هێشتا 10 رۆژی ماوە بۆ کۆتایی مانگی حەوت، بەڵام دابەشکردنی موچە لە عیراق دەستی پێ کردووە.
بێستون سەلام، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: ئەمڕۆ لە عیراق، دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی حەوت کراوە و کۆمپانیای نەوتی باکور کە سەر بە وەزارەتی نەوتە، موچەیان وەرگرتووە.
ئامادەكارییەكانی لیستی موچەی مانگی تەمموز لە سەرجەم وەزارەتەكان تەواوبووە و سبەینێ رەوانەی وەزارەتی دارایی هەرێم دەكرێت، بڕیاریشە هەر لەم هەفتەیەدا لیستەكە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی رابردوو رەوانەی بەغداد بكرێت.
سەرچاوەیەك وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئامادەكارییەكانی لیستی موچەی مانگی تەمموز لە سەرجەم وەزارەتەكان تەواوبووە و سبەینێ رەوانەی وەزارەتی دارایی هەرێم دەكرێت.
وتیشی، بڕیارە لەماوەی چەند رۆژێكدا وردبینی و رێككارە یاساییەكانی لیستەكە لە وەزارەتی دارایی تەواو بكرێت و هەر لەم هەفتەیەدا لەگەڵ تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیران رەوانەی بەغداد بكرێت.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ حكومەتی عیراق لە گفتوگۆدان بۆئەوەی بەزووترین كات رێوشوێنە كارگێڕیی و یاساییەكان بۆ لیستی موچە لە بەغداد تەواو بكرێت و پارە رەوانەی هەرێم بكرێت.
توندبوونی قەیرانی سووتەمەنی و كارەبا لە هەولێر و ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی لێكەوتوەتەوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، قەیرانی سووتەمەنی لە شاری هەولێر بە شێوەیەكی بەرچاو رووی لە زیادبوون كردووە، بە جۆرێك كە نرخی هەر سێ جۆرەكەی بەنزین بەرزبوونەوەی نوێیان بەخۆیانەوە بینیوە.
راشیگەیاند، سەرەڕای ئەم رەوشە سەختە، لایەنی پەیوەندیدار ئامادە نیە هیچ ڕوونكردنەوەیەك یان هۆكارێك لەبارەی ئەو بەرزبوونەوە كتوپڕەی نرخەكان ئاشكرا بكات.
وتیشی، ئەو گرانبوونە بارگرانییەكی زۆری بۆ هاووڵاتییان دروستكردووە، بەتایبەت شۆفێرانی تاكسی كە بژێوی رۆژانەیان ڕاستەوخۆ بە نرخی سووتەمەنییەوە بەستراوەتەوە.
ئاماژە بەوەشكرد، هەردوو پاڵاوگەی كار و لاناز توانای تەواویان هەیە كە بەنزین بۆ تەواوی هەرێمی كوردستان دابین بكەن، بەڵام تا ئێستا هۆكاری روون نییە بۆچی غاز و بەنزینی پێویست ناخەنە بازاڕەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخەكان.
هاوشانی قەیرانی سووتەمەنی، كەرتی وزەش ڕووبەڕووی قەیران بووەتەوە، بەجۆرێك سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە شێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووە، سەرەڕای ئەوەی خاوەن مۆلیدەكان نرخی ئەمپێری كارەبایان زۆر بەرزكردووەتەوە، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە بۆشایی نەبوونی كارەبای نیشتمانی پڕ بكەنەوە.
نرخی نەوت لە مامەڵە هەفتەیییەکاندا بە رێژەی زیاتر لە 4% بەرزبووەوە و بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی زیاتر لە مانگێکدا تۆمارکرد، ئەمەش دوای زیادبوونی ئاستی گرژی و پەرەسەندنەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە جارێکی تر بووە هۆی پەککەوتنی رۆیشتنی نەوت لە رێگەی گەروی هورمزەوە.
ئەمڕۆ شەممە، نەوتی خاوی برێنت 3.87 دۆلار زیادیان کرد و لە کاتی داخراندا گەیشتنە 88.10 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
هاوكات نەوتی خاوی رۆژاوای تێکساسی ئەمریکی 3.54 دۆلار بەرزبوونەوە و گەیشتنە 82.49 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بەمەش هەردوو جۆرەکەی نەوت بەرزترین ئاستی خۆیان لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە تۆمارکرد.
هەروەها هەردوو خاوەکە لەم هەفتەیەدا نزیکەی 16% بەرزبوونەتەوە، بەمەش نەوتی خاوی برێنت بەرەو تۆمارکردنی سێیەم قازانجی هەفتەیی لەسەریەک هەنگاو دەنێت و نەوتی ئەمریکیش بەرەو تۆمارکردنی دووەم قازانجی هەفتەیی لەسەریەک دەڕوات.
ئەمڕۆ هەینی، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا رووی لە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو کرد، ئەمەش بەهۆی چڕبوونەوەی هێرشە سەربازییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە ناوچەی کەنداو، کە بووەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ و پەککەوتنی جوڵەی بازرگانی و گواستنەوەی نەوت لە رێگەی گەروی ستراتیژیی هورمزەوە.
لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی خامی برێنت بە بڕی 1.05 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 85.28 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
هاوکات، خامی تێکساسی ئەمریکی بە بڕی 1.03 دۆلار رووی لە بەرزبوونەوە کرد و گەیشتە 79.98 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بەمەش توانی سەرجەم ئەو زیانانە قەرەبوو بکاتەوە کە لە خولی پێشووی بازاڕدا پێی گەشتبوو.
بەپێی ئامارە داراییەکان، هەردوو جۆرە خامە سەرەکییەکەی جیهان لەم هەفتەیەدا بازدانێکی گەورەیان تۆمارکردووە و بە رێژەی نزیکەی 12.0% بەرزبوونەتەوە.
بەمەش خامی برێنت بەرەو تۆمارکردنی سێیەم هەفتەی لەسەریەک لە گەشەکردن هەنگاو دەنێت، لە کاتێکدا نەوتی خامی ئەمریکی بەرەو تۆمارکردنی دووەم بەرزبوونەوەی هەفتانە دەڕوات.
سوتەمەنییە شلەکە، کە سەرچاوەی یەکەمی وزەیە لە جیهاندا نرخەکەی بەردەوام لە گۆڕاندایە و بەراورد بە دوێنێش هەریەکە لە نەوتی خاوى برێنت و تەکساسی ئەمەریکیش بەرزبونەوەیان تۆمار کرد، بەرمیلێک نەوتی برێنت لە سەرو 84دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەهۆی گرژییەکانەوە نرخی نەوت بە ناجێگیری ماوەتەوە، لە ئێستادا بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهان بە 84 دۆلار و 54 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
هاوكات جیا لە نەوتی برێنت، نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێكساسیش بە 79دۆلار و 31 سەنت لە بازاڕەکاندا مامەڵەی پێوە دەکرێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا لەگەڵ بۆردی وەبەرهێنانی گەرمیان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە 15ـی 7ـی 2026 بەڕێوەچوو، هەڵسەنگاندن کرا بۆ چۆنییەتی جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی کۆبوونەوەکەی مانگی نیسانی ئەمساڵی بۆردی وەبەرهێنانی گەرمیان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی.
جێگری سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە ئەندامانی بۆردەکە کرد کە خەمخۆرانە کاروبارەکان رادەپەڕێنن و داوایکرد بۆ گەشەپێدان و زیاتر ئاوەدانکردنەوەی گەرمیان زیاتر خۆیان ماندوو بکەن و جیاوازی لەنێوان ناوچەکانی گەرمیاندا نەکەن و بێ هیچ جۆرە جیاوازییەک لە هەر ناوچەیەک بەپێی تایبەتمەندیی ناوچەکە پڕۆژەی وەبەرهێنان جێبەجێ بکەن.
قوباد تاڵەبانی پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ بۆردی وەبەرهێنانی ئیدارەی گەرمیان دووپات کردەوە، وتیشی: هەموو ئەو فشارانەی لە رابردوودا کردوویەتی و ئێستاش دەیکات بەهۆی ئەو خۆشەویستییە زۆرەیەتی کە بۆ گەرمیان و گەرمیانییەکان هەیەتی و دەبێت لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵک و گەشەپێدانی دەڤەرەکە، ئەندامانی بۆردی وەبەرهێنان وەک یەک تیم پێکەوە کار بکەن و بۆ زیاترکردنی ئاستی وەبەرهێنان ئاسانکاری تەواو پێشکەشی وەبەرهێنەران بکەن.
وەزارەتی دارایی هەرێم، لیستی موچەی مانگی شەشی موچەخۆرانی هەرێمی بڵاوکردەوە.
بەپێی لیستەکە، لەماوەی سی رۆژدا موچەی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم دابەش دەکرێت.
رۆژی 15ـی مانگ دابەشکردنەکە دەستپێدەکات و رۆژی 18ـی مانگ کۆتاییدێت.

لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت، "بەغداد 120 ملیار دیناری لەکۆی تەمویلی موچە بڕیوە".
وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاندووە: تەمویلی موچەی مانگی حوزەیران خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتەکەمان.
وەزارەتی دارایی هەرێم دەشڵێت: زیاتر لە 841 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی، بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ 120 ملیار دیناری لە كۆی تەمویلی موچە بڕیوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم: زیاتر لە سێ ملیار دینار لە شایستەی موچەی مانگەكانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی نەنێردراوە
سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی موچە، وەزارەتی دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەداوە: دوای تەواوكردنی رێكارەكان و وەرگرتنی پارەكە بە كاش لیستی موچە بڵاودەكرێتەوە.
سەرچاوەیەکی تایبەت بۆ کوردسات نیوز ئاشکرایکرد ، حکومەتی عیراق بڕی زیاتر لە 841 ملیار دیناری وەک پارەی موچەی مانگی حوزەیرانی (شەش)ی فەرمانبەرانی هەرێم، خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار تایبەت بە کوردسات نیوزی رایگەیاند؛ بەغداد بە رەسمی پرۆسەی ناردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دەستپێکردووە و پارەکەی خستووەتەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عیراق.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕە پارەیەی کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ موچەی مانگی حوزەیران (مانگی شەش) خەرجکراوە، بڕەکەی زیاترە لە 841 ملیار دینار.
بەپێی زانیارییەکان بڕیارە لە ماوەکانی داهاتوودا و دوای تەواوبوونی رێکارە بانکییەکان، وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی ووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان رابگەیەنێت.
وەزارەتی دارایی عیراق رێکارەکانی بۆ خەرجکردنی موچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد
سەرچاوەیەکی تایبەت لە نێو وەزارەتی دارایی عیراقەوە بە محەمەد عەبدولرەحمان، پەیامنێری کوردسات نیوزی راگەیاند، رێکارەکان لە بەشی بودجە لە نێو وەزارەتی دارایی عیراقەوە دەستپێکردوە، لە دوای تەواو بوونی لەو بەشە، نوسراوی خەرجکردنەکە رەوانەی بەشی ژمێریاری دەکرێت.
ئەو سەرچاوە تایبەتە بە پەیامنێری کوردسات نیوزی راگەیاند، هەوڵدەدەین ئەمڕۆ رێکارەکانی خەرجکردنی پارەی موچەی هەرێم کۆتایی پێبێت، وتیشی بەڕێوەبەری نوسینگەی وەزیری دارایی فەرمانەکەی دەرکردوە بۆ دەستپێکردنی رێکارەکان.
بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و تێكچوونی ئاسایشی گەروی هورمز، نرخی نەوت لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بە رێژەی زیاتر لە ٪3 بەرزبووەوە و نرخی نەوتی برێنت گەیشتە سەروو 78 دۆلار.
بەپێی ئامارە ئابورییەكان، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا نرخی نەوت بە رێژەی زیاتر لە 3% بەرزبووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران نیگەرانییەكانی دەربارەی ئاسایشی گواستنەوەی وزە لە گەرووی هورمز زیاتر كرد.
ئامارە ئابورییەكان رایدەگەیەنن كە نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ 78.86 دۆلار بەرزبووەوە، ئەوەش دوای چەند سەعاتێك لە هێرشەكانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا بۆ سەر چەند ئامانجێك لە ناو ئێران بە مەبەستی تێكدانی تواناكانی تاران لە هێرشكردنە سەر كەشتییە بازرگانییەكان.
تێكەڵكردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی لە یاسای لێبوردنی گشتیدا، دەنگدانەوە و ناڕەزایەتییەكی زۆری لە رای گشتیی عیراقدا دروستكردووە.
لە بەرانبەر ئەم نیگەرانییانەدا، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران روونكردنەوە دەدەن و دەیانەوێت سنوورێك بۆ ئەو تاوانانە دابنێن كە یاساكە دەیانگرێتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت گەندەڵكاران لە سزا دەربازیان بێت، لە كاتێكدا ململانێی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیاریكردنی سنوری تاوانەكان هێشتا بەردەوامە.
ئەم مشتومڕە كە ئێستا لە عیراق گەرمە، دەرگای گفتوگۆیەكی توندی لەسەر سنوورە یاساییەكانی جێبەجێكردنی ئەو یاسایە كردووەتەوە، لەكاتێكدا هەوڵەكانی حكومەت و دەسەڵاتی دادوەری بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی پارەی دەوڵەت بەردەوامە، ئەمەش پرسیاری جدی لای رای گشتی دروستكردووە كە ئایا ئەو لێبوردنە چۆن لەگەڵ سزادانی تاوانبارانی دارایی وڵاتدا یەكدەگرێتەوە!!
لەبارەی ڕەهەندە یاساییەكانی ئەم بابەتەوە، سائر كەعبی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەر رۆژنامەی سەباحی نزیك لە حكومەتی راگەیاندووە، یاسای لێبوردنی گشتی پەیوەندی بە ناوبانگ یان پێگەی كەسەكانەوە نییە، بەڵكو بەندە بەوەی تا چەند مەرج و حوكمە یاساییەكانیان بەسەردا جێبەجێ دەبێت.
هەر كەسێك مەرجەكانی یاساكەی تێدا بێت، وەك هاووڵاتییەكی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
كەعبی جەختی لەوەشكردەوە، ئەمە بەو مانایە نییە كە چاوپۆشی لە تاوانەكانی دژ بە سامانی گشتی بكرێت، بەڵكو ئەنجومەنی نوێنەران یاسایەك دەردەكات كە دەبێت بەبێ جیاكاری بەسەر هەموواندا جێبەجێ بكرێت.
وتیشی، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەكی رەسمی یان هەنگاوێكی كۆنكرێتی لەبەر دەستدا نییە كە بیسەلمێنێت فشاری سیاسی یان رێككەوتن هەیە بۆ گرتنەوەی تۆمەتبارانی گەندەڵی بەو لێبوردنە گشتییە.
لەلایەكی دیكەوە، ئەمیر دەعمی شارەزای یاسایی بە رۆژنامەكەی وتووە، دەستنیشانكردنی تۆمەتبارانی دزینی پارەی گشتی بە یاسای لێبوردنی گشتی، بەندە بە چەند هۆكارێكی یاسایی ئاڵۆز كە گرنگترینیان مێژووی ئەنجامدانی تاوانەكەیە.
یاسای لێبوردنی گشتی لە ساڵی 2016دەرچووە و دواتر هەمواركردنەوەی تێدا كراوە، لە كاتێكدا زۆربەی دۆسیەكانی گەندەڵی كە ئێستا باسیان لێوە دەكرێت، لە ساڵانی دوای ئەوەدا روویانداوە.
ئەمەش وادەكات، ئەوانەی یاساكە دەیانگرێتەوە، پێویستی بە وردبینییەكی یاسایی قورستر هەبێت بۆ هەر دۆسیەیەك بە جیا.
هەندێك یاسا ڕێكاری سووككردنی سزایان تێدایە لە حاڵەتێكدا ئەگەر تۆمەتبارەكە پارە دزراوەكان بگەڕێنێتەوە یان شوێنی پارە شاردراوەكان ئاشكرا بكات، بەڵام ئەمەش بە مانای لێخۆشبوونی ئۆتۆماتیكی هەموو تۆمەتباران نییە بە لێبوردنەكە، بەڵكو بڕیاری كۆتایی لای دادگایە.
ئەم ناكۆكییە یاسایی و سیاسییە لەكاتێكدایە كە حكومەتی عیراق لەسەر ئاستی جیاواز بەردەوامە لە راوەدوونانی گەندەڵكاران.
شارەزایان پێیانوایە دروستكردنی هاوسەنگی لەنێوان جێبەجێكردنی یاسا لێبوردەیی و رێگریكردن لە رزگاربوونی تاوانباران لە سزا، گەورەترین ئاڵنگاری بەردەم دامەزراوەكانی دەوڵەت و دادگایە.
ئاژانسی بلومبێرگ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاشکرای کرد ئێران لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا پەلەی کردووە لە هەناردەکردنی نزیکەی 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو، ئەمەش هەنگاوێکە بە ئامانجی خێراکردنی پرۆسەکانی بارکردن لە کاتێکدا گرژییە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا روویان لە هەڵکشان کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، تاران ژمارەیەک کەرتی گواستنەوە و تانکەری نەوتی ناچار کردووە بە شێوەیەکی هاوکات لە بەندەرەکانی هەناردەکردنەوە بەڕێ بکەون، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ گواستنەوەی زۆرترین بڕی گونجاوی نەوتی خاو پێش هەر پێشهاتێک کە رەنگە کار بکاتە سەر جووڵەی دەریاوانی یان صادراتی نەوتی وڵاتەکە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە. ئەم زیادبوونە نائاساییە لە خێرایی هەناردەکردندا، لە سۆنگەی مەترسییەکانی توندکردنەوەی کۆتوبەندەکان لەسەر جووڵەی گواستنەوەی دەریایی دێت، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەو مەترسییانەی کە هاوپێچن لەگەڵیدا و هەڕەشە لە لێشاوی وزە لە ناوچەکەدا دەکەن.
ئەم قەبارە گەورەیە لە هەناردەکردن لە ماوەی بڕگە کاتێکی کورتدا، بە نیشانەیەک دادەنرێت بۆ هەوڵەکانی ئێران بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئەو مەترسییە ئەگەرپێشخراوانەی کە روبەڕووی کەرتی نەوتی وڵاتەکە دەبنەوە، کە یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی داهاتی ئابووریی ئێران؛ ئەمەش لە کاتێکدایە بازاڕە جیهانییەکان بە وردی چاودێریی پەرەسەندنی دۆخەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر نرخ و دابینکردنی نەوت دەکەن.
دۆسیەی داراییە بلۆككراوەكانی ئێران لە قەتەر، كە بەها كەی دەگاتە شەش ملیار دۆلار، وەك یەكێك لە ئاڵۆزترین دۆسیە دارایی و دیپلۆماسییەكان لە قەڵەم دەدرێت، لەكاتێكدا تاران بەنیازی گەرانەوەیەتی و ئەمریكاش مەرجی هەیە بۆ ئازادكردنی.
مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، ئەو شەش ملیار دۆلارە لە قەتەر ئازاد دەكرێت و دەگەڕێتەوە بۆ وڵات، بێئەوەی ووردەكارییەكەی ئاشكرا بكات.
لەلایەكی دیكەوە، ماجید ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، جەختی كردەوە، تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەك لەو داراییە بلۆككراوانە نەگوێزراوەتەوە بۆ تاران و پرسی ئازادكردنی بە تەواوی بەستراوەتەوە بە پێشكەوتنی دانوستانەكانی نێوان واشنتۆن و تاران.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاش پێشتر چەند جارێك باسی لەوەكردبوو كاتێك ئەو پارە بلۆكراوانە ئازاد دەكەن، كەتەنها بۆ كڕینی كاڵای ئەمریكی بەكاربێن.
ئەو داراییانەی ئێستا لە هەژمارە بانكییەكانی قەتەردان، نوێ نین، بەڵكو بەشێكن لە تۆڕێكی گەورەی دارایی بلۆككراوی ئێران لە جیهاندا، كە سەرچاوەكەی بۆ داهاتی هەناردەكردنی نەوت دەگەڕێتەوە، پێش ئەوەی ئەمریكا سزای گشتگیر بەسەر ئێراند بسەپێنێت.
چیرۆكی گەیشتنی ئەو پارانە بۆ قەتەر دەگەڕێتەوە بۆ پاییزی ساڵی 2023، كاتێك نێوەندگیریی قەتەر سەركەوتوو بوو لە ئەنجامدانی گرێبەستێكی ئاڵوگۆڕی زیندانیان لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا.
لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا، واشنتۆن رەزامەندی دەربڕی لەسەر ئازادكردنی بڕی شەش ملیار دۆلار كە لە بانكەكانی كۆریای باشووردا بلۆككرابوون، و گواسترانەوە بۆ هەژمارێكی تایبەت لەژێر چاودێری بانكی ناوەندی قەتەردا.
بەپێی خەمڵاندنەكانی بانكی نێودەوڵەتی و پەیمانگای دارایی نێودەوڵەتی، ئەو بڕە تەنها بەشێكی بچووكە لە سامانە بلۆككراوەكانی ئێران لە جیهاندا كە بە 100 بۆ 120 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
دوای ماوەیەك لە دانانی پارەكان لە قەتەر، رەوشی سیاسی ناوچەكە گۆڕا؛ دوای هەڵكشانی گرژییەكانی ناوچەكە و وەستانی دانوستانەكان، بڕیارێكی ئەمریكی دەرچوو بۆ دووبارە بلۆككردنەوەی ئەو پارانە و تا ئێستاش هەژمارەكە بە داخراوی ماونەتەوە.
چاودێرانی رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەراست پێیانوایە ، ئەو پارانە ئەگەر ئازادیش بكرێن، ناچنە گەنجینەی ئێرانەوە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە، زیادكردنی مووچە یان كاروباری سەربازی، چونكە بەپێی مەرجەكانی ئەمریكا دەبێت تەنها بۆ كڕینی پێداویستییە مرۆییەكان خەرج بكرێن.
گەرانەوەی ئەو برەپارەیە بەستراوە، بە گۆڕانكارییە سیاسییەكانەوە چارەنووسیان لە نێوان هیوای تاران، مەرجە توندەكانی واشنتۆن و بێلایەنیی نێوەندگیریی قەتەردا بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە، بەتایبەتی دوای لێدوانەكەی ترەمپ لە بارەی كۆتایی هاتنی ، لێكتگەیشتنەكەیان لەگەڵ ئێران