قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە جۆشوا هاریس، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق و پێکەوە تاوتوێی رەوشی سیاسیی عیراق و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان کرد.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی گویندەلن گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم بەڕێوەچوو، باس لە پرۆسەی سیاسیی عیراق لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کرا، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا عیراق پێویستیی بە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارایە کە بتوانێت سەروەری و سەربەخۆیی عیراق بپارێزێت و هاوکات بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بەپێی دەستور بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات.

هەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران روونیشی کردەوە، عیراقێکی بە‌هێز هەڕەشە نییە بۆسەر هەرێم، بەڵکو بە پێچەوانەوە کورد دەبێت بەشێک بێت لە عیراقێکی بەهێز بۆ ئەوەی پێگەی هەرێمیش بەهێزبێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی پرۆسەی گەشەپێدانی عیراق و هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد، کە ئەرکی حکومەتی داهاتووی عیراقە زەمینەی گونجاو بۆ پرۆسەی گەشەپێدان بڕەخسێنێت و ئاسانکاری تەواوبکات، بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و بە تایبەتیش وەبەرهێنەرانی ئەمریکی بۆ ئەوەی لە عیراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا وەبەرهێنان بکەن و یارمەتیدەربن لە گەشەپێدانی ئابوری عیراق و کوردستان.