بانکی "گوڵدمان ساکس" هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر هێرشەکانی سەر کەشتییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەبستێنن، بەرمیلێک نەوت بگاتە 120 دۆلار، هاوکات پێشبینی دەکرێت نرخەکانی گازی سروشتی و دیزڵیش بەرزبوونەوەی بەرچاو بەخۆیانەوە ببێنن.

دان سترۆیڤن، هاوسەرۆکی توێژینەوەی کاڵا جیهانییەکان لە کۆمەڵەی گوڵدمان ساکس رایگەیاند، ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە ئاماژەن بۆ ئەوەی مەترسییەکانی پەککەوتنی گواستنەوەی دەریایی بوونەتە هۆکارێکی سەرەکی کە پێویستە چاودێری بکرێن.

لە لایەکی ترەوە، بانکەکە ئاماژەی بەوە کردووە: ئەگەر هەناردەکردنی نەوتی ناوچەکە بگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی، ئەوا نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ دەوروبەری 80 دۆلار دادەبەزێت، ئەمەش لە کاتێکدایە بەپێی زانیارییەکانی بلومبێرگ، نرخی نەوتی خاوی برێنت لە دەوروبەری 97 دۆلاردا مامەڵەی پێوە دەکرێت.

بەپێی پێشبینییەکانی گوڵدمان ساکس، تێکچوونی دابینکردن لە بازاڕەکانی گازی سروشتی و بەرهەمە پاڵێوراوەکانی نەوت وەک دیزڵ، کاریگەرییەکەی توندتر دەبێت لەسەر بازاڕی نەوتی خاو.

ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی نەوت لە کاتێکدایە کە ترس لە پەککەوتنی درێژخایەنی دابینکردنی وزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووی لە زیادبوون کردووە، بەتایبەت لەگەڵ ئاڵوگۆڕی هێرشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ سەر کەشتی و نەوتکێشەکان لە گەرووی هورمز و ناوچەکانی تردا.