نرخی بەنزین لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا ریکۆردێکی مێژویی تۆمار دەکات
سەوسەن سەید
٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
نرخی بەنزینی جۆری E10 لە ئەڵمانیا گەیشتە ئاستێکی مێژویی و پێوانەیی، ئەوەش بەهۆی هەڵکشانی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران و کارگەرییە ژینگەیییەکانەوە.
بەپێی ئامارەکانی یانەی ئۆتۆمبێلی ئەڵمانی (ADAC)، ناوەندی نرخی لیترێک بەنزینی E10 بووەتە 2.21 یۆرۆ، بەمەش ریکۆردی پێشووی مانگی ئاداری 2022ی تێپەڕاند کە 2.2 یۆرۆ بوو.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ریکۆردە لەسەر بنەمای نرخی ناوی هەژمارکراوە، بەوپێیەی بە هەژمارکردنی رێژەی هەڵئاوسان، نرخەکان لە ساڵی 2012دا بەراورد بە ئێستا بەرزتر بوون.
هاوتەریب لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەپۆلێکی وشکەساڵی بەردەوام گوشارەکانی سەر بازاڕی سووتەمەنی زیاتر کردووە.
دابەزینی ئاستی ئاوی رووبارە سەرەکییەکان گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکانی لە رێگەی ئاوییەوە تووشی ئاستەنگ کردووە، ئەمەش کۆمپانیا دابینکەرەکانی ناچارکردووە بۆ گواستنەوە پەنا بباتە بەر رێگەی وشکانی یان تێچوویەکی زیاتر بۆ بارکردنی ئاوی بدەن.
لەلایەکی ترەوە، ئەم شەپۆلی بەرزبوونەوەیە وڵاتانی دراوسێشی گرتووەتەوە، لە هۆڵەندا نرخی سووتەمەنی ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد و لە وێستگە گەورەکاندا نرخی لیترێک بەنزین گەیشتە 2.26 یۆرۆ، کە بە بەرزترین ئاست لە مێژووی ئەو وڵاتەدا دادەنرێت.


