لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی چاودێری مەیدانی ئاژەڵ و لایەنی تەندروستی ئەو ئاژەڵانە دەكەن كە لە رۆژانی جەژنی قورباندا سەردەبڕدرێن.

بابان ئەحمەد سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لیژنەیەكی تایبەت سەردانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی كردووە و رێكاری پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی ئەو ئاژەڵانەی لە جەژندا دەكرێن بە قوربانی تەنها لە كوشتارگەی مۆدێرنی سەرببڕدرێن و لیژنە و پزیشكی ڤێتێرنەری سەرپەرشتی بكات.

راشیگەیاند، رێگە نادەن لە شوێنی ناتەندروست و نەشیاودا ئاژەڵ سەرببڕدرێت، هەركەسێكیش ئەو كارە بكات ڕێكاری یاسایی توندی لەگەڵ دەگرنەبەر.

ئاماژەی بەوەشكرد، لیژنەی تایبەت سەردانی ئەو چێشتخانە و میوانخانانەیان كردووە كە لە رۆژانی جەژن گەشتیاران سەردانیان دەكەن و رێنمایی پێویستییان پێداون، هەر شوێنێكیش پابەندی رێنماییەكان نەبێت سزا دەدرێت.