قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە جانێت ئەلبێرتا، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عیراق و پێکەوە گفتوگۆیان لەبارەی قۆناغی دوای هەڵبژاردنەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەچوو، تاوتوێی دۆخی سیاسیی عیراق دوای هەڵبژاردنەکان کرا. قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، عیراق پێویستی بە پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بە‌هێز و خزمەتگوزار هەیە کە جێی رەزامەندی هەموو پێکهاتەکان بێت، هاوکات بتوانێت بە هاوکاری لەگەڵ هەرێم کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەپێی دەستور چارەسەر بکات.

سەبارەت بە یەکڕیزیی لایەنەکان، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە هەماهەنگ و هاوکاربن بۆ ئەوەی پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز بکەنەوە و وتی: "کاتێک هەرێم بەهێز دەبێت کە پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز بێت."

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە چۆنێتی بەهێزترکردنی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان هەرێم و هۆڵەندا کرا. قوباد تاڵەبانی داوایکرد کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی هۆڵەندا بەشدارییەکی کاریگەرتریان لە پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستاندا هەبێت، بەتایبەت لە بوارەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا کە دەرفەتی باشی وەبەرهێنانیان تێدایە.