بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، کە هێزەکانیان توانیویانە ئەو تۆمەتبارە دەستگیر بکەن، کە لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا زیانی بە چەند ئۆتۆمبێلێکی هاووڵاتیان گەیاندبوو، دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆیی روداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە و دەنگدانەوەی لێکەوتەوە.

ئاسایش ئاماژەی بەوە کردووە، کە دەستبەجێ دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، هێزەکانیان دەستیان بە بەدواداچوونی ورد و چڕ کردووە بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەری ئەو کارە.

ئاسایش ئاماژەی بەوەکردوە،  لە ئەنجامی بەدواداچوونەکاندا توانیویانە ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا بکەن کە ناوی (ش. ئـ. ص)ـە و دواتر بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکراوە.

لە ئێستاشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و رێکارە یاساییەکان لە دژی بەردەوامن.