قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دی ژنان پەیامێکی بڵاوکردەوە
راهۆز
٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە هەموان پێکەوە کار بۆ دانانی پلان و ستراتیژێکی نیشتمانی بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی دیجیتاڵی لە کوردستان.
قوباد تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، کورد نەتەوەیەکی "بە شانسە" کە خاوەنی کولتورێکە سەرەڕای هەندێک کەموکوڕی، بەڵام دەوڵەمەندە بە رێزگرتن لە پێگەی ژن لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا، ئەو ئازایەتییەی ژنانی خەباتکاری کوردیش کە جیهانیان سەرسام کردووە، بەشێکی گرنگی سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کولتورە دەوڵەمەندەی کە "پیاوەکان سەری رێز و شکۆ لە ئاست ژنانی ئازا و ئازاددا دادەنوێنن".
جێگری سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردۆتەوە، پێویستە بە ئیلهام وەرگرتن لە کولتوری رەسەن و خۆگونجاندن لەگەڵ روحی سەردەم و بەها جیهانییەکان، کۆمەڵگە لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی پاکبکرێتەوە، هاوکات لەگەڵ پتەوکردنی دامەزراوەی خێزانی تەندروست، زەمینە بۆ بەشداریی کارای ژنان لە بوارەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بڕەخسێنرێت.
سەبارەت بە دروشمی ئەمساڵ کە تایبەتە بە "کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی دیجیتاڵی"، قوباد تاڵەبانی نیگەرانی خۆی نیشانداوە لەوەی ساڵانێکە لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئەم دیاردەیە بە شێوەی جۆراوجۆر پەرەی سەندووە، بۆیە داوا دەکات بەبێ جیاوازی کار بۆ جێبەجێکردنی پلان و ستراتیژێکی نیشتمانی بکرێت بۆ بنبڕکردنی ئەم جۆرە لە توندوتیژی دژی ژنان.



