قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە پاراستنی ئاسایش و سەروماڵی هاووڵاتییان لەگەڵ لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە کرد, کە سەرەڕای بێلایەنی هەرێم، پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کاریگەری نەرێنی دروست کردووە و "پریشکی جەنگ" بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە.
لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا بە پێکهێنانی ژورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان هێزە ئەمنییەکان بۆ هەماهەنگی و پاراستنی سەقامگیری.
جگە لە لایەنی ئەمنی، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی موەلیدە ئەهلییەکان درا بۆ دابینکردنی کارەبای پێویست بۆ هاووڵاتییان، هاوکات داوا لە هاووڵاتییان کرا لە قەرەباڵخی دوور بکەونەوە.
هەر لە کۆبونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی داوای لە میدیاکان کرد بەرپرسیارانە روماڵی روداوەکان بکەن و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی بخەنە پێش هەموو کارێکی پیشەیی خۆیان و دوور بکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییانەی زیان بە ئاسایشی گشتی دەگەیەنن.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاندوە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، بە هێرشکردنە سەر ئێران تەنها خیانەتی لە دیپلۆماسی نەکرد، ئەو خیانەتی لە گەلی ئەمریکاش کرد، کە ئەویان هەڵبژاردوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نوسیویەتی، لە کاتێک دانوستاندنە ئەتۆمییە ئاڵۆزەکان وەکو مامەڵەی خانووبەرە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و کاتێک درۆی گەورە راستییەکان دەشێوێنێت، هەرگیز پێشبینییە ناواقییعیەکان بەدی نایەت.
عیراقچی ئاماژەی بەوەشکردوە، دۆناڵد ترەمپ بە هێرشکردنە سەر ئێران، تەنها خیانەتی لە دیپلۆماسی نەکرد، خیانەتی لە هەموو ئەو هاووڵاتییە ئەمریکانەش کرد کە ئەویان وەک سەرۆک هەڵبژاردوە.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە گۆڕینی مۆڵەتی شۆفێری دەرکرد و ئاماژە بەوەکراوە، مەبەست لێی ئاسانکارییە بۆ پەسەندکردنی مۆڵەتی شۆفێری هاووڵاتییە بیانییەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بڕیاری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، رێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2026ی ئیمزا کرد، کە تایبەتە بە هەمواری یەکەمی رێنمایی میکانیزمی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری.
ئاماژەبەوەکراوە، ئەم بڕیارە نوێیە لەبەر رۆشنایی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی هاتوچۆ دەرچووە و ئاسانکاری دەکات بۆ پەسندکردنی مۆڵەتی شوفێری بیانی.
بەپێی رێنماییە نوێیەکە، میکانیزمێکی نوێ دانراوە بۆ پێدانی مۆڵەتی هەرێمی کوردستان بەو هااوڵاتییە بیانیانەی لە هەرێم نیشتەجێن، ستافی دیپلۆماسی، کونسوڵگەرییەکان و کارمەندانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
هەروەها ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان، کە هەڵگری مۆڵەتی شوفێری بیانین، دەتوانن لەسەر هەمان بنەما مۆڵەتی ناوخۆیی دەربکەن، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ هاوتاکردنی سیستمەکانی هاتوچۆ لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان.
وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاند، تەواوی بەشەخۆراکی هاووڵاتییان دابین کراوە و کرێی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە بۆ هەر تاکێک تەنها هەزار دینارە و رێگە بە هیچ زیادکردنێک نادرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی بازرگانی عیراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتوە؛ کە تەواوی بەشەخۆراکی هاووڵاتییان دابین کراوە و پرۆسەی دابەشکردن بەپێی خشتە دیاریکراوەکان بەردەوامە بۆ ئەوەی بەبێ کەموکورتی بگاتە دەستی هاووڵاتییان.
ئاماژەی بەوەشکردوە، تیمەکانی چاودێری بازرگانی بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، بەردەوامن لە چاودێریکردنی کارەکانی بریکارەکان و بازاڕەکان بۆ رێگریکردن لە هەر سەرپێچییەک و کۆنترۆڵکردنی نرخەکان.
جەختیشیکردوەتەوە، کە کرێی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە بۆ هەر تاکێک تەنها هەزار دینارە و رێگە بە هیچ زیادکردنێک نادرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی هاوار، بڵاویکردوەتەوە هێزەکانی حەشدی شەعبی ، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە زۆربەی بارەگا سەرەکییەکانی خۆیان لە ناوچەی قائیم لەسەر سنووری نێوان عیراق و سوریا چۆڵ کرد.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات، کە ناوچەکە کەوتە بەر زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی ئەمەریکا ، کە دوایینیان شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە بوو و بووە هۆی کوژرانی دوو کەس.
بەپێی سەرچاوە سەربازییەکان، حەشدی شەعبی تەنها چەند خاڵێکی پاسەوانیی هێشتووەتەوە و هێزەکانی تری لەناو شارەکاندا بە شێوەی گروپی بچووک دابەش کردووە، ئەمەش وەک رێکارێکی خۆپارێزی لە ترسی دووبارەبوونەوەی بۆردومانەکان لە کاتی پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکاندا.
ئەمەش لە کاتیكدایە، هەمان ئاژانس ئاماژەی بەوەکردوە، سوپای سوریا هێزی زیاتری رەوانەی سنورەکانی عیراق و لوبان کردوە وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی سەقامگیری و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان لە سایەی پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکاندا.
لەگەڵ پەرەسەندی گرژییەکانی ناوجەکە، سوپای سوریا هیزی زیاتر رەوانەی سنوەرکانی لەگەڵ عیراق و لوبنان دەکات و دەڵێن؛ بۆ پاراسرنی سەقامگیری و پاراستنی سنورەکانە.
ئەمڕۆ چوارشەممە،بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سوریا رایگەیاند، کە یەکەکانی پاسەوانی سنوور و کەتیبەکانی هەواڵگری لەسەر سنوورەکانی عیراق و لوبنان بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاوەپێکردووە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی سەقامگیری و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان لە سایەی پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکاندا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی "سانا" و "رۆیتەرز"، ئەم هەڵمەتە، کە هەزاران سەرباز و یەکەی مووشەکی لەخۆدەگرێت و ئامانجی رێگریکردنە لە قاچاخچێتی چەک و ماددەی بێهۆشەر،.
هەروەها ئاماژە بەوکراوە، رێگری لە دزەکردنی چەکدارانی سەر بە حیزبوڵای لوبنانی و گرووپە چەکدارەکانی تر بۆ ناو خاکی سووریا.
ئەفسەرانی سوپای سوریا ئەوەشیان خستوەتەڕوو، کە پرۆسەی جێگیرکردنی هێزەکان لە ناوچەکانی ریفی حومس و باشووری تەرتووس لە چەند رۆژی رابردوودا خێراتر بووە ، ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا لە ناوچەکەدا فراوانتر بووە.
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، هاوکات لەگەڵ پێنجەم رۆژی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە فراوانەکانی وڵاتەکەی و ئیسرائیل دژی ئێران، داوای لە گەلی ئێران کرد ئەم دەرفەتە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و بەدەستهێنانی ئازادی بقۆزنەوە.
جۆنسن جەختی کردەوە کە ئەمەریکا چیتر ناتوانێت ڕۆڵی "پۆلیسی جیهان" بگێڕێت یان بکەوێتە ناو پرۆسەی نەتەوەسازییەوە، چونکە وڵاتەکەی کێشەی ناوخۆیی خۆی هەیە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا بە بەشداری زیاتر لە 50 هەزار سەرباز و سەدان فڕۆکەی جەنگی، پێنج رۆژە هێرشیان بۆسەر ئێران دەستپێکردوە و چەندین سەرکردەی ئەو وڵاتە کوژراوە و لە بەرنبەردا، ئێران تەواوی بنەک و هێزەکانی ئەمریکای کردوەتەوە ئامانج لە ناوچەکەدا.
لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان رێنماییەک ئاراستەی دەزگاکانی راگەیاندن دەکات و داوا دەکات لە کاتی رووماڵکردنی جەنگەکەدا زانیاریی جوگرافی و وردەکاری بڵاونەکەنەوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ 4ـی ئازاری 2026بڵاویکردووەتەوە، لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسان هۆشداری دەداتە کەناڵەکانی سنوورەکە کە لەگەڵ دەستپێکردنی شەپۆلی موشەکباران و شەڕی درۆنی و سایبەریدا، ئەرک و بەرپرسیارێتیی میدیاکاران زیاتر دەبێت. سەندیکاکە داوا دەکات پێش بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵ و راپۆرتێکی بەپەلە، وردبینیی زیاتر بکەن بۆ ئەوەی جوگرافیا و وردەکاریی جەنگیی تێدا نەبێت، چونکە رەنگە ببێتە چاوساغی بۆ هێرشبەران و دابەزاندنی ورەی هاووڵاتیان.
لە کۆتاییشدا سەندیکاکە جەختی لەسەر پاراستنی تەبایی، ورەی جەماوەر و سەلامەتیی تیمە میدیاییەکان کردووەتەوە وەک ئەرکی لەپێشینەی ئەم قۆناغە. ئەم رێنماییە هاوکاتە لەگەڵ ئەو هێرشە درۆنییەی کە ئەمشەو کرایە سەر گردی (UN) لە سلێمانی، کە وایکردووە دەزگا ئەمنی و ئیدارییەکان داوای مامەڵەی بەرپرسیارانە لە هەموو لایەک بکەن.
دەزگای ئاسایشی هەرێم بە رەسمی پشتڕاستی کردەوە کە ئەو تەقینەوەیەی ئەمشەو لە شاری سلێمانی روویدا، هێرشێکی درۆنی بووە بۆ سەر گردی (UN) و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی مرۆیی نەبووە.
لە راگەیەندراوێکدا، دەزگای ئاسایشی هەرێم وردەکاریی رووداوەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە کاتژمێر 10:20 خولەکی ئەمشەو سێشەممە، لەرێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) هێرش کراوەتە سەر گردی ریعایە کە لە ناو خەڵکدا ناسراوە بە گردی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) لە شاری سلێمانی. ئاسایش ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردووە.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە کە بەدڵنیاییەوە هێرشەکە بە درۆن ئەنجامدراوە، بەڵام هیچ زیانێکی مرۆیی لێ نەکەوتووەتەوە و لێکۆڵینەوەکانیش لە رووداوەکە هێشتا بەردەوامن. ئەم روونکردنەوەیەی ئاسایش هێوربوونەوەیەک دەداتە دانیشتووانی سلێمانی، بەتایبەت دوای ئەوەی پێشتر بەهۆی دەنگی بەهێزی تەقینەوەکەوە لە گەڕەکی بەرانان، دڵەڕاوکێیەکی زۆر دروست ببوو و پارێزگاری سلێمانیش هۆشداریی دابووە هاووڵاتیان.
پارێزگاری سلێمانی داوا لە هاووڵاتیانی شارەکە دەکات بە مەبەستی سەلامەتییان و دروستنەکردنی ئاستەنگ بۆ تیمەکانی فریاگوزاری، بە هیچ شێوەیەک نزیکی ناوچە بۆردومانکراوەکەی گەڕەکی بەرانان نەکەون.
لە راگەیەندراوێکی بەپەلەدا، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی ئاراستەی دانیشتووانی شارەکە کرد. لە پەیامەکەیدا پارێزگاری سلێمانی داوا دەکات کە لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانی خۆیان و رێگرینەکردن لە کارەکانی تیمە فریاگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە هیچ شێوەیەک سەردانی شوێنی بۆردومانەکەی گەڕەکی بەرانان نەکەن. هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە هاووڵاتیان لە ماڵەکانیان بمێننەوە و بێنەدەرەوە، و تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت، ئەو رێگایانە بەکارنەهێنن.
ئەم هۆشدارییەی پارێزگاری سلێمانی راستەوخۆ دوای ئەوە دێت کە کەمێک پێش ئێستا هێرشێک یان بۆردومانێک کرایە سەر گەڕەکی بەرانان لە ناوەڕاستی شاری سلێمانی. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە گشتی بە دۆخێکی ئەمنی و سەربازیی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێدەچێت کاریگەرییەکانی جەنگەکە گەیشتبێتە سەنتەری شارەکانی هەرێمی کوردستانیش.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداری دەدات کە بەهۆی رێگریکردن لە پشکنەرەکان و کەڵەکەبوونی یۆرانیۆمی پیتێنراو، ناتوانن دڵنیایی بدەن کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە.
لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، رافائیل گرۆسی رایگەیاند کە لە راپۆرتەکانیدا هەمیشە هەڵوێستێکی روون و جێگیری هەبووە. ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێت ئێران سەرقاڵی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمییە، بەڵام هەبوونی بڕێکی زۆر لە یۆرانیۆمی پیتێنراو کە نزیکە لە ئاستی دروستکردنی چەک، جێگەی نیگەرانییەکی زۆر جدییە.
هەروەها رەخنەی توندی لە تاران گرت بەهۆی ئەوەی رێگە نادات پشکنەرەکانی ئاژانسەکە بە تەواوی دەستیان بگاتە بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکان.
گرۆسی جەختی لەوە کردەوە کە بەپێی راپۆرتەکانی پێشووی، تا ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکاریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) نەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە رێکارەکانی پاراستن، ئاژانسەکە لەو پێگەیەدا نابێت کە دڵنیایی بدات بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەدەر لە چەک و تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە.
ئەم لێدوانەی گرۆسی لە کاتێکدایە کە گرژییەکان گەیشتوونەتە لوتکە و ئیسرائیلیش بانگەشەی خاپوورکردنی پێگە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردووە، ئەمەش زیاتر دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە عیراق داوای راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەکات و جەخت لەسەر پاراستنی باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان لە بەغدا دەکاتەوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆی لە بەغداد چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاویکردەوە؛ چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند کە پێشهاتە ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیان تاوتوێ کردووە.
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی ستایشی ئەو ناڕەزایەتییە جەماوەرییە گەورەیەی کردووە لە بەرامبەر کوژرانی عەلی خامنەیی، و داوای کردووە لە چوارچێوەی یاسا و ئازادیی رادەربڕیندا خەمباریی خۆیان بۆ ئەو رووداوە و هاوسۆزی بۆ گەلی ئێران دەرببڕن.
هەروەها پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ حکومەت و هێزە ئەمنییەکان دووپات کردووەتەوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی سەروەری، سەپاندنی یاسا، پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت، و بەتایبەتی دابینکردنی پاراستن بۆ نێردە دیپلۆماسی و باڵیۆزخانەکان.
لە کۆتاییدا، چوارچێوەی هەماهەنگی داوای راگرتنی دەستبەجێی "دەستدرێژییەکانی" سەر کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کردووە بۆ ئەوەی گەلانی ناوچەکە لە نەهامەتی و زیانی زیاتر بەدوور بن، و داواشی لە دامەزراوە نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بەرپرسیارێتیی خۆیان لەپێناو سەقامگیریی ناوچەکە هەڵبگرن.
ئەم راگەیەندراوە لە کاتێکدایە کە چوارچێوەکە جەختی لەسەر پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتیش کردووەتەوە بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی نیشتمانی بپارێزێت و کۆدەنگیی نیشتمانی بهێنێتە دی.
وەزارەتی نەوتی عیراق دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان کە سەرەڕای داخستنی گەرووی هورمز و راگرتنی هەناردەی نەوت، سەرجەم پاڵاوگەکان و وێستگەکانی دابەشکردنی سووتەمەنی بەردەوامن لە کارکردن.
لە روونکردنەوەیەکی رەسمیدا، وەزارەتی نەوتی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە سەرجەم پاڵاوگەکانی باشوور، ناوەڕاست و باکووری وڵاتەکە بەردەوامن لە کارکردن بە توانای تەواوی خۆیانەوە بۆ بەرهەمهێنانی جۆرە جیاوازەکانی سووتەمەنی وەک گازۆیل، نەوتی سپی و بەنزین. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە رێگەی ئەم بەرهەمهێنانەوە پێداویستییە ناوخۆییەکانی رۆژانە پڕدەکرێنەوە و بڕی زیادەش لە کۆگاکاندا هەڵدەگیرێت. هاوکات، دڵنیایی داوە کە وێستگەکانی دابەشکردنی سووتەمەنی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و رێگە دەرەکییەکان لەسەرانسەری وڵاتدا ٢٤ کاتژمێر کار دەکەن بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی نەوت روونی کردووەتەوە کە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بەهۆی کەمبوونەوە و راگرتنی هەناردەکردنەوە کە دەرئەنجامی داخستنی گەرووی هورمزە، هیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەر بەردەوامیی کاری پاڵاوگەکان و بەرهەمهێنانی جۆرەکانی سووتەمەنی و غازی شل. وەزارەتەکە دووپاتی کردووەتەوە کە پرۆسەی دەرهێنانی نەوتی خاو و وەبەرهێنانی غازی هاوەڵ بەردەوام دەبێت تەنیا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆییەکانی وڵاتەکە.
سوپای پاسدارانی ئێران لە نوێترین راگەیەندراویدا ئەمریکا و ئیسرائیل بە کوشتنی زیاتر لە 700 هاووڵاتیی مەدەنی تۆمەتبار دەکات و دەڵێت نەخۆشخانە، قوتابخانە و تەنانەت هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕانیش کراونەتە ئامانج.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە راگەیەندراوی ژمارە 15ـی خۆیدا ئاشکرای کردووە کە لە ماوەی 4 رۆژی رابردووی جەنگەکەدا، بەپێچەوانەی بانگەشەی بەئامانجگرتنی ناوەندە سەربازییەکان، سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل بە مەبەستی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ، زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر قوتابخانە، نەخۆشخانە، یاریگا، چێشتخانە و هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان.
پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی ئەم هێرشانەوە تا ئێستا زیاتر لە 700 هاووڵاتیی مەدەنیی ئێرانی کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لە زیانەکانی 24 کاتژمێری رابردوو کراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی موشەکێکی جۆری 'تۆماهۆک' بۆ سەر ماڵێک لە شاری شنۆ، تەواوی ئەندامانی خێزانێک کوژراون. هەروەها بەهۆی پێکانی ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە شارۆچکەی سەلمان 5 کەس، و لە گەڕەکی قاسمیەی شاری ورمێش بەهۆی پێکانی ماڵێکەوە ژن و مێردێکی بەتەمەن گیانیان لەدەستداوە. هاوکات ئەمڕۆش هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان و چەند ماڵێک لە شاری کەنگاوەر کراونەتە ئامانج.
لە کۆتاییدا سوپای پاسداران هۆشداریی توند دەدات کە ئەم هێرشانە بێ وەڵام نابن و جەنگی دژی ئەمریکا و ئیسرائیل پێ دەنێتە قۆناغێکی قووڵترەوە. داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات بێدەنگی بشکێنن و هەنگاو بۆ دادگاییکردنی بەرپرسانی سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل بنێن.
ئەم راگەیەندراوەی پاسداران وەڵامێکی راستەوخۆیە بۆ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ کە رایگەیاندبوو تەنیا پێگە سەربازییەکانیان پێکاوە، و لێرەدا تاران دەیەوێت قەبارەی زیانە مەدەنییەکان، بەتایبەت لە ناوچە کوردییەکانی وەک شنۆ و ورمێ، بە جیهان نیشان بدات.
وەزیری دەرەوەی عوممان سوپاسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵەکانیان لەپێناو وەستاندنی جەنگ، و داوای ئاگربەستی دەستبەجێ دەکات.
لە پەیامێکدا کە ئاراستەی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵکی کردووە کە لە هەر چوار گۆشەی جیهانەوە پەیوەندییان پێوە کردوون، بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان سوپاسی ئەو پشتیوانییەی کرد کە بۆ هەوڵەکانیان لەپێناو وەستاندنی جەنگ نیشاندراوە.
وەزیری دەرەوەی عوممان رایگەیاند کە بەهۆی ئەو هاوسۆزییەوە بەهێزتر بوون، و وڵاتەکەی جەخت دەکاتەوە لەسەر داواکارییەکەی بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی دەستبەجێ و گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسییەکی بەرپرسیارانەی هەرێمی.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە رێگە و دەرچەی چارەسەر لەبەردەستدان، و داوای کرد کە ئەو رێگایانە بەکاربهێنرێن بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکە.
ئەم پەیامەی عوممان لە کاتێکدایە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانەکانیدا رایگەیاندبوو ئێران هێرشی کردووەتە سەر چەند وڵاتێکی کەنداو لەوانەش سوڵتاننشینی عوممان. ئێستا عومان دەیەوێت لەرێگەی دیپلۆماسییەوە رۆڵی نێوەندگیرییەکەی بگیڕێت و رێگری بکات لە تەشەنەسەندنی زیاتری جەنگەکە.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار دەدات بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتیی مانگی شوبات رادەستی حکومەتی فیدراڵ بکات.
لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ 3ـی ئازاری 2026 بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم ئاشکرای کردووە کە سبەی چوارشەممە 4ـی ئازار، بڕی 120 ملیار دینار دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عیراق.
ئەم بڕە پارەیە کە وەک داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی شوبات دیاریکراوە، بە شێوەی کاش دەخرێتە سەر هەژمارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عیراق.