بلۆمبێرگ: ڤێنزیوێلا تاوتوێی کشانەوە لە رێکخراوی ئۆپێک دەکات
سەوسەن سەید
٢٨ی ئابی ٢٠٢٦
ئاژانسی بلۆمبێرگ لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گواستوویەتییەوە کە ڤێنزیوێلا بە جددی تاوتوێی کشانەوە لە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) دەکات.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە بیرۆکەی کشانەوەکە لە کاتی گفتوگۆکانی نێوان بەرپرسانی ڤێنزیوێلا و ئەمریکادا خراوەتەڕوو، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەو بارەیەوە نەدراوە.
ئەگەر ڤێنزیوێلا بەرەو ئەم هەنگاوە بڕوات، رەنگدانەوەی قەبارەی ئەو وەرچەرخانە رامیارییە دەبێت کە وڵاتەکە بەخۆیەوەی دەبینێت، بەتایبەت دوای دوورخستنەوەی سەرۆکی پێشووی ڤێنزیوێلا نیکۆلاس مادۆرۆ لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و کۆنترۆڵکردنی بەڕێوەبردنی هەناردەی نەوتی ڤێنزیوێلا لەلایەن واشنتۆنەوە.
هەروەها هەژموونی روولەزیادی ئەمریکا لەو دانوستانانەدا دەردەکەوێت کە ئێستا لە نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵاتدا بەڕێوەدەچێت، لەبارەی بەدەستهێنانی پشکێکی گەورە لە کێڵگە نەوتییەکانی ڤێنزیوێلا لەلایەن لایەنە ئەمریکییەکانەوە.
بەپێی سەرچاوەکان، هەردوو لایەن تاوتوێی رێککەوتنی ئەگەرییان کردووە، لەوانە بەخشینی گرێبەستی بەکرێدانی درێژخایەن کە رەنگە بگاتە 100ساڵ بۆ ژمارەیەک لە کێڵگە نەوتییەکان.
لە لایەکی ترەوە، هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ لە کۆشکی سپییەوە لەبارەی ئەگەری چوونەدەرەوەی ڤێنزیوێلا لە ئۆپێک یان دانوستانە تایبەتەکان بە کێڵگە نەوتییەکان دەرنەچووە، لە کاتێکدا وەزارەتی زانیاریی ڤێنزیوێلا وەڵامی داواکارییەکان بۆ لێدواندان لەم بارەیەوە نەداوەتەوە.


