حکومەتی عیراق یەک ملیۆن پارچە زەوی بێبەرانبەر دەداتە هاووڵاتیان
سام
٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
بە بڕیاری عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، یەک ملیۆن پارچە زەوی لە پارێزگاکانی عیراق بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکرێت بە سەرجەم خزمەتگوزارییەکانیشەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە راگەیندراوێکدا دەڵێت: بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عیراق و لەژێر ناونیشانی 'دەستپێشخەری نیشتمانی'، یەک ملیۆن پارچە زەوی بە سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو، کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی دیکە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشدەکرێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، هاووڵاتیانی پارێزگاکانی عیراق لەو بڕیارە سودمەند دەبن و باس لە پارێزگاکانی هەرێم نەکراوە، هەروەها ئەو خێزانانە مافی وەرگرتنیان هەیە کە، هیچ ئەندامێکیان زەوی یان یەکەی نیشتەجێبوونی بەناوەوە نەبێت.
سەبارەت بە ناوتۆمارکردن، بەپێی زانیارییەکانی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عیراق، لە مانگی 10ـی ئەمساڵدا، هاووڵاتیان دەتوانن لە رێگەی لینکێکەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن و لە قۆناغی یەکەمدا 216 هەزار پارچە زەوی دابەشدەکرێت.


