کوردستانکوردستان

342 خوێندکاری کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان لە زانکۆکانی کوردستان وەرگیران، وەزارەتی خوێندنی باڵاش رایگەیاند، کار ئاسانی تەواو بۆ سەرجەم ئەو خوێندکارانە دەکرێت کە وەرگیراون.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، لەسەر راسپاردەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا، رەزامەندى نیشاندرا لەسەر وەرگرتنى تەواوى دەرچووانى خوێندنگە کوردییەکانى کەرکوک و خانەقین و شەنگال و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کە ژمارەیان (342) دەرچووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ چەندین ساڵە کارئاسانى تەواو کراوە بۆ وەرگرتنى سەرجەم خوێندکارانی ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، بەتایبەت ئەو خوێندکارانەی لە خوێندنگە کوردییەکان دەخوێنن.

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی خستەڕوو، دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى هەرێم ده‌رگای پێشكه‌شكردنی لە رێگەى زانکۆلاین بۆ ده‌رچووانی پۆلی دوانزه‌ له‌ به‌شی خوێندنی كوردی له‌ ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌، له‌ ئه‌نجامدا بۆ ئەمساڵیش بە ئیمزاى د. ئارام محمد قادر وەزارەتەکەیان رەزامەندى نیشاندا لەسەر وەرگرتنى 342 خوێندکاری شارى کەرکوک و خانەقین و شەنگال و تەواوى ناوچە کوردستانییەکان لەزانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بەهەمان پێوەر و کۆنمرەى وەرگیراوى خوێندکارانى هەرێم بۆ ساڵى خوێدنى  (2026-2025).     

بۆ وەرگرتنەوەى ئەنجامى وەرگیراوان کلیک لەسەر ئەم بەستەرەى خوارەوە بکەن:

regayzanko.com

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری سلێمانی رایگەیاندوە؛ لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و سودمەندبونی زیاتر هاووڵاتییان، داشکاندن لە بەستنی پێوەری ئاو درێژکرایەوە  بۆ 1-4-2026، بڕیارەکە لە لایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە دەرکراوە  تایبەتە بە کێشەی پێوەری ئاو.

ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست کوردسات نیوز کەوتووە رایگەیاندوە، بە گشتاندنێکی گشتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بڕیاریداوە بە درێژکردنەوەی  داشکاندن لە بەستنی پێوەری ئاو بۆ ئەو ماڵانەی کە تا ئێستا پێوەرەکەیان نەبەستوە.

ئەم بڕیارە بە مەبەستی سودمەندبونی زیاتری هاووڵاتییانە و کۆتا وادەش بۆ داشکاندنەکە رێککەوتی (1-4) ساڵی ئایندەیە.

ئاماژەیان بەوەشکردوە ئەو هاووڵاتیانەی لەدەرەوەی سەنتەری شارەكانن نرخی کرێی ئاو لە 45 هەزارەوە کەمدەکرێتەوە بۆ 10 هەزار و بۆ سەنتەری شارەكانیش لە 45 هەزارەوە کەمدەکرێتەوە بۆ 20 هەزار دینار و لەم بڕەش داشکانی (٪20) بۆ دەکرێت بەو مەرجەی پابەند بێت بە بەستانی پێوەری ئاو .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ دوو شەممە، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم دواین ئاماری پرکردنەوەی خۆرمی خۆراکی بڵاوکردوەتەوە  و بە گوێرەی ئامارەکەی وەزارەتی بازرگانی  نزیکەی 300 هەزار هاووڵاتیی فۆڕمەکەیان پڕنەکردوەتەوە و پارێزگای هەڵەبجەش بە ڕێژەی %96.8 بەرزترینە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بازرگانی هەرێم رێژەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە لە پارێزگاکان بەم شێوەیە؛

هەولێر؛ %94.14

سلێمانی؛%93.68

دهۆک؛%93.67

هەڵەبجە؛%96.68

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ئەوەشی خستوەتەڕوو، کۆی گشتی پڕکردنەوەی فۆڕمی خۆراکی ئەلیکترۆنی لە هەرێم گەشتوەتە%93.91 و تەنها 294هەزار و 432 هاووڵاتی فۆڕمەکەیان پڕنەکردوەتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردوەتەوە، لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا، بڕیار وایە ئەمڕۆ وەفدێکی کۆمسیۆنی ئاشتی  لە پەرلەمانی تورکیا بچنە دورگەی ئیمڕاڵی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) کۆببنەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیاکان، وەفدەکە لە سێ پەرلەمانتار پێکدێن، کە گوڵستان کڵیچ کۆچیگت ئەندامی فراکسیۆنی دەمپارتی،  فەتی یەڵدزی جێگری سەرۆکی مەهەپە و  حوسێن بایمان لە پارتی داد و گەشەپێدانن.

لەم سەردانەی وەفدەکەدا، گوێ بۆ ئۆجالان دەگرن و راو سەرەنجەكانی لەسەر چۆنیەتی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا تۆمار دەكەن، بڕیار وایە کۆنوسی ئەم کۆبوونەوەیە بۆ ماوەی 10 ساڵ بە نهێنی بهێڵرێتەوە.

میدیاکانی تورکیا ئەوەشیان خستوەتەڕوو، وەفدەکە لە رێگەی هێلیکۆپتەرەوە دەچنە دورگەی ئیمڕاڵی.

چونی ئەم شاندە لە کاتێکدایە  هەینی رابردوو لە هەژدەهەمین کۆبوونەوەی خۆیدا، پەرلەمانی تورکیا  بە زۆرینەی دەنگ کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان پەسەند کرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هەسەدە رایگەیاندوە، جارێکی دیکە لەلایەن گروپەکانی سەر بەحکومەتی دیمەشقەوە هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان لە یەکێک لە لادێکانی رۆژهەڵاتی دێرەزور.

هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا رایانگەیاندوە؛ لە پێشێلکارییەکی نوێدا، گروپەکانی  سەر بە حکومەتی دیمەشق، ڕاستەوخۆ یەکێک لە پێگەکانیان لە شارۆچکەی غەرانیج لە رۆژهەڵاتی لادێی دێرەزۆر کردە ئامانج.

ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ گروپەکانی سەر بەحکومەتی دیمەشق هێرشەکەیان لە کەناری رۆژئاوای رووباری فوراتەوە دەستپێکرد

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە؛ لە ئەنجامی هێرشەکەدا، یەکێک لە ئەندامەکانیان بە سەختی بریندراو بووە و گواستویانەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

ئەمە لە کاتێکدایە، سەرەڕای بونی ئاگربەست لە نێوان هەسەدە  و حکومەتی دیمەشق  وهەوڵەکان بۆ تێکەڵ بونی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ حکومەتی دیمەشقدا، ناو بەناو شەڕ لە نێوانیاندا رودەدات و هەردوولا یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە شکاندنی ئاگربەست

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، حزبەکەی بەدوای پۆستەوە نییە، بەڵکو داوای "هاوبەشیی راستەقینە" و گۆڕینی شێوازی حوکمڕانی دەکات و هۆشداریش دەداتە پارتی لە دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو.

لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "پانۆراما"ی کەناڵی کوردسات نیوز، سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم حکومەتێکی "بنکە فراوان" بێت تا بتوانێت رووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی ئەم قۆناغە ببێتەوە.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی روونیکردەوە، لە بانگەشەی هەڵبژاردندا یەکێتی باسی لەوە نەکردووە کە حکومەت پێکناهێنێت، بەڵکو تێبینییان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن هەبووە، وتیشی: "یەکێتی کێشەی لەگەڵ شێوازی حوکمڕانی هەیە نەک پۆست لە حکومەتی هەرێم".

سەبارەت بە ئەگەرەکانی پێکهێنانی حکومەت بەبێ یەکێتی، پیرە بە راشکاوی وتی: "پارتی پێشتر ئەزموونی پێکهێنانی حکومەتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان تاقیکردەوە و سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە ئەگەر ئێستاش بیەوێت بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنێت، ئەوا هەمان هەڵە دووبارە دەکاتەوە".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کردنەوەی دەرگای خوێندنی ماستەری لە کۆریای باشور بۆ فەرمانبەران و مامۆستایانی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم راگەیاند.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەت، وڵاتی کۆریای باشور لەرێگەی ئاژانسی کۆریا بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی (KOICA)، ژمارەیەک کورسی ماستەری لە پێنج بواری جیاوازدا بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان کردووە.

ئیمتیازاتەکان:

خاڵی جەوهەریی ئەم سکۆلارشیپە ئەوەیە، کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی کۆریاوە پشتگیریی دارایی تەواو دەکرێت بۆ خەرجییەکانی خوێندن و ژیان، هاوکات لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکانەوە.

مەرجەکانی پێشکەشکردن:

  • پێشکەشکار دەبێت فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم.

  • لانی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت دوای بەدەستهێنانی دواین بڕوانامە.

  • کۆنمرەی بەکالۆریۆسەکەی لە (65%) کەمتر نەبێت.

  • باشترە تەمەنی لە (40) ساڵ کەمتر بێت.

  • دەبێت بوارەکەی لەگەڵ بڕوانامەی بەکالۆریۆسەکەیدا یەک بگرێتەوە (واتە بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).

چۆنێتی پێشکەشکردن:

خوازیاران دەبێت سەرەتا لە رێگەی ماڵپەڕی کۆیکاوە فۆرم پڕبکەنەوە، دواتر تا رێکەوتی 14ی کانوونی یەکەمی 2025 (14/12/2025)، فۆرمی کۆیکا و بەڵگەنامەکان بە هەردوو شێوەی (هارد کۆپی و سۆفت کۆپی) رادەستی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بکەن.

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەم لینکانەی وەک هاوپێچ بۆ هەواڵەکە داناوە:


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تۆمەتباری روداوی تەقەکردنەکەی نیوەڕۆی دوێنێ سلێمانی دەستگیرکرا، ئاسایشی سلێمانیش رایگەیاند، سێ هاوکاری دیکەی تۆمەتبارەکە دەستگیرکراون.

بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە، نیوەڕۆی دوێنێ 22ـی11ـی2025  لەشاری سلێمانی هاووڵاتییەک تەقە لەئامۆزایەکی دەکات و بەسێ گوللـە برینداری دەکات و هەڵدێت.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لەسەر روداوەکە دەستبەجێ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد، هەروەها بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش تۆمەتباری تەقەکەری روداوەکە و سێ هاوکاری دەستگیرکران.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش بەماددەی  31/405 دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.

 

بۆبینینی ساتی روداوی تەقەکردنە کلیک لێرە بکە............

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت: بەبێ یەکێتی حکومەتی هەرێم پێکنایەت، ئەو هەڕەشانەی کە دەشکرێت کە بەبێ یەکێتی حکومەت پێکدەهێنردرێت تەنها هەڕەشە و گوڕەشەن.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دیدی یەکێتی بۆ عیراقێکی سەربەخۆیە و دەبێت عیراق بەهێز بێت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەهێز بێت.

وتیشی، دەبێت تەواوی لایەنەکان بەشداری لە حکومەتی نوێی عیراق بکەن، بۆ ئەوەی حکومەتێک پێکبهێندرێت کە خزمەت بە هەموو کۆمەڵانی خەڵک بکات بەبێ جیاوازی.

قوباد تاڵەبانی ئاشکراشیکرد، كابینەی داهاتووی عیراق پرسی موچە و نەوتی هەرێم یەكلا دەكاتەوە، دەشڵێت،  دەچنە بەغداد بۆ ئەوەی كێشەكان لە رێی یاساوە یەكلا بكەنەوە و هەوڵیش دەدەن بۆ ئەمساڵ هیچ موچەیەك نەفەوتێت.

سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت، ئەو هەڕەشانەی کە دەکرێت بەبێ یەکێتی حکومەت پێکدەهێنردرێت تەنها هەڕەشە و گوڕەشەن.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، لە چوار ساڵی رابردوودا پڕۆژەکان لە سلێمانی بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، هەروەها پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان نەوەستاون و ناوەستن.

"سلێمانی لە چەند ساڵی رابردوودا لەسەر ئاستی عیراق لە پلەی یەکەمدا بووە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و جوڵەی بازرگانی"، قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەو کەسانەی ناویان بۆ حەجی ساڵی 2026 دەرچووە پێویستە تا رۆژی پێنجشەممە سەردانی نوسینگەکانی حەج و عومرە بکەن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، ئاگاداری هەموو ئەو کەسانە دەکاتەوە کە بۆ حەجی 2026 ناویان لە تیروپشکی حاجیان دەرچووە، بە زووترین کات تا رۆژی پێنجشەممە 27ـی11ـی2025سەردانی نوسینگەکانی حەج و عومرە بکەن لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بە مەبەستی تەواوکردنی مامەڵەکانیان و دانانی تێچووی حەج.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر کەسێک لە ئەنجامدانی مامەڵەکانی دوا بکەوێت خۆی بەرپرسیار دەبێت.

حەج و عومرەی کوردستان داواش دەکات، بڕی حەوت ملیۆن و 100 هەزار دینار وەک تێچووی حەج ئامادەبکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە پاسپۆرتی رەسەن و کۆپییەکی رەنگاوڕەنگ لە پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری لەیەک لاپەڕەدا کۆپی بکرێت، هەروەها وێنەیەکی رەنگاورەنگیان پێبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە 48 سەعاتی داهاتوودا ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما روو لە نزمبوونەوە دەکەن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و رایەگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێک پەڵە هەور، هاوکات پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لەتۆمارکراوەکانی دوێنێ.

ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ پلەکانی گەرما کەمێک روو لە نزمبوونەوە دەکەن، بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کەشناسی عیراق رایگەیاندووە، سبەینێ لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر : 24 پلەی سیلیزی

سلێمانی : 21 پلەی سیلیزی

دهۆک : 22 پلەی سیلیزی

زاخۆ : 22 پلەی سیلیزی

کەرکوک : 25 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 20 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 26 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و تیژینەوەی زانستی رایگەیاندوە؛ بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027، لە وڵاتی هەنگاریا، 30 دەرفەتی خوێندن 10 ماستەر و 20 دکتۆرا بۆ فێرخوازان و هاووڵاتییانی هەرێم رادەگەیەنێت.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی خویندنی باڵادا هاتووە، دەبێت کەسەکە هاووڵاتی هەرێم بێت و  خوێندنیش بە زمانی ئینگلیزییە دەبێت،  15ـی1ـی 2026 دوا وادەیە بۆ پێشکەشکردن.

 زانیاری زیاتر و دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا؛

 وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زەمالەى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە وڵاتى هەنگاریا بۆ ساڵى خوێندنى (2026-2027) رادەگەیەنێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئەو وڵاتە (30) دەرفەتى خوێندن کە (10 ماستەر و 20 دکتۆرا)یە بۆ فێرخوازان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان راده‌گه‌ێنێت.

 

لەم لینکەى خوارەوە وردەکارى زەمالەکە خراوەتەڕوو:

www.stipendiumhungaricum.hu

- پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.

- پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی کرداری هەبێت تا (2026/9/1) لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە.

- بۆ کاندیدانی دکتۆرا، سەبارەت بە دەرچوانی بەرنامەی تواناسازی، دەبێت پابەندی ئەو گرێبەستە بن کە پێشتر لەگەڵ وەزارەت واژۆیان کردوە.

- خوێندن لەم زەمالەیە بە زمانی ئینگلیزییە، دەبێت پێشکەشکار بە لایەنی کەم ئاستی زمانی ئینگلیزی (5) IELTS یان هاوتاکەی لە تاقیکردنەوە ستانداردەکانی دیکەی توانستی زمان هەبێت کە بریتین لە (TOEFL IBT, PTE ) وەک خشتەی بەراوردکاری هاوپێچە.

- لەکاتی پێشکەشکردن بەڵگەنامە رەسەنەکان بە وەزارەتەکەمان پێویستە تێستی زمان بەسەرنەچوو بێت.

- ئەو پێشکەشکارانەی دوایین بڕوانامەیان بە زمانی ئینگلیزی خوێندوە، لەکاتی پێشکەشکردنی بەڵگەنامە رەسەنەکان ئەگەر تاقیکردنەوەی ئاستی زمانی ئینگلیزی نەبوو، داواکارییەکەی وەردەگیرێت.

- داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ خوێندن پێشکەش بکات. (واتا بۆ خوێندنی ماستەر؛ بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت هەروەها بۆ خوێندنی دکتۆرا؛ دەبێت ماستەر و دکتۆراکەی هەمان بوار بێت).

- ئەم زەمالەیە پشتگیری مۆڵەتی هاوڕێیەتی هاوسەری ناکات، هەروەها پرۆسێسی وەرگرتنی ڤیزای هاوسەر و منداڵ ناکرێت.

- کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لە لایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت؛ واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.

- لە کاتی داواکردنی بەڵگەنامە رەسەنەکان، ئەگەر داواکار فەرمانبەر یان مامۆستا بوو، دەبێت نوسراوی لاری نەبون لە فەرمانگەکەی خۆیەوە پێشکەش بە وەزارەتەکەمان بکات.

- کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی هەنگاریا، بۆ خوێندنی ماستەر مانگانە بری نزیکەی (110) یۆرۆ و بۆ خوێندنی دکتۆرا مانگانە بری نزیکەی (355 - 460) یۆرۆی وەک دەرماڵەی مانگانە پێدەدرێت، هەروەها بیمەی تەندروستی و کرێی خوێندن و بەشی ناوخۆیی لە زانکۆ بۆ دابیندەکرێت، بەڵام کرێی فڕۆکەی بۆ دابین ناکرێت. (بۆ زیاتر وردەکاری تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن).

- دوای دەرچونی ئەنجامی بەرایی لە لایەن هەنگاریاوە، وەزارەتەکەمان لەسەر بنەمایی رێنمایی ژمارە (5) ی سالی 2021 کاندیدەکان هەڵدەبژێرێت.

- ئەگەر کاندیدی سەرکەوتوو پاشگەز بوەوە، یان داوای دواخستنی خوێندنەکەی بکات یا بەردەوام نەبوو لە خوێندن، ئەوا ناوی دەخرێتە لیستی رەش، جارێکی دیکە بۆی نییە داواکاری پێشکەش بە هیچ بەرنامەیەکی خوێندنی باڵا لە ناوخۆ و دەرەوە بکات.

- ئەگەر کاندید پاشگەزبوەوە یان وازی لە خوێندنەکەی هێنا، ئەوا بڕی ئەو کەفالەیەی بەرامبەر خوێندنەکەی لە کاتی مامەڵەی مۆڵەتی خوێندن بۆ ئەوانەی فەرمانبەرن یان دەرکردنی فەرمانی وەزاری پەیوەندیکردن بە خوێندن بۆ ئەوانەی فەرمانبەر نین پێشکەش دەکرێت، لێیان وەردەگیرێت.

- هەر کاتێک کاندید بەڵگەنامەی نادروست پێشکەش بە لایەنی هەنگاریا یان وەزارەت بکات، ئەوا دەخرێتە لیستی رەش و زەمالەکەی هەڵدەوەشێندرێتەوە.

- دوا مۆڵەت بۆ پێشکەشکردن بریتییە لە (2026/1/15).

- ئەو خوازیارانەی دکتۆرا کە پێشتر بۆ خۆیان قبوڵی خوێندنیان وەرگرتوە یان ڕەزامەندی سەرپەرشتیاریان بەدەستهێناوە، هەلی وەرگرتنیان لەم سکۆلەرشیپە زیاترە.

- پێشکەشکردن راستەوخۆ تەنیا لە رێگەی ماڵپەری سەرەکی زەمالەکە (هەنگاریا) دەبێت.

بۆ زانیاری زیاتر و پێشکەشکردن، تکایە سەردانی ئەم لینکە بکەن: www.stipendiumhungaricum.hu

لەبەر ئەوەی پێشکەشکردن راستەوخۆ لەرێگەی ماڵپەری زەمالەکەیە، تا دەرچونی ئەنجامی بەرایی، وەزارەت هیچ فایلی لەبەردەست نییە تا کاری لەسەر بکات، بۆیە تا دەرچونی ئەنجامی زەمالەکە لە ڕێگەی ماڵپەری وەزارەتەکەمان، بە هیچ شێوەیەک سەردانی وەزارەت مەکەن.

بۆ زانیاری تەنها ئەو زانکۆ و پسپۆڕییانەی کە لە سیستەمەکە بۆ فێرخوازانی هەرێمی کوردستان کراوەیە، دەکرێت داواکاری پێشکەش بکرێت.

خشتەی بەراوردکاری زمانى ئینگلیزى؛

https://drive.google.com/.../1NYPglCO0D.../view...

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای شەش رۆژ لەبێسەروشوێنبونی مەهدی محەمەد، تەمەن 25 ساڵ لە روباری سیرواندا تەرمەکەی دۆزرایەوە.

 ئەمڕۆ شەممە، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، تەرمی مەهدی محەمەدیان لە روباری سیرواندا دۆزیوەتەوە، و تا ئێستا  هۆکاری دیارنەمانی و گیانلەدەستدانیشی دیار نییە.

مەهدی محەمەد شەش رۆژ  پێش ئێستا لەماڵ هاتە دەرەوە و دواتر بە وتەی بنەماڵەکەی هیچ هەواڵێکی نەبووە و  دواین جار لە دیمەنی كامێرای چاودێری لە سنوری خانەقین بینرا بوو.

کەسوکار و هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە لە ماوەی ئەو شەس رۆژەدا لە هەوڵی دۆزینەوەیدا بوون

تا ئێستا کەسوکاری مەهدی  هۆکاری ونبوونەکەی نازانن و دۆزینەوەی تەرمی کورەکەشیان لە روباری سیرواندا بوەتە جێی پرسیار، لە دوای زۆزینەوەی ترمەکەشی هیچ لێدوانێکییان نەداوە بۆ میدییاکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە شاری سلێمانی "لوتکەی نیشتمانیی سلێمانی بۆ کارسازی" دەستیپێکرد کە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت و ئامانجی سەرەکیی کۆکردنەوە و پاڵپشتیکردنی پڕۆژەی گەنجانە.

عەلی عومەر، دامەزرێنەری لوتکەکە لە وتەیەکدا رایگەیاند، بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە پێشکەش دەکرێت.

وتیشی: "ئامانجمانە پڕۆژەی سەرجەم ئەو بەشداربووانە کۆبکەینەوە کە لەم لوتکەیەدا کار دەکەن، تاوەکو بتوانین پاڵپشتی لە گەنجان بکەین و بیرۆکەکانیان بخەینە سەر کار".

لای خۆیەوە دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بەشداری لە لوتکەکەدا کرد و رایگەیاند، دیاریکردنی سلێمانی بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە یەکێکە لە بژاردە راستەکان.

پارێزگاری سلێمانی هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "سلێمانی یەکێکە لەو پایتەختانەی بە بڕیاری سیاسی دروستکراوە"، بۆیە شوێنێکی گونجاوە بۆ دەستپێشخەرییە نیشتمانی و کارسازییەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، ئەو کەسەی شەوی رابردوو لە عەلوەی سلێمانی شۆفێرێکی بارهەڵگری کوشت، خۆی رادەست کردووە و بەپێی مادەی 406 لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت. 

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ئاسایش، رووداوەکە شەوی رابردوو (20ی تشرینی دووەمی 2025) روویداوە. سەرەتا لە رێگەی نێوان کەلار - سلێمانی دەمەقاڵێ لەنێوان دوو شۆفێری بارهەڵگردا دروستبووە.

دوای گەیشتنیان بە عەلوەی سلێمانی، جارێکی تر گرژی کەوتووەتە نێوانیان و یەکێک لە شۆفێرەکان بە "دەرنەفیز" هێرشی کردووەتە سەر ئەوی دیکە و بە سەختی برینداری کردووە، پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، دوای بەدواداچوون، تۆمەتبارەکە خۆی رادەست کردووە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادان راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما زیاتر بەرز دەبنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما یەک بۆ دوو پلە زیاتر بەرزدەبنەوە بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.

ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ شەممە، ئاسمان ساماڵ  و پەڵە هەور دەبێت پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبنەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر : 24 سیلیزی

سلێمانی : 22 سیلیزی

دهۆک : 22 پلەی سیلیزی

زاخۆ  : 23  پلەی سیلیزی

کەرکوک : 25 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 21 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 26 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...128129130131132...992