د. بڕیار رەشید: سێ داواکاری گرنگمان ئاڕاستەی لیژنەی دارایی کرد
سام
٣١ی ئابی ٢٠٢٦
پشتگیری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئیمزای پێویست بۆ سێ داواکاری گرنگ لە کۆکراوەتەوە و ئاڕاستەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنەکە کراوە.
د. بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندووە: بە ئیمزای بەشێک لە پەرلەمانتاران و پشتگیری سەرۆکی پەرلەمان؛ سێ داواکاریی گرنگ ئاڕاستەی لیژنەی دارایی کران، تا لە بودجەی داهاتوودا چارەسەر بکرێن.
د. بڕیار رەشید دەڵێت: لە ماوەی رابردوودا، بۆ هەر یەکێک لەو سێ داواکارییە گرنگە، ئیمزای پێویستی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقمان کۆکردووەتەوە و بە پشتگیری سەرۆکی پەرلەمانەوە، بە شێوەیەکی رەسمی ئاڕاستەی لیژنەی دارایی کراون، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی داهاتوودا چارەسەرێکی یاسایی و دارایییان بۆ بدۆزرێتەوە
د. بڕیار رەشید دەڵێت سێ داواکارییەکە بریتین لە:
یەکەم؛ دەرچووانی کۆلێژەکانی پزیشکی ددان و دەرمانسازی، داواکاری بۆ دابینکردنی دەرفەتی دامەزراندن و تەرخانکردنی پلەی تایبەت بۆ ئەو دەرچووانەی کە بەهۆی بارودۆخی دارایی و ئابووریی ساڵانی رابردووەوە، دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ نەڕەخساوە، بە تایبەتی لەبەر پێویستیی بەردەوامی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان بە پسپۆڕییەکانیان.
دووەم؛ پلەبەرزکردنەوە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، داوامان کردووە ماف و شایستە دارایی و کارگێڕییەکانی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، کە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی کێشە داراییەکان دواخراون، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێن و جیاوازی لەنێوان فەرمانبەرانی هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عیراق نەکرێت.
سێهەم؛ مامۆستایانی وانەبێژی لادراو، پشتیوانیمان لە داواکاریی نزیکەی 700 مامۆستای وانەبێژ کردووە، کە هەندێکیان بۆ ماوەی 10 تا 12 ساڵ خزمەتیان کردووە، بەڵام لە پرۆسەی گۆڕینی وانەبێژان بۆ گرێبەست بەشدار نەکراون داوامان کردووە مافیان بگەڕێندرێتەوە، خزمەتەکانیان لەبەرچاو بگیرێت و پێداویستیی دارایی بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ دامەزراوە پەروەردەییەکان دابین بکرێت.
د. بڕیار رەشید ئاماژەی بەوەشداوە: ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی هەوڵ و کاری پەرلەمانیدان و بە مانای دڵنیایی سەد لە سەدی جێبەجێبوونیان نییە، بەڵام بەدواداچوونمان بەردەوام دەبێت، هیوامان وایە سەرجەم پەرلەمانتاران، لە هەموو فراکسیۆنەکان و بەتایبەتی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، هاوکار و پشتیوانی ئەم داواکارییانە بن تا بە هەوڵی هاوبەش بگەنە ئەنجام.


