکان جێبەجێبکەن، بۆ ئەوەی سیمای شەقامەکان ناشرین نەبێت و نەشێوێندرێت.
شارەوانی سلێمانی راشیگەیاندووە، هەڵمەتەکانیان بەردەوام دەبێت لەسەرجەم گەڕەک و ناوازار بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی شەقامەکان سیمایەکی شارستانی و سەردەمییانە ببەخشن.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت: لێکتێگەیشتن هەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بۆ ئەو مەبەستەش تورکیا رەزامەندی دەربڕیوە.
عەلی نزار بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی پرسی رۆژی کوردسات نیوز رایگەیاند، حکومەتی هەرێم دەیەوێت هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە و تورکیاش بۆ ئەو مەبەستە رەزامەندی دەربڕیوە.
وتیشی، لێکتێکگەیشتن هەیە لە نێوان وەزارەتی سامانەسروشتییەکانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عیراق و کۆمپانیای سۆمۆ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، هاوکات گفتوگۆکان کە لەماوەی رابردوودا ئەنجامدراوە ئەرێنی بوون.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کۆمپانیانەی کە لەکێڵگە نەوتییەکانی هەرێم کاردەکەن، داوای گەرەنتی و دڵنیایی دەکەن بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن کارەکانیان بکەن، هەروەها بەپێی یاسا ئەو کۆمپانیانە رێژەی چەند نەوت بۆ عیراق بنێرن بەپێی بەرهەمەکانیان داهاتیان پێدەدرێت، هاوکات دەبێت وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم قەرزی کۆمپانیانە نەوتییەکانی هەرێم بدات، کە بەپێی زانیارییەکان یەک ملیار دۆلارە.
عەلی نزار ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی یاسای بودجە حکومەتی هەرێم دەبێت مانگانە 400 هەزار بەرمیل رادەست بکات، بەڵام لە ئێستادا بەرهەمی نەوتی هەرێم ناگاتە ئەو رێژەیە، بۆیە لە ئێستادا ئەنجومەنی وەزیران بەپێی رێژەی بەرهەمێنان 230 هەزار بەرمیل دیاریکراوە، بەڵام ئەگەر بەرهەمی نەوت لەو ژمارەیەش کەمتر بێت پێویستە مامەڵەی پێوەبکرێت و تا ئەو کاتەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزدەبێتەوە بۆ ئەو ئاستەی کە لەبودجەدا دیاریکراوە.
ئاشکراشیکرد، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە زیانی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمە.
سەبارەت چارەسەرکردنی پرسی موچە کە پەیوەستە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، عەلی نزار، راشیگەیاند، تا زووتر هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە کێشەی موچەش چارەسەر دەبێت.
سبەینێ موچەی چەند مانگێکی بەشێک لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت .
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سبەینێ دووشەممە موچەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ و موچەی مانگەکانی 10 و 11ـی ساڵی 2024 دابەشدەکرێت و ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە، کە لە دوای 1ـی7ـی2025ـوە بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون.
وەزارەتی دارایی راشیگەیاندووە، موچەکانی ئەو فەرمانبەرانە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
ئەمشەو دیاردەی مانگ گیران رودەدات و ناوەندە فەلەکناسییەکانیش دەلێن: دیاردەی مانگ گیرانەکە ماوەی 82 خولەک دەخایەنێت.
ئەژی چەتۆ، سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمشەو کاتژمێر 7:27 خولەک مانگ گیرانی تەواو هەستی پێدەکرێت لە هەرێمی کوردستان، هەروەها لە کاتژمێر 9:11 خولەک دەگاتە لوتکەی گیران و مانگ بە تەواوی دەگیرێت.
وتیشی، ئەو دیاردەیە 82 خولەک بەردەوام دەبێت و هاووڵاتیان دەتوانن بە چاوی ئاسایی سەیری بکەن، هاوکات بەهۆی گونجاوی کەشوهەوا زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت مانگ گیرانە ببینرێت، دەشڵێت، ئەگەر دووربین بەکاربهێنرێت زۆر بە روونی دیارەدەکە دەبینرێت.
سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، لەم مانگ گیرانەی کە روودەدات رەنگەکەی سور دەبێت، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی مانگ دەچێتە ناو سێبەری زەوی و بەرگە هەوا تەنها رێگەی بەرەنگی سور و پرتەقاڵی دەدات دەربازبێت بەو هۆکارەش کە ئەو تیشکانە دەگاتە سەر رووی مانگ، مانگ رەنگی سور و پرتەقاڵی نیشان دەدات.
لێدوانی ئەژی چەتۆ، سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان لەبارەی دیاردەی مانگ گیران
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە 48 کاتژمێری داهاتوودا پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە و ئەگەری خۆڵبارینێکی کەم هەیە.
بەڕیوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما بر بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ کەمێک نزمتر دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینی دووشەممە ئەگەری بوونی تۆزێکی کەم هەیە و پلەکانەی گەرما نزیک دەبێطەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ:
هەولێر : 38 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 38 پلەی سیلیزی
دهۆک : 38 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 41 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 39 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 39 پلەی سیلیزی
سۆران : 36 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 28 پلەی سیلیزی
گەرمیان 42 پلەی سیلیزی
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری کەرکوک دوو کرێکار لە دوو شوێنی جیاواز لەکاتی کارکردن گیانیان لەدەستدا.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ کرێکارێک کە تەمەنی 36 ساڵانە بە ناوی پێشڕەو عەلی لەکاتی بۆیاخکردنی باڵەخانەیەک، بەهۆی تەزوی کارەباوە گیانی لەدەستدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کرێکارە خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشیکرد، کرێکارێکی دیکە لەگەڕەکی سۆراو کرێکارێکی تەمەن 45 ساڵان بە ناوی ئازاد ئەحمەد کە پیشەی کارەبا چییە، لەکاتی کارکردن لەسەر پەیژەیەک دەکەوێتە خوارەوە و بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدات.
ئەوەشی خستەڕوو، هەردوو کرێکارەکە خێزاندارن و لە نەتەوەی کوردن.
فێستیڤاڵی دەروازەی سلێمانی بە سپۆنسەری میدیایی دەزگای میدیایی کوردسات، بۆ رۆژی سێیەم لە پارکی هەواری شار بەردەوامە و رێژەیەکی زۆرباش لە هاووڵاتیان و سەردانیکەران لە ناوچە جیاوازاەکانی هەرێم سەردانی فێستیڤاڵەکە دەکەن.
رێژوان مەریوان سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی دەروازەی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کارەکانی فێستیڤاڵەکە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و هاووڵاتیان بە پەرۆشەوە سەردانی فێستێڤاڵەکە دەکەن.
وتیشی، بەپێی ئامارەکان لە یەکەم رۆژدا نزیکەی 18 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکیان کردووە، هاوکات لە رۆژی دووهەمدا زیاتر لە 16 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ئامارە لە دەروازەی سەرەکی بە هاتنەژوورەوەی ئۆتۆمبێل وەرگریراوە، ئەگەر بە تاکە کەسیش هەژمار بکرێت رێژەکە زۆر زیاترە.
سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕوان دەکەن لەمڕۆژانەدا لە رۆژانی یەکەم و دووهەم، هاووڵاتیان زیاتر سەردانی فێستیڤاڵەکە بکەن و چێژ ببینن لە چالاکی و بەرهەمەکانی نمایشدەکرێت و پێشکەشدەکرێت.
جێگەی ئاماژەیە، دووهەمین فێستیڤاڵی دەروازەی سلێمانی بە سپۆنسەری میدیایی دەزگای میدیایی کوردسات، لە رۆژی 4ـی ئەیلولەوە دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی 8 رۆژ بەردەوام بێت.
لەمیانی پێشوازیکردنی لە ژمارەیەک لە ژنانی کورد، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق ئاماژەی بەڕۆڵی چالاکانەی ژنان لەپشتیوانی کۆمەڵگە و پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوەیی کرد.
لەو دیدارەدا کەسکرتێری یەکێتی ژنانی کوردستان و نوێنەرانی کۆمسیۆنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و کۆنگرە ستار و ژمارەیەک لە چالاکوانانی بواری داکۆکیکردن لەمافەکانی ژنان ئامادەیبون، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند: بەپەرتەوازەیی ناگەین بەهیچ کام لە مافەکانمان و پێویستە لەمەسەلە نەتەوایەتیەکانیشدا یەک بین و پشتی یەک بەرنەدەین.
خانمی یەکەمی عیراق وتیشی، "سەرەڕای ئەو بارگرانییەی کە بەسەریاندا سەپێنراوە، ژنان نەک هەر کۆڵیان نەدا، بەڵکو بوونە هێزێکی پێشەنگ لە بەرخۆدان و گۆڕانکاریدا و نموونەی ئازایەتی و ئیرادە لە سەرانسەری جیهاندا".
باس لەوەش کرا کە پێشبینیکردنی ئایندەی خەباتی ژنانی کورد پەیوەستە بە هەلومەرجی سیاسی و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و پێشهاتە ناوچەییەکان، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ژنانی کورد دەتوانن بە پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوەکانی مافی ژنان لە وڵاتانی تر، خەباتی خۆیان بەهێزتر بکەن.
هەر لەدیدارەکەدا تاوتوێی چالاکیەکانی کۆنگرەی ژنان و راسپاردەکانی کۆنگرەی هاوپەیمانی سۆشیال دیموکرات کرا کەلەرۆژانی 27 تا 30 ی ئاب لەسلێمانی بەسترا.
سەبارەت بەگۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و پەرەسەندنەکانی رەوشەکە، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند: دەبێ لەئاست جموجوڵ و بزاوتی سیاسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ژنی کورد رۆڵی خۆی ببینێت و لەئاستیدا پەرە بە خەباتی سیاسی خۆی بدات.