رۆژی پێنجشەممە 5ـی ئازاری 2026، نوسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی کۆماری عیراق، راگەیەنراوێکی رۆژنامەوانی بڵاوکردەوە.
دەقی راگەیەندراوەکە
واز لەگەلی کورد بهێنن، داردەستی کەس نابین
سلێمانی، عێراق- لەساڵی ١٩٩١دا هانی گەلی کورد درا بۆ ڕاپەڕین دژی رژێمی سەدام حسێن، بەڵام ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆیان کرانەوە کە کەینوبەینەکە گۆڕا ! و کەس بەرگری لێ نەکردین کاتێک کۆپتەری جەنگیی و تانک بۆ رووبەڕوبونەوەی ڕاپەڕین بەکارهات. هێشتا ئەو یادەوەرییانە لەبیر و هۆشماندا ماوە. ئەمڕۆ یادی ئەو سەردەمەی ڕاپەڕین دەکەینەوە و لە بیری ناکەین کە چی لێوە فێربووین.
بەم دوواییانە بینیمان چی بەسەر باکوری خۆرهەڵاتی سوریا یان رۆژئاڤا هات. دوای ئەو هەموو بەڵێنانەی بەکوردانی ئەوێ دران و چۆن لەریزی پێشەوەی بەگژداچونەوە و جەنگ دژی داعش وەستانەوە، بینیمان لە کۆتاییدا چۆن مامەڵە کران.
ئەمڕۆش، دواجار گەلی کورد لە عێراق چێژی سەقامگیری و شکۆمەندی کرد. لەبەر ئەم هۆکارە، سەختە، بگرە مەحاڵە، کورد قبوڵی بکات کە ببێتە دەستکەلای هێزە زەبەلاحەکانی جیهان.
ئەزمونەکانی پێشوو و بەڵێنەکان شاهیدن. زۆربەی کات کە پێویستی بەهێز و قوربانیدان دەبێت پەنا بۆ کورد دەبرێت. بۆیە داوا لەهەموو لایەنە بەشەڕهاتووەکان دەکەم: واز لەگەلی کورد بهێنن. ئێمە داردەستی کەس نابین.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
خانمی یەکەمی عێراق
پێنج شەممە، ٥ ی ئازار ٢٠٢٦
سەرۆکایەتی کۆمار لە یادی سی و پێنجەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی جەماوەریی گەلی کوردستان پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنن؛ لە کاتێکدا ناوچەکە بە بارودۆخێکی سەخت و دیمەنی جەنگ، وێرانکاری و زیانی مرۆییدا تێدەپەڕێت، داوا لە لایەنە شەڕکەرەکان دەکەین بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و پەنا بۆ حیکمەت و لۆژیک ببەن، و ڕێگری بکەن لە فراوانبوونی بازنەی جەنگ کە تەنها ماڵوێرانی بۆ گەلانی ناوچەکە دەهێنێت .
دەقی پەیامەکەی سەرۆکایەتی کۆمار...
لەیادی سی و پێنجەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی جەماوەریی گەلی کوردستان لە ٥ ی ئاداری ١٩٩١دا، بە شکۆوە یادی قوربانییە مەزنەکانی گەلە سەربەرزەکەمان دەکەینەوە، کە خەباتیان کرد دژی زوڵم، ستەم و سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەرانبەر بە تەواوی پێکهاتەکانی گەلی عێراق؛ ئەو قوربانییانەی بوونە هۆی ڕزگارکردنی شارەکانی هەرێم لە چنگی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژێم.
یەکەمین چەخماخەی ڕاپەڕین لە شاری ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین لە پارێزگای سلێمانییەوە دەستیپێکرد، کە بووە خاڵی وەرچەرخان بۆ ڕزگارکردنی شارەکانی دیکە لە چەوسانەوە و ستەم، و هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسیی فرەیی پەرلەمانی.
لە کاتێکدا ناوچەکە بە بارودۆخێکی سەخت و دیمەنی جەنگ، وێرانکاری و زیانی مرۆییدا تێدەپەڕێت، داوا لە لایەنە شەڕکەرەکان دەکەین بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و پەنا بۆ حیکمەت و لۆژیک ببەن، و ڕێگری بکەن لە فراوانبوونی بازنەی جەنگ کە تەنها ماڵوێرانی بۆ گەلانی ناوچەکە دەهێنێت و دەبێتە هۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری.
دووپاتی دەکەینەوە کە عێراق نەبووە و نابێتە بەشێک لە ململانێکان، و ڕێگەش نادات خاکەکەی بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت، بەڵکو هەوڵ دەدات پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بخاتە گەڕ بۆ ڕاگرتنی جەنگ و پەنابردن بۆ بژاردەی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە ڕشتنی خوێنی زیاتر.
هیوادارین ئەم بۆنەیە ببێتە هەوێنی بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی لە نێوان پێکهاتەکانی گەلەکەمان و هێزە سیاسییەکان، و چەسپاندنی پایەکانی دیموکراسی و یەکسانی لە نێوان هەموواندا.
سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی عێراق دادەنەوێنین.
سەرۆکایەتی کۆمار
٢٠٢٦/٣/٥
کۆسرەت رەسول عەلی 35 هەمین ساڵیادی راپەڕینی گەلی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ ئەمڕۆ کەیادی راپەڕین دەکەینەوە، ناوچەکە بەدۆخێکی یەکجار سەخت و دژوار تێپەڕ دەبێت، گەلەکەمان لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی و تەبایی هەیە، ئەرکە لەسەر هێزو لایەنە سیاسییەکان یەکگرتوو بن و لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان .
دەقی پەیامەکەی کۆسرەت رەسول:
پەیامی کۆسرەت رەسول عەلی لە (35)ەمین ساڵیادی راپەڕین
(35)هەمین ساڵیادی راپەڕینی گەلی کوردستان دژی رژێمی فاشیستی بەعس لە سەرجەم کوردستانیان پیرۆز دەکەم، ئاواتەخوازم ئەم یادە پیرۆزە بکەینە هەوێنی تەبایی و یەکڕیزی گەلەکەمان.
35 ساڵ لەمەوبەر، بە یەکڕیزی نێوان هێزە کوردستانییەکانی ناو بەرەی کوردستانی، بە پاڵپشتی و پشتیوانی جەماوەری راپەڕیوی کوردستان و رێکخستنە نهێنییەکان و شانە چەکدارەکان، پلانی راپەڕینمان داناو گەلەکەمان لە رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە لەدژی زوڵم و زۆری و ستەمی رژێمی بەعس راپەڕی و لەماوەیەکی یەکجار کورتدا بەعس و بەعسییەکانی کوردستان بەدەر کردو گەلەکەمان بووە خاوەن حوکمڕانی خۆماڵی و هەڵبژاردنی ئازاد ئەنجام دراو حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهات.
ئەمڕۆ کەیادی راپەڕین و ئازادکردنی کوردستان لە چنگی رژێمی بەعس دەکەینەوە، ناوچەکە بەدۆخێکی یەکجار سەخت و دژوار تێپەڕ دەبێت، گەلەکەمان لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی و تەبایی هەیە، ئەرکە لەسەر هێزو لایەنە سیاسییەکان یەکگرتوو بن و لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و گەیشتن بە ئاواتی لەمێژینەمان و پاراستنی کوردستان لە هەر گرژی و ململانێیەک پێکەوە خەبات بکەن و بەرەنگاری ئاڵنگارییەکان ببنەوە.
دووبارە ساڵیادی راپەڕین و ئازادکردنی سەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان لە کوردستانیان پیرۆز دەکەم و سەری رێزو نەوازش بۆ شەهیدان دادەنوێنم.
کۆسرەت رەسول عەلی
5ی ئازاری 2026
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی بریکارەکانی ئاسایشی نیشتمانیی عیراق کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنەکە ئەنجامدا.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، لە کۆبوونەوەکەدا بەوردی گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی هەستیاری ئێستای ناوچەکە، دەرهاویشتەکانی ئەم جەنگە، و ئاستی ئامادەیی هێزە ئەمنییەکانی عیراق کراوە.
هەروەها ئەنجومەنەکە تاوتوێی پرسی بەڕێوەبردنی مەترسییە نیشتمانییەکانی کردووە، بەتایبەتی گرژییەکان و جەنگی ئێستا و لێکەوتەکانی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی عیراق، و لەم رووەوە بڕیاری پێویستی لەبارەیانەوە داوە.
سکرتێری ئەنجومەنی پشتیوانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا بەبۆنەی 35یەمین ساڵڕۆژی راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ساڵی 1991، پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی کۆمەڵانی خەڵک و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکات.
لە پەیامەکەدا هاتووە کە راپەڕین دەستکەوتێکی گرنگی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بوو، کە بە رێبەرایەتیی یەکێتی و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی ناو بەرەی کوردستانی لە 5ی ئادار لە شاری رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە دەستی پێکرد و لە چەند رۆژێکدا تەواوی دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی رژێمی بەعسی تێدا تێکشکێندرا.
لە کۆتایی پەیامەکەشدا، سکرتێری ئەنجومەنی پشتیوانیی یەکێتی سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان و قارەمانانی زیندانیی سیاسی و پێشمەرگە دێرینەکان و کەمئەندامانی سەنگەر دەنێرێت، کە بە خوێن و خەبات و پشتیوانیی ئەوان ئەم راپەڕینە سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بەبۆنەی یادی 35 ساڵەی راپەڕینەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان دەکات و هۆشداری دەدات لەو دۆخە سەختەی بەهۆی جەنگەکانی ناوچەکەوە رووبەڕووی هەرێم بووەتەوە.
دەقی پەیامەکە:
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا بەبۆنەی 35 ساڵەی راپەڕینەوە، پەیامێکی یەکڕیزی بڵاودەکاتەوە و جەخت لە دوورخستنەوەی ململانێکان لە هەرێمی کوردستان دەکات.
دەقی پەیامەکە:
لە یادی 35 ساڵەی راپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەمان، پیرۆزبایی گەرم لە یەک بە یەکی خەڵکە خۆشەویستەکەمان دەکەم. بە وەفادارییەوە لەبەردەم کێلی تێکۆشەرەکانمان سەری رێز دادەنەوێنم و بەڵێن دەدەم هەمیشە لەسەر رێبازەکەیان بەردەوامبم بۆ خزمەتکردن و پاراستنی خەڵک و خاکەکەمان.
راپەڕین کە لە رانیەی خۆشەویستەوە بڵێسەیدا، سەرەتای وەرچەرخان و سەردەمێکی نوێ بوو بۆ گەلەکەمان کە یەکێتی شانازی خاوەندارێتی ئەم دەستکەوتە مێژووییەی پێبڕاوە.
ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ئەندازیاری راپەڕینین، بە شانازییەوە یادی هەموو ئەو قارەمانانەمان دەکەینەوە کە شۆڕشی نوێیان هەڵگیرساند و بۆ ساتێکیش شۆڕشیان جێنەهێشت.
لەم رۆژەدا بەرپرسیارێتی هەموومانە بە پێکەوەیی و رۆحیەتی نیشتمانیی دوور لە دروشم هەنگاو بنێین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان و یەک دەنگی و یەک گوتاری گەلەکەمان بنیادبنێینەوە و حکومەتێک دروستبکەین کە خزمەتی خەڵک بکات و لە ئاست داخوازیی و پێویستییەکاندا بێت کە دڵنیام ئەمە باشترین وەفایە بۆ خەڵکەکەمان و ئەو قارەمانانەی راپەڕینیان کرد.
لەم دۆخە هەستیار و ناسەقامگیرەی ناوچەکەمانی پێداتێپەڕدەبێت هەموو هەوڵمان بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات و دوورخستنەوەی ململانێکانە لە خاکەکەمان.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی راپەڕین و سەرجەم شەهیدانی سەربەرزی کوردستانەکەمان، سەربەرزی بۆ کەسوکارە تێکۆشەرەکانیان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ئەلێکساندەر دوگین، بیرمەندی ناسراو و دامەزرێنەری قوتابخانەی جیۆپۆلەتیکی رووسی، لە پلاتفۆرمی ئێکس ستایشی هەڵوێستێکی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات سەبارەت بە بێلایەنیی هەرێم لەم جەنگەدا.
دوگین، کە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە کۆمەڵناسی، زانستە سیاسییەکان و فەلسەفە و وەک دامەزرێنەری بزووتنەوەی ئۆراسیا و یەکێک لە ستراتیژیستە نزیکەکان لە پوتین دەناسرێت، لێدوانە نوێیەکەی قوباد تاڵەبانیی، لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاوکردووەتەوە، وەک دەربڕینی پشتگیری و سەرسامییەک بۆ بڕیارەکەی جێگری سەرۆک وەزیران، دوگین لەسەری نووسیوە: "زۆر دووربینانەیە".
لەو لێدوانەی کە دوگین ئاماژەی پێداوە، قوباد تاڵەبانی بە راشکاوی رایدەگەیەنێت کە هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لەو ململانێ و جەنگە بەردەوامەی کە ئێستا لە نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیلدا بەڕێوەدەچێت. جێگری سەرۆک وەزیران جەخت لەوەش دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان "بە تەواوی بێلایەنیی خۆی دەپارێزێت".
ئەم کاردانەوەیەی بیرمەندێکی وەک دوگین نیشانەی ئەوەیە کە بڕیارەکەی سەرکردایەتیی هەرێم بۆ تێوەنەگلان لەم شەڕەدا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لای زلهێزەکانی وەک روسیاش بە هەنگاوێکی زۆر ژیرانە و ستراتیژی سەیر دەکرێت.
محەمەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق، بڕیاریدا بە لەکارلادانی سەرجەم بەرپرسانی دەزگا هەواڵگرییەکان لە کەرتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەشتی نەینەوا.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عیراق کە ئەمڕۆ چوارشەممە (4ی ئازاری 2026) بڵاوکراوەتەوە، محەمەد شیاع سوودانی وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی داوە بە بەخشین و دوورخستنەوەی گشت بەرپرسانی سەر بە دەزگا هەواڵگرییەکان لە سنووری کەرتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەشتی نەینەوا.
کەناڵی حەدەس رایگەیاندووە؛ هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو هێزانە هێرشیانکردووەتە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگ لەسەر پڕۆژەبڕیارێک دەدات بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی زیاتر بۆ سەر ئێران.
پڕۆژەبڕیارەکە داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو ململانێیە دەکات مەگەر ئەوەی کۆنگرێس رەزامەندی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە بدات. بەڵام هەوڵەکانی پێشوو شکستیان هێناوە و روون نییە کە سەرکەوتنی ئەم بڕیارە تا چەند گۆڕانکاری لە جەنگەکەدا دەکات.
دیموکراتەکان پێیان وایە کە ترەمپ کۆنگرێسی پەراوێز خستووە و پاساوی گۆڕاوی بۆ جەنگەکە هێناوەتەوە. لە بەرامبەردا، زۆربەی کۆمارییەکان دەڵێن رێگری لە بڕیارەکە دەکەن، بەڵام رەنگە هەڵوێستیان بگۆڕن ئەگەر جەنگەکە فراوانتر بێت.
ئەم دەنگدانە پێنج رۆژ دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان بە هێرشکردنە سەر ئێران کرد، و ئێرانیش لە بەرامبەردا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە کەنداو. لەو کاتەوە، بەشێک لە یاسادانەران لە دڵەڕاوکێدان و چاوەڕێن بزانن چ رۆڵێکیان دەبێت لەم هێرشانەی کە بەردەوامن.
لەم بارەیەوە، سیناتۆر تیم کەین، نوێنەری دیموکراتەکان لە ڤێرجینیا کە سپۆنسەری پڕۆژەیاساکەیە، رایگەیاند: "پێویستە هەموو سیناتۆرێک بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆی رابگەیەنێت کە ئایا لە بەرژەوەندیماندایە کوڕ و کچەکانمان بنێرینە ناو ململانێیەکەوە دژی ئێران". هەروەها وتی: "نزادەکەم هاوپیشەکانم دەنگ بدەن بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە مەترسیدار و بێپێویستە کە تا ئێستا بووەتە هۆی لەدەستدانی شەش سەرباز و برینداربوونی چەندانی دیکە".
مەسعود پزیشکیان لە پەیامێکدا بۆ سەرکردەی وڵاتانی دراوسێ رایدەگەیەنێت کە تاران هەوڵی دیپلۆماسیی داوە بۆ رێگریکردن لە جەنگ، بەڵام هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ناچاریان دەکات بەرگری لە خۆیان بکەن.
لە بڵاوکراوەیەکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس، مەسعود پزیشکیان، پەیامێکی ئاراستەی پاشا و سەرۆکی وڵاتانی دۆست و دراوسێی ئێران کردووە و رایگەیاندووە کە پێشتر لەگەڵ ئەواندا و لەرێگەی دیپلۆماسییەوە هەوڵی تەواویان داوە بۆ ئەوەی جەنگ هەڵنەگیرسێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەم وڵاتەکەیدا نەهێشتووەتەوە جگە لە بەرگریکردن لە خۆیان.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک کۆماری ئێران دڵنیایی دەداتە وڵاتانی ناوچەکە کە رێز لە سەروەرییان دەگرن، و جەختیش دەکاتەوە کە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت بە هەوڵی هاوبەشی هەموو وڵاتەکان پێکەوە بەدی بێت. ئەم لێدوانە نەرمەی پزیشکیان وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ هێورکردنەوەی وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە، تاوەکو دڵنیایان بکاتەوە کە ئێران نیازی هێرشکردنە سەریانی نییە و دەیەوێت بە هاوبەشی ئاسایشی ناوچەکە بپارێزن.
وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداری دەدات کە ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر باڵیۆزخانەکەیان لە لوبنان، ئەوا تەواوی باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە سەرتاسەری جیهاندا دەکەنە ئامانج و لەناویانی دەبەن.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی تەسنیم، سەردار ئەبولفەزل شکارچی، وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئاماژەی بە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل کردووە بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە وڵاتی لوبنان و رایگەیاندووە کە ئیسرائیل دەریخستووە هیچ سنوورێک بۆ کارەکانی ناناسێت، بەڵام تاران تا ئێستا بەهۆی رەچاوکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە دانیبەخۆیدا گرتووە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران جگە لە ئەمریکا و ئیسرائیل، هیچ کێشە و دوژمنایەتییەکی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهاندا نییە و پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن بەڕێوەدەبات.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، شکارچی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەگەر ئیسرائیل دەست بۆ تاوانێکی لەو شێوەیە ببات و باڵیۆزخانەکەیان لە لوبنان بکاتە ئامانج، ئەوا ئێرانیش ناچار دەبێت سەرجەم باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە سەرتاسەری جیهاندا وەک ئامانجی رەوا سەیر بکات و بە دڵنیاییەوە کاری هاوشێوە دەکەن.
لە کۆتاییشدا وتەبێژەکەی هێزە چەکدارەکانی ئێران دووپاتیکردووەتەوە کە وڵاتەکەی سوورە لەسەر ئەوەی ئیسرائیل و ئەمریکای پاڵپشتیکاری بە چۆکدا بهێنێت و لەم رێگەیەشدا بە هیچ شێوەیەک پاشەکشێ ناکەن.
وەزارەتی دارایی عیراق سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە دواخستنی موچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی مانگی ئازار دەکەن بەهۆی کێشەی نەبوونی نەختینەوە.
لە راگەیەندراوێکی رەسمیدا، وەزارەتی دارایی عیراق ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە دواخستنی موچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی بۆ مانگی ئازار بەهۆی نەبوونی نەختینەوە (سیولە)، بە تەواوی دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکی فرەسمیان نییە.
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە فەرمانگەی ژمێریاری بە کرداری دەستی بە تەمویلکردنی موچە و دەرماڵەکان کردووە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەی لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بگاتە دەست سوودمەندان.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا روونکراوەتەوە کە دۆخی دارایی دەوڵەت جێگیرە و تەرخانکراوەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی بە تەواوی لە ناو بودجەی فیدراڵیدا دەستەبەر کراون.
هەروەها دووپاتیکردووەتەوە کە پرۆسەی خەرجکردنەکە بەبێ هیچ قەیران و کێشەیەکی دارایی بەڕێوەدەچێت. لە کۆتاییدا، وەزارەتەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات کە بەدوای پڕوپاگەندەکان نەکەون کە ئامانجیان شێواندنی رای گشتییە، و زانیارییەکان تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن.
ئەمریکا رایدەگەیەنێت کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران بە خێرایی بەردەوامن و لە چەند رۆژی داهاتوودا هێرشەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە فراوانتر دەکات، لە بەرامبەریشدا تاران جەخت دەکاتەوە کە تەنیا ئامانجە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەپێکێت.
پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی پێشکەوتنی گەورەی لە جەنگی دژی ئێراندا بەدەستهێناوە و ئەنجامی رۆژەکانی سەرەتا سەرسوڕهێنەر بوون. هێگسێس ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای ئەوەی جەنگەکە لە قۆناغەکانی سەرەتایدایە، بەڵام پێدەچێت ئەمریکا و ئیسرائیل لە ماوەی یەک هەفتەدا کۆنترۆڵی ئاسمانی ئێران بەتەواوی بگرنە دەست، کە تێیدا فڕۆکە ستراتیژییەکانی وەک (B-2) و (B-52) رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
هەروەها جەختی کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە دوو هێندەی پرۆسەی ئازادیی عێراق بەهێزترە، و هێزەکانیان بۆمبی زیرەکی لێزەریی کێش 500 و 1000پاوەندی بۆ پێکانی ئامانجەکان بە وردی بەکاردەهێنن.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا روونیکردەوە کە ئەم هێرشانە وەڵامێکن بۆ کوژرانی شەش سەربازی ئەمریکی و واشنتۆن تۆڵەیان دەکاتەوە. لەبارەی زیانەکانی ئێرانیشەوە، ئاشکرای کرد کە هێزی دەریایی ئێران زیانی گەورەی بەرکەوتووە و چەندین کەشتییان لە بنی کەنداودا نوقم بوون، هاوکات هێزەکانی ئەمریکا هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانییان تێکشکاندووە کە ئەمەش گیانی هەزاران کەسی لە ریزی هاوپەیمانان پاراستووە.
لە لایەکی دیکەوە، جەنەڕاڵ دان کین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا رایگەیاند کە هێزەکانیان تەرکیز دەخەنە سەر لەناوبردنی توانای موشەکە بالیستیکییەکانی ئێران و پەکخستنی توانای تاران بۆ دووبارە بونیادنانەوەی هێزە سەربازییەکەی. بە وتەی ناوبراو، ئەمریکا تا ئێستا نزیکەی 2000 ئامانجی ناوخۆی ئێرانی پێکاوە و 20 کەشتیی سەربازیی ئەو وڵاتەشی نوقم کردووە، لە کاتێکدا ئێران نزیکەی500 موشەک و2000 درۆنی ئاراستە کردووە. کین ئاماژەی بەوەش کرد کە لە 247 بۆ48 کاتژمێری داهاتوودا هێرشەکان فراوانتر دەکرێن، و وڵاتانی ناوچەکەش لەوانە وڵاتانی کەنداو و ئوردن بە سیستەمی بەرگریی خۆیان بەرگری لە خاکەکەیان دەکەن.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی کرد و جەختی لە ئاسانکاریکردن بۆ کاروباری هاووڵاتییان کردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی ئازاری 2026، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چۆنییەتی راپەڕاندنی کاروباری هاووڵاتییان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی کرد و لەگەڵ عەمید نەوزاد عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی کۆبووەوە. لە میانی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکوەزیران سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی بەڕێوەبەر، ئەفسەران و کارمەندانی هاتووچۆی سلێمانی کرد و داوای لێکردن کە بەردەوام بیر لە گرتنەبەری رێوشوێنی نوێ بکەنەوە بۆ کارئاسانیی زیاتر و باشتر راپەڕاندنی مامەڵە و کاروباری هاووڵاتییان.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەیدا، باس لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم هاتووچۆی سلێمانی و رێگاکانی چارەسەرکردنیان کرا. هەر لەم چوارچێوەیەدا، قوباد تاڵەبانی ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پشتیوانی و هاوکارییەک بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان، باشترکردنی دۆخی هاتووچۆ و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان لەو پارێزگایەدا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا گفتوگۆ لەبارەی جەنگ و پێشهاتە سەربازییەکانی ئەم دواییانەی ناوچەکە کرا.
سەرۆک بافڵ بۆ پاراستنی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەختی لە دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ کێشەکان و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ کردەوە.
هەروەها، سەرۆکی یەکێتی دوپاتیکردەوە هەموو هەوڵەکانیان لەو چوارچێوەیەدایە.
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سوپاسی سەرۆک بافڵی کرد لە بەرانبەر رۆڵ و کاریگەری لە پاراستنی سەقامگیریی عیراق و هەرێمی کوردستان و بە رێزەوە لە پێگەی ئاشتییانەی یەکێتی لە ناوچەکە رووانی و رایگەیاند، کە لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبین.