قوباد تاڵەبانی راگەیەنراوێکی سەبارەت بە هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، چەند بارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە بۆسەر ژێرخانی ئابوریی کوردستان و پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و پێویستی بە هەنگاویی کردەییە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، هێرشکردنەسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، تاوانێکی تیرۆریستی گەورە و بە ئامانجگرتنی ژیان و گوزەرانی رۆژانەی خەڵک و ژێرخانی ئابوریی کوردستان و هەموو عیراقە، چەند بارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە بۆسەر ژێرخانی ئابووریی کوردستان پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و پێویستی بە هەنگاویی کردەییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەرکی حکومەتی فیدراڵە بە خێرایی بکەران و ئەوانەی لە پشت ئەم هێرشەوەن بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات و رووبەڕووی سزا و لێپرسینەوەی یاساییان بکاتەوە، هەروەها جەخت دەکاتەوە، بەردەوامی ئەم جۆرە هێرشانە لەلایەن گروپ و هێزی دەرەوەی دەوڵەت چیتر قبوڵکراونییە و ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لێ دەکەوێتەوە، هەربۆیە هەنگاوی سەرەکیی حکومەتی داهاتووی عیراق دەبێت کۆتاییهێنان بەم رەوشە و سزادان و کۆکردنەوەی گروپ و هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەت بێت.
نێچیرڤان بارزانی ئیدانەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکات و دەڵێت: پێویستە بە زووترین کات ئهنجامدهرانى ئهو تاوانه سزا بدرێن.
نێچیرڤان بارزانی لەراگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، به توندى ئیدانەی ئهو هێرشه تيرۆرستييه دهكات كه شهوى رابردوو كرايه سهر كێڵگهى كۆرمۆر، ئهو هێرشه دژى ژێرخانی ئابورى و خزمهتگوزارييه گشتييهكانی عیراق و هەرێمى كوردستانه و ههڕهشهيهكى راستهوخۆيه لهسهر ئاسايش و سهقامگيريى وڵات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئهرك و بهرپرسياريهتيى حكومهتى فيدراڵى عیراق و دامهزراوه ئهمنییه پهیوهندیدارهکانه و پێويسته به زووترین كات ههوڵی جدی بدهن و رێكارى پێویست و کاریگهر بگرنهبهر بۆ لێپێچينهوه و سزادانى ئهنجامدهرانى ئهم تاوانه و رێگهگرتن له دووبارهبوونهوهى.
دانەغاز ئاشکرایکرد، بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەمهێنانی غاز راگیراوە، دەشڵێت؛ بەهەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوچەکە لەکاتی خۆیدا زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.
کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی 'PJSC'راگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشە موشەکیەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێرشەكەی شەوی رابردوو بە موشەك ئەنجامدراوە و یەكێك لە كۆگاكانی غازی شلی كردووەتە ئامانج.
ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی هێرشەکەوە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و کارمەندانی کۆمپانیاکە سەلامەتن، بەڵام هەناردەكردنی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر راگیراوە.
دانەغاز راشیگەیاند، بەرهەمهێنانی غاز رادەگرن بۆ ئەوەی ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت و هەڵسەنگاندن بۆ زیانەكان بكرێت.
جەختیشدەکاتەوە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوچەکە، زانیاری نوێ لەکاتی خۆیدا دەخرێتەڕوو.
بەدرۆن هێرشكرایە سەر كێڵگەی كۆرمۆر بەهۆیەوە كارەبا زۆرینەی ناوچەكان پچڕا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانیش دەڵێت: ئەوانەی لەپشت ئەم هێرشانەوەن، دەدرێنە دادگا.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو، بە درۆن هێرشكرایە سەر كێڵگەی كۆرمۆر، كە بەشی پلانی ئەو كێڵگە كراواتە ئامانج بەهۆیەوە خەزانەی ئێڵ پی چیەكەی تەقییەوەتەوە لە ئەنجامدا ئاگرێگی گەورە كەوتوەتەوە.
هاوكات، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كارەبای هەرێم لە راگەیەنراوێكی هاوبەشدا رایانگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنیەكەوە بۆ سەر كێڵگەی كۆرمۆر تەواویی هەناردەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا راگیرا، بەهۆیەوە پێدانی كارەبای نیشتمانی بۆ پێنج سەعات كەمدەبێتەوە، راشیگەیاند، تیمەكانی هەردوو وەزارەتەكە، لەگەڵ كۆمپانیای داناغاز لەسەر هێڵن بۆ بەدواداچوونی لێكەوتەكانی رووداوەكە و ئاسایكردنەوەی بارودۆخەكە.
لای خۆشیەوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق رایگەیاند، ئەم هێرشە هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی گەلی عیراق دروست دەكات ئامانج لێیان رێگریكردن و دواخستنی هەوڵەكانە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری ئەمنیی و ئابوری.
راشیگەیاند، ئەو هێرشە كاردانەوەی نەرێنی لەسەر تۆڕی كارەبا بە تایبەتی لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی هەیە و زیان بە سامان و سەرچاوەكانی وزەی وڵات دەگەیەنێت، وتیشی، ئەوانەی لەپشت ئەم هێرشانەوەن، دەدرێنە دادگا، رێوشوێنی یاسایی یەكلاكەرەوە بەرانبەر دەگرێتەبەر.
هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایانگەیاند، بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر، هەناردەکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە تەواوی راگیراوە.
لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئەو دوو وەزارەتە ئاشکرایانکردووە، هێرشەکە سەعات 11:30ی ئەمشەو رویداوە و بەهۆیەوە گرفت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دروستبووە.
ئاماژە بەوەش دراوە، لە ئێستادا تیمەکانی هەردوو وەزارەت لەگەڵ کۆمپانیای "دانا غاز" لەسەر هێڵن بۆ بەدواداچوونی لێکەوتەکانی روداوەکە و هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە راگرتنی گەشتەکان دەکەن و رایدەگەیەنێت، گەشتەکان بەپێی خشتەی ئاسایی خۆیان بەردەوامن.
بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی فڕۆکەخانەکە لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەواڵی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان کە لە هەندێک پەیجی "فەیک" بڵاوکراوەتەوە، دورە لە راستییەوە و هیچ گرفتێک لە فڕۆکەخانەکەدا بوونی نییە.
فڕۆکەخانەی سلێمانی دڵنیایی دەداتە گەشتیاران کە گەشتەکان ئاسایین، هاوکات هۆشداریش دەدات کە رێکاری توندی یاسایی بەرامبەر هەر کەس و پەیجێک دەگرنەبەر کە هەواڵی ناڕاست بڵاودەکەنەوە و دڵەڕاوکێ بۆ هاووڵاتیان دروست دەکەن.
ئەم روونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ چوارشەممە 26-11-2025، بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە ماڵپەڕی فڕۆکەخانە لەکارکەوت و ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی دەنگۆ.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی گرفتێکی تەکنیکییەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە بەشێک لە ماڵپەڕی دامەزراوەکان لەکارکەوتوون.
بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی فڕۆکەخانەکە لە ئاگادارییەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی چارەسەرکردنی بەپەلەی گرفتەکەن.
هاوکات داوا لە هاووڵاتیان و گەشتیاران دەکات، بۆ وەرگرتنی هەر زانیارییەک لەسەر گەشتەکان، پەیوەندی بە سەنتەری زانیاریی فڕۆکەخانەوە بکەن لە رێگەی ئەم ژمارە تەلەفۆنەوە:
(07702229990)
سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، وەک یەکەمین دادگا لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی رەسمی سیستمی "ڤیدیۆ کۆنفرانس"ی بۆ دادگاییکردنی تۆمەتباران خستەکار.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26-11-2025، بە سەرپەرشتیی دادوەر عومەر ئەحمەد محەمەد، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، قۆناغێکی نوێی خزمەتگوزارییە ئەلکترۆنییەکانی دادگا دەستیپێکرد، کە بریتییە لە دادگاییکردنی تۆمەتباران لەڕێگەی دەنگ و رەنگەوە (ڤیدیۆ کۆنفرانس) و بە شێوەیەکی پراکتیکی لە دادگای نەوجەوانانی سلێمانی جێبەجێ کرا.
ئەم سیستمە نوێیە کە بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی منداڵان و ژنان ئەنجام دەدرێت، چەندین ئامانجی هەیە، لەوانە: کارئاسانی بۆ پۆلیس و کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوە، دابینکردنی ئارامی و پاراستنی سەلامەتیی تۆمەتباران، بەجۆرێک تۆمەتبار لە شوێنی مانەوەی خۆیەوە و لە رێگەی شاشەوە پرۆسەی دادگاییکردنەکەی بۆ ئەنجام دەدرێت.
دادوەر سۆران ئیبراهیم عارف، سەرپەرشتیاری بۆردی سیستمی ئەلکترۆنیی دادگا رایگەیاند، ئەم خزمەتگوزارییە تەنها لە بەشێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکان کاری پێدەکرێت و دادگای سلێمانی پێشەنگ بووە لە تاقیکردنەوە و خستنەکاری ئەم سیستمە لەسەر ئاستی عیراق.
جێی ئاماژەیە، پێشتر ئەم سیستمە وەک قۆناغی یەکەم لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی/1 بە سەرکەوتوویی تاقیکرابووەوە.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دەڵێت، یەکێتی بەشداری لە حکومەتێکدا ناکات کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان نەکات.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عیراق و پێکەوە لەبارەی پێکهێنانی هەردوو حکومەتی داهاتووی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان کرد.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆسەی سیاسیی عیراق لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵ کرا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت حکومەتی داهاتووی عیراق گرنگی بە پرۆسەی گەشەپێدان و هەمەچەشن کردنی ئابووریی عیراق بدات و زەمینەی گونجاو بڕەخسێنێت بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی لە هەموو کەرتەکان و لە هەموو ناوچە جیاوازەکانی عیراق.
جەختیشی کردەوە کە ئەرکی هەردوو حکومەتی داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستانە کێشەکانی نێوانیان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و بەپێی دەستور چارەسەر بکەن و پێکەوە کاربکەن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی ئابووریی عیراق و کوردستان.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێم و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمیش، قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە کە حکومەتی داهاتووی هەرێم دەبێت بەپێی پرەنسیپی هاوبەشیی راستەقینە پێکبهێنرێت.
جێگری سەرۆک وەزیران وتیشی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداری لە حکومەتێکدا ناکات کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان نەکات.
وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، بەهۆی ئەنجامدانی کاری چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکانی کارەبا، لە چەند مانگی داهاتوودا هاووڵاتیان روبەڕوی پچڕانی کاتیی کارەبا دەبنەوە.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، وەک بەشێک لە کارەکانی "پرۆژەی روناکی"، تیمەکانیان بەردەوام دەبن لە چاککردنەوەی تۆڕی کارەبای نیشتمانی بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، لە کاتی کارکردنی تیمەکانیشدا ئەگەری هەیە بۆ ماوەیەکی کاتی کارەبا لەسەر هاووڵاتیان ببڕێت.
وەزارەتی کارەبا هاووڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە کە لەکاتی هەر پچڕانێکدا، خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و ژێرخانە گرنگەکان بەردەوام دەبن لە کارکردن و هەوڵدەدرێت بە زووترین کات کارەبا بگەڕێنرێتەوە، بۆیە داوای "پشودرێژی" لە هاووڵاتیان دەکەن.
جێی ئاماژەیە، لەکاتی بونی هەر بەرنامەیەکی پێشوەختە بۆ پچڕانی کارەبا، هاووڵاتیان ئاگادار دەکرێنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەت هانی هاووڵاتیان دەدات خۆیان لە "پرۆژەی روناکی" تۆمار بکەن بۆ ئەوەی لە رێگەی کورتەنامەوە ئاگادارییەکان پێیان بگات.
وەفدێکی یەکێتی و یەکگرتوو لە شاری سلێمانی کۆبونەوە و دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتوو بۆ کۆبونەوەی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکە بوو، جیا لەوەش گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سەر گۆڕەپانی هەرێمی کوردستان و عیراق کرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی،هەڤاڵان سەرکەوت زەکی و دکتۆر یوسف گۆران، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشوازیان لە وەفدێکی باڵای یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کرد کە پێکهاتبوو لە بەرێزان مستەفا عەبدوڵڵا و سەمیر سەلیم، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو
تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکە، پێشکەشکردنی دەستپێشخەرییەکی یەکگرتووی ئیسلامی بوو بۆ کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی عیراق،.
هەروەها ، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سەر گۆڕەپانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی یەکڕیزی و هەڵوێستی هاوبەشی لایەنە کوردستانییەکان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پاراستنی دەستکەوتەکان.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێم رایگەیاند، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و خزمەتی زیاتری ئەو کەسانەی کە ناویان بۆ فەریزەی حەج دەرچووە، بڕیاریدا، بەدرێژکردنەوەی ماوەی رایی کردنی مامەڵەکانیان و رادەستکردنی تێچووی حەج بۆ ماوەی هەفتەیەک.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی ئەوقافی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەیان بەوەکردوە؛ بۆ ماوەی هەفتەیەک وادەی مامەڵەکردن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ درێژکراوەتەوە.
ئەوەشیان خستوەتەڕوو بڕیارەکە لەپێناو هاوکاری و خزمەت گەیاندنی زیاتر بەو کەسانەی، کە دواکەوتوون لە راییکردنی مامەڵەکانیان دراوە، تاوەکو لەو ماوەیەدا بتوانن مامەڵەکانیان رایی بکەن و مافی گەشتکردنیان بۆ فەریزەی حەج نەفەوتێت.
پێشتر وەزارەتی ئەوقاف، (27-11-2025)ـی وەک کۆتا وادە دانابوو بۆ تەواوکردنی مامەڵەکان، بەڵام بە گوێرەی ئەم راگەیەندراوە، رۆژی پێنجشەممە، (4-12- 2025) کۆتا وادەیە بۆ ئەنجامدانی مامەڵەکانیان و بۆ ئەم مەبەستەش نووسینگەکانی حەج و عومرە لەسەرجەم شار و ئیدارە سەربەخۆکان لە سەعات 8:30ی بەیانی مامەڵەی حەجخوازان رایی دەکەن تاوەکو سەعات چواریی ئێوارە.
رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كارگێڕی و سەرچاوەكان گەشتێك بۆ وڵاتانی عیراق و توركیا و ئیسرائیل ئەنجامدەدات و لە سەردانەكەشی بۆ عیراق، كونسوڵخانەی نوێی ئەمریكا لە هەولێر دەكاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڵاویكردەوە، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو مایكڵ ریگاس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گەشتێك بۆ وڵاتانی عیراق و توركیا و ئیسرائیل ئەنجامدەدات، گەشتەكەش تاكو رۆژی 5ی مانگی داهاتوو دەخایەنێت.
ئەوەشی خستووەتەڕو، ئامانج لە گەشتەكەی مایكڵ ریگاس بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەختكردنەوەیە لە پابەندبوونی ئەمریكا بۆ پێشخستنی سەقامگیری و ئاسایش و ئازادی ئایینی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەكە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راشیگەیاندووە، مایكڵ ریگاس لە پەراوێزی سەردانەكەی بۆ عیراق، زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ لێپرسراوانی حكومەتی عیراق ئەنجامدەدات و دامەزراوە دیپلۆماسییەكانی ئەمریكاش لە عیراق بەسەردەكاتەوە، هەروەها كونسوڵخانەی نوێی ئەمریكا لە هەولێر دەكاتەوە.
کەشناسی هەرێم کەشی پێشبینیکراوی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردوەتەوە و بە گوێرەی پێشبینیەکانیش کەش ناجێگیر دەبێت و لە چەند ناوچەیەکی هەرێم نمەباران دەستپێدەکات و پلەکانی گەرماش بەراورد بە دوێنێ دادەبەزن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەی گشتی کەشناسی بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویکردوەتەوە، کەش ناجێگیر دەبێت و لە پارێزگای سلێمانی و بەشێک لە ئیدارەی راپەڕین و ناوچە سنووریە شاخاوییەکان ئەگەری بارینی نمەباران هەیە و ناسەقامگیری کەشوهەواش تا کاتەکانی شەو بەردەامی دەبێت.
کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردوە؛ بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە
لەبارەی کەشی سبەینێشەوە ئاماژەی بەوەکردوە؛ ئاسمان پەڵە هەور و ناوچە شاخاوییەکان نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرماش بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمرۆ زیاتر نزمدەبێتەوە.
بەگوێرەی کەشناسی بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەمشیوەیە دەبێت؛
هەولێر : 22 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 18 پلەی سیلیزی
دهۆک : 20 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 20 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 23 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 18 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 24 پلەی سیلیزی