وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رێکاری رەفتاری پیشەیی مامۆستایان و خوێندکارانی لە زانکۆ و پەیمانگەکان ئیمزا کرد، کە رێگری دەکات مامۆستا پەیوەندی سۆزداری، هاوسەرگیری، یان پەیوەندی تەلەفۆنی تایبەت لەگەڵ خوێندکاراندا دروست بکات.
د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، رێکارەکەی ئیمزا کردووە کە تەواوی زانکۆ، ئەنجومەن، دەستە و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، هەروەها ئامانج لێی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و دیاریکردنی ستانداردەکانی رەفتاری پیشەیییە لە قۆناغەکانی خوێندنی بەرایی، خوێندنی باڵا و بۆردی کوردستانی.
تەوەرەی یەکەم، رەفتاری ئەکادیمی و پیشەیی مامۆستایان رەفتاری یەکسان: قەدەغەیە جیاوازی لە نێوان خوێندکاراندا بکرێت لەسەر بنەمای ئایین، نەتەوە، رەگەز، بیروڕا، یان باری ئابوری و کۆمەڵایەتی.
پەیوەندییەکانی مامۆستا و خوێندکار: قەدەغەیە مامۆستا پەیوەندی سۆزداری، هاوسەرگیری، یان پەیوەندی تەلەفۆنی تایبەت لەگەڵ خوێندکاراندا دروست بکات. لە حەڵەتی هاوسەرگیری لە کاتی خوێندندا، مامۆستاکە دەگوێزرێتەوە بۆ دەرەوەی بەش و کۆلێژەکە.
پەیوەندیی تەلەفۆنی: پەیوەندییەکان دەبێت لە رێگەی ئیمەیڵی رەسمی، پلاتفۆرمی زانکۆ (LMS)، یان لە رێگەی نوێنەری پۆل و سەرۆک بەشەوە بێت.
رێگریکردن لە بەرتیل و دیاری: وەرگرتنی دیاری لە خوێندکاران بە بەرتیل هەژمار دەکرێت و کەیسەکە رەوانەی دادگا دەکرێت.
رێگریکردن لە بەرژەوەندیی خزمایەتی: مامۆستا بۆی نییە وانە بڵێتەوە، بێتە سەرپەرشتیار یان ئەندامی لیژنەی تاوتوێکردن، ئەگەر خوێندکارەکە خزمایەتی تا پلە چوار لەگەڵیدا هەبێت.
شێوازی وانەوتنەوە: دەبێت وانەکان بە بێلایەنی بڵێنەوە و دەستەواژەی هاندەر بۆ دووبەرەکی، جیاکاری نەتەوەیی یان ئایینی بەکارنەهێندرێت.
هەڵسەنگاندن و نمرەدان: نمرەی خوێندکاران تەنها لەسەر بنەمای هەوڵ و کۆششی زانستی دەبێت و نابێت پەیوەندییە کەسییەکان کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکان هەبێت.
پاراستنی ئاکاری گشتی: قەدەغەیە مامۆستا لەژێر کاریگەری خواردنەوە کحولییەکان بچێتە ناو حەرەمی زانکۆ یان هۆڵەکانی خوێندن.
گەیاندنی زانیاری و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: دەبێت مامۆستایان بە وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەن بۆ پاراستنی ناوبانگی زانکۆ.
تەوەرەی دووەم: رەفتار و ئەرکەکانی خوێندکاران پشت بەستن بە توانای خۆیی: خوێندکار دەبێت لەسەر بنەمای توانای زانستی خۆی نمرە بەدەستبهێنێت و قەدەغەیە پەنا بباتە بەر واسیتە، فشار، یان هەڕەشەکردن لە مامۆستا.
پەیوەندی رەسمی: خوێندکاران بۆیان نییە پەیوەندی کەسی یان تەلەفۆنی راستەوخۆ لەگەڵ مامۆستا دروست بکان یان بانگهێشتی خوان و پێشکەشکردنی دیاری بکان.
پۆشاک و کۆدی جلوبەرگ: دەبێت خوێندکاران رەچاوی ئادابی گشتی و کولتوری کۆمەڵگە بکەن و پابەندی رێنماییەکانی (Dress Code)ی زانکۆ ببن.
بەکارهێنانی مۆبایل: بەکارهێنانی مۆبایل لە ناو هۆڵەکاندا قەدەغەیە، مەگەر بە رەزامەندی مامۆستا و بۆ مەبەستی فێربوون بێت.
تۆمارکردنی دەنگ و وێنە: تۆمارکردنی وێنە، ڤیدیۆ یان دەنگی مامۆستا لە کاتی وانەدا بە بێ رەزامەندی پێشوەختە بە تەواوی قەدەغەیە.
ناوهێنانی مامۆستا: پێویستە لە کاتی ناوهێناندا پاشگری زانستی یان پێشگری "مامۆستا" بەکاربهێندرێت.
پاراستنی ئارامی و کەلوپەلەکان: ئەنجامدانی چالاکی سیاسی، ئایینی و کۆمەڵایەتی یان سازدانی ئاهەنگی کەسی (وەک رۆژی لەدایکبوون) لە ناو حەرەمی زانکۆدا بە بێ مۆڵەت قەدەغەیە.
قەدەغەکردنی ماددە زیانبەخشەکان: بردنەژوورەوەی چەک، خواردنەوە کحولییەکان، یان دروستکردنی ئاژاوە و تێکدانی ژینگەی ئۆتۆمبێل یان هۆڵەکان قەدەغەیە.
ئامادەبوون لە وانەکان: دواکەوتن لە وانەی یەکەم تەنها تا 10 خولەک بە پاساوی رەوا رێگەپێدراوە، لە وانەکانی تردا مامۆستا سەرپشکە لە رێگەنەدان بە چوونی خوێندکار بۆ ناو هۆڵ.
تەوەرەی سێیەم: حوکمە گشتییەکان هەفتەی ئاڕاستەکردن (Orientation): زانکۆکان پێویستە لە هەفتەی یەکەمی خوێندندا رۆژێک بۆ ئاشناکردنی خوێندکارانی قۆناغی یەکەم بە رێنماییەکان تەرخان بکەن.
سەرپێچی و سزاكان: هەر جۆرە جیاکاری یان سەرپێچییەک بەپێی یاسای بەرژەوەندیکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژماره (14)ی ساڵی 1991 و رێنمایی بەرزەفتکردنی خوێندکاران دادگایی یان رێکاری یاسایی لەبەرانبەر دەگیرێتەبەر.
قەدەغەکردنی جگەرەکێشان: جگەرەکێشان و ڤەیپ لە ناو زانکۆ قەدەغەیە، جگە لەو شوێنانەی تایبەت دەکرێن (Smoking Area).
پاراستنی نهێنی سکاڵاکار: ناو و ناسنامەی ئەو کەسانەی سکاڵا لەسەر پێشێلکارییەکان پێشکەش دەکەن بە نهێنی دەپارێزرێت.
جێبەجێکردن: ئەم رێکارە لە رۆژی دەرچوونییەوە دەچێتە بوار جێبەجێکردن و بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) و ساڵانی دواتر بەکاردەهێندرێت.
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، ئێران بە هەر نرخێک بێت دەیەوێت رێککەوتن بکات بەڵام رێگەی پێنادرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران بە هەموو شێوەیەک هەوڵی بەدەستهێنانی رێککەوتن دەدات و خوازیاری گەیشتنە بە رێککەوتن بە هەر نرخێک بێت، بەڵام جەختی کردەوە کە تاران بە هیچ جۆرێک دەستی بە چەکی ئەتۆمی ناگات.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، رەنگە شەڕی ئێران پێش یان دوای هەڵبژاردنی خولی نیوەی ئەمریکا کۆتایی پێبێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە ئیمزا لەسەر رێککەوتنێک بکات کە کەموکوڕی تێدابێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە جەنگی روسیا و ئۆکراین، ترەمپ داوای لە ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین کرد هێرشەکانی بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی روسیا رابگرێت، هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندییە بازرگانی و سیاسییەکانی واشنتۆن لەگەڵ پەکین کرد و رایگەیاند، چین لە چەند ساڵی رابردوودا بە دادپەروەرییانە مامەڵەی لەگەڵ ئەمریکادا کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی، ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستگیرکردنی تیرۆریستێک بە ناوی (ئەبو ساهیر)، کە یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە کەرکوک راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە ئۆپراسیۆنێکی پێشوەختە و ورددا، توانرا یەکێک لە تیرۆریستە داواکراوەکان بەپێی ماددەی (4/1) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەستگیر بکرێت، کە بە (ئەبو ساهیر) ناسراوە و لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بە ئامانجێکی ئاستبەرز و گرنگ هەژمار دەکرا.
ئاماژەی بەوەش کرد، دەستگیرکردنی ناوبراو دوای بەدواداچوونی چڕی هەواڵگری هات، کە بووە هۆی دەستنیشانکردنی شوێنی خۆحەشاردانی لە ناحیەی (یایچی) لە پارێزگای کەرکوک، و پرۆسەی هەڵکوتانە سەر شوێنەکە بە هەماهەنگی لەنێوان بەشی هەواڵگریی فیرقەی هەشت و هۆبەی هەواڵگریی یایچی ئەنجامدرا.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتوو، زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تیرۆریستە دەستگیرکراوەکە چەندین پۆستی لەوەی پێی دەوترا "ویلایەتی عیراق" وەرگرتووە؛ لەوانە کارکردن لە "فیرقەی یەرمووک" لە پارێزگای ئەنبار لە سنووری سەقڵاویە، جگە لە وەرگرتنی بەرپرسیاریەتی لەوەی پێی دەوترا "دیوانی خزمەتگوزارییەکان" لە سەردەمی دەسەڵاتی چەکدارانی داعش لە بەشێک لە ناوچەکانی ئەنبار.
سەرباری ئەوەش، جەخت کراوەتەوە کە رێکارە یاساییە پێویستەکان بەرانبەر تۆمەتبارەکە گیراونەتە بەر بە مەبەستی رەوانەکردنی بۆ دادگا بەپێی یاسا بەرکارەکان.
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، پەیامێکی هاوخەمی بۆ شەهیدبوونی سیپان حوزنی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە، "شەهید سیپان بە خوێنی خۆی جارێکی تر سەلماندی کە ڕێگای بەرگری و فیداکاری، ڕێگایەکی پڕ لە قوربانییە".
دەقی پەیامەکەی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
بەدڵێکی پڕ لەخەمەوە پرسە و سەرەخۆشیی لە کەسوکاری شەهید سیپان حوزنی، ئەندامی هەسەدە و شەڕڤانی لیوای حەسەکە، دەکەم؛ کە لەتاوانێکی دڕندانەدا شەهیدکرا.
شەهید سیپان بە خوێنی خۆی جارێکی تر سەلماندی کە ڕێگای بەرگری و فیداکاری، ڕێگایەکی پڕ لە قوربانییە.
بەشداری خەمی بنەماڵەی شەهیدم و لە خودای گەورە داواکارم سەبر و ئارامییان پێ ببەخشێت، ئاشتی باڵ بکێشێتەوە بەسەر ناوچەکەدا.
یاد و ناوی شەهید سیپان حوزنی بۆ هەمیشە بە ڕێز و شانازییەوە دەمێنێتەوە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
لێکۆڵینەوەیەک ئاشکرایدەکات، بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا، کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە لە گۆڕینی رەوتی شەڕەکە.
کۆمپانیای ئەنسرۆپیک راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی ژیری دەستکرد بەگشتیی و 'کڵاود' بەتایبەتی دەردەخات.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لەلایەکەوە ئێران لە بەئامانجگرتنی بەشێک لە پێگە و کەشتییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، ژیریی دەستکردی کۆمپانیای 'کڵاود'ـی وەک سەرچاوەیەک بۆ دروستکردنی رێبەری دەستنیشانکردنی ئامانجەکان و پێگەی کەشتییەکان و کۆکردنەوەی زانیاریی لەبارەی شێوە و جۆری فڕۆکەکان، بەکارهێناوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، حوسییەکانی یەمەنیش لە دروستکردنی مۆدێلی پێشکەوتووی موشەک و درۆن، پشتیان بە بەکارهێنانی ئەم مۆدێلە لە ژیریی دەستکرد بەستووە بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و دیاریکردن و کردنە ئامانجی ئامانجەکانیان.
هاوکاتی ئەمانە، روسیاش مۆدێلێکی نوێی درۆنی دروستکردووە و لە بەرانبەر ئۆکراین بەکاریدەهێنێت، کە هیچ مرۆڤێک و ئاڕاستەکەرێکی پێویستنەبێت بۆ پێکانی ئامانجەکانی، بەڵکو پشت بە ژیریی دەستکرد ببەستێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، یاسای نیشتمانی بۆ گەشەپێدانی ژیریی دەستكردی ئاڕاستەی مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری وڵاتەكە كرد بۆ پەسەندكردنی.
ئەم یاسایە كە لە 12 ماددە پێكدێت، بڕیاری دامەزراندنی رێكخراوێكی نیشتمانی سەربەخۆ لەژێر سەرپەرشتی سەرۆك كۆمار دەدات بۆ رێكخستن و گەشەپێدانی سیستەمی ژیریی دەستكرد لە وڵاتەكەدا.
لە روداوێکی دەگمەندا لە هەولێر، پزیشکێک چاوی نەخۆشێکی کوێرکردووە و دواتریش سکاڵای لەسەر تۆمارکردوون، هاوسەری نەخۆشەکە دەڵێت، "پزیشکەکە سوکایەتی پێکردین".
ئەو کەسەی چاوێکی لەدەستداوە دەڵێت: هەست دەکەم کەیسەکەم لە هەموو شوێنێک بەلاڕێدا دەڕوات و پزیشکەکە دەیەوێت کەیسەکەم 'دەمکوت' بکرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە: داواکارم بەدواداچوون بکرێت بۆ بڕوانامەی پزیشکەکە چونکە تەنها بەناو پزیشکە.

هاوسەری نەخۆشەکە بە کوردسات نیوزی راگەیاند: سێ مانگ پێش ئێستا هاوسەرەکەم کێشەی لە چاویدا بۆ دروست بوو، چوینە لای ئەو پزیشکە، وتی کۆمەڵێک دەرزی بەکاردەهێنین گەر چاک نەبوو 'لێزەر'ـی بۆدەیەکن، بە هیچ جۆرێک باسی نەشتەرگەری نەکرا.
هاوسەری نەخۆشەکە زیاتری بۆ کوردسات نیوز باس کرد: دوای دەرزییەکان رەوشی هاوسەرەکەم باشتر بوو، بەڵام پزیشکەکە وتی گەر نەشتەرگەری بۆ نەکرێت کوێر دەبێت، بەڵام دوای نەشتەرگەرییەکە چاوەکە نەیبینی، چوینە لای دکتۆرەکە وتی دەبێت نەشتەرگەرییەکی دیکەی بۆ بکەین، ئێمە چوینە لای چەند پزیشکیکی تر بەڵام وتیان کێ نەشتەرگری بۆکردووە با هەر ئەو بۆی بکات.
"دواتر توشی پچڕانی 'شەبەکەی چاو' بوو، چوینەوە لای پزیشکەکە، وتی پێویستە نەشتەرگەری بۆبکرێت و چوار دەرزی لە چاوی دا، دواتر هاوسەرەکەم باش نەبوو، چوینەوە لای دکتۆرەکە و پێمان وت کە متمانەمان پێت نەماوە"، هاوسەری نەخۆشەکە وادەڵێت.

زیاتر بۆ کوردسات نیوز باسدەکات و دەڵێت: پزیشکەکە توڕەبوو وتی 'من خودا نیم' پاڵی بە دایک و باوکی نەخۆشەکەوەنا و کردنیە دەرەوە و سوکایەتی پێکردن، سکاڵامان تۆمارکردووە بەڵام کارەکان زۆر بە هێوشی بەڕێوەدەچن.
"سەرەڕای ئەوانە، من و دایک و باوکی نەخۆشەکە بانگهێشتی بنکەی پۆلیس کراین و لێکۆڵینەوەمان لێ کرا"، هاوسەری نەخۆشەکە وادەڵێت.
فالح ساری، وەزیری دارایی عیراق ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، لە چوارچێوەی رێکارەکانی وەزارەت بۆ یەکلاکردنەوەی قەرزە داراییەکانی سەر دەوڵەت بۆ کەرتی ک کشتوکاڵ، بڕی 500 ملیار دینار لە شایستە داراییەکانی جووتیاران لەم مانگی ئەیلوولەدا خەرج دەکرێت.
وەزیری دارایی روونیکردەوە، وەزارەتەکەی بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی رێکارەکان بۆ دانانی تەواوی شایستەی دارایی جووتیاران لە مانگەکانی داهاتوودا، تاوەکو بەپێی رێکارە داراییە پەسەندکراوەکان هەموو قەرزەکان بە تەواوی سفر دەکرێنەوە.
وەزیری دارایی ئاماژەی بە گرنگی کەرتی کشتوکاڵ و رۆڵی جووتیاران دا لە پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی و بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک، و جەختی کردەوە لەسەر پەرۆشی وەزارەتی دارایی بۆ دابینکردنی پێداویستییە داراییەکان بە مەبەستی بەردەوامبوونی چالاکییە کشتوکاڵییەکان.
ناوبراو وتیشی: ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی رێکخستنی پرۆسەی دانەوەی شایستە داراییەکاندایە، بە جۆرێک کە بەردەوامی تەمویلکردنی پێویست بۆ وەرزەکانی کشتوکاڵ و جێگیربوونی کەرتەکە لە وڵاتدا مسۆگەر بکات.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سبەینێ دووشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا لە عومان، عیراق و وڵاتانی کەنداو لە وردەکارییەکانی رێڕەوە دەریاییە نوێیەکە لە گەروی هورمز ئاگادار دەکەنەوە.
عراقچی روونیکردەوە، کارنامەی کۆبوونەوەکەی مەسقەت بە پلەی یەکەم تەرخانکراوە بۆ رێکخستن و ئالیەتی کەشتیوانی لە رێڕەوە دەریاییە نوێیەکە لە ناو گەروەکەدا.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیشی کردەوە، مەرجی وڵاتەکەی بۆ دووبارە کردنەوەی تەواوەتیی گەروی هورمز، گەڕانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە بۆ پابەندبوونی بە بڕگەکان و جێبەجێکردنی "یاداشتی ئیسلام ئاباد".
وەزارەتی دارایی عیراق پارەی موچەی مانگی هەشتی موچەخۆرانی هەرێمی خەرجكرد و سبەینێ دووشەممە پارەكە دەگاتە وەزارەتی دارایی هەرێم.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، وەزارەتی دارایی عیراق موچەی مانگی هەشتی موچەخۆرانی هەرێمی خەرجكرد و سبەینێ وەزارەتی دارایی هەرێم پارەكە لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی وەردەگرێت.
بەپێی زانیارییەكانی كوردسات نیوز، چاوەڕوان دەكرێت رۆژی سێشەممە دەست بە دابەشكردنی موچەی موچەخۆران بكرێت و تاوەكو رۆژی پێنجشەممە كۆتایی بە دابەشكردنی موچە بهێنرێت.
لەبارەی موچەی موچەخۆرانی گرێبەستیشەوە سەرچاوەیەك بە كوردسات نیوزی راگەیاند، دوای تەواوبوونی دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانی هەمیشەیی، دەست دەكرێت بە كۆكردنەوەی داهات تا لەماوەی هەفتەیەكدا موچەی فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش بكرێت.
تیرۆرستانی داعش لە دەریاچەی حەمرین هەڵیانکوتاوەتە سەر بەلەمێکی راوەماسی و چوار ماسیگریان رفاندووە و بەهۆی ئەو روداوەشەوە، راوەماسی بۆ ماوەیەکی کاتی لە دەریاچەکە قەدەغەکرا.
تەها محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، چوار ماسیگر کە بۆ راوە ماسی چووبوونە دەریاچەی حەمرین، لەلایەن چەند تیرۆرستێکی داعشەوە رفێنران.
ئاماژەی بەوەشدا، دوابەدوای ئەو روداوە، هێزە ئەمنییەکان ئاگادارکرانەوە و دەستبەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوە و ئۆپەراسیۆنی کێوماڵ و گەڕان کرد و دوای گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان، دووان لە رفێنراوەکان توانیان لەدەست تیرۆرستەکان رزگاریان بێت.
ئەوەشی روونکردەوە، بەهۆی ئەو رووداوە هێزە ئەمنیەکان قەدەغەی راوەماسیان لە دەریاچەی حەمرین راگەیاند و داواشیان لە راوچیەکان کرد پابەندی بڕیارەکان بن تا ئەوکاتەی رەوشی ناوچەکە ئاسایی دەبێتەوە.
مەسعود پزیشکیان رایگەیاند، لە ئێستادا وڵاتەکەی ناتوانێت بڕیار لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەوخۆ و بێ مەرجی پێشوەختە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بدات.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی 'ئیندیا تودەی'، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئامادەیی تاران بۆ دانوستان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا وتی، لە ئێستادا ناتوانن بڕیارێکی لەو شێوەیە بدەن، چونکە رێبەرەکەیانیان کوشتووە و ئەو کارەساتەی ئەمریکا بۆ وڵاتەکەیان دروستی کردووە هەرگیز لە یادیان ناچێتەوە.
لەبارەی ئەوەی ئایا ئەم وتانەی رەتکردنەوەی دانوستانە لەگەڵ ترەمپ، وتی: بابەتەکە بەو سادەییە نییە، بەڵکو دەبێت پێش هەموو شتێک کەشوهەوای متمانە لەنێوان هەردوولا دروستبکرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، پزیشکیان تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و بە دیاریکراوی عەرەبستانی سعودیە و روونیکردەوە، ئێمە لەگەڵ سعودیە لە شەڕدا نین و حوسییەکانیش کێشەی تایبەت بە خۆیان لەگەڵ سعودیە هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ناوبراو دووپاتیشی کردەوە کە هیچ هۆکارێک بۆ دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا بوونی نییە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێرش كرایە سەر كەشتییەكی بازرگانی لە دورگەی قشم و بەپێی میدیاكانی ئێران، لە هێرشەكەدا كەسێك كوژراوە و سێ كەسی تر بریندار بوون.
میدیا رەسمییەكانی ئێران بڵاویانكردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، هێرشكراوەتە سەر كەشتییەكی بازرگانی لە دورگەی قشم و هێرشەكە یەك كوژران و سێ بریندار لێكەوتووەتەوە.
هاوكات، رێكخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەكانی بەریتانیا رایگەیاند، كەشتییەك لە كاتی تێپەڕبوونی بە گەروی هورمزدا لەلایەن موشەكێكەوە پێكراوە، بەڵام تا ئێستا دۆخی تەندروستیی ستافەكە و قەبارەی زیانەكان نەزانراوە.
لە لایەكی دیكەوە، ئیبراهیم عەزیزی سەرۆكی لژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران راگەیاند، تا ئەوكاتەی ئەمریكا مەرجەكانی ئێران قبوڵ نەكات، هیچ سوودێك لە دانوستاندا نییە.
عیراق وادەی كردنەوەی سێ دەروازەی سنووری لەگەڵ ئێران دیاری دەكات، ئەوەش دوای داخستنیان بەهۆی هێرشەكەی سەر سعودیە.
بەپێی راگەیەندراوێكی رەسمی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی، بڕیاردراوە بە دەستپێكردنەوەی كاركردن لە سێ دەروازەی سنووری لەگەڵ ئێران كە ئەوانیش شەلامچە، مەندەلی، و شەیب بۆ هاتووچۆی گەشتیاران و بازرگانی، ئەوەش دوای تەواوكردنی پێداویستییە رێكخستنی هونەرییەكان و نوێكردنەوەی سیستەمەكانیان.
هەر بە پێی راگەیەنراوەكە، بڕیارەكە بەپێی رێنماییەكانی عەلی فاڵح زەیدی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان دەرچووە، ئەوەش دوای پێداچوونەوە بە ڕەوشی دەروازەكان و بەهێزكردنی ئاسایش و ڕێكخستنی هاتووچۆی بازرگانی و هاووڵاتییان.
ئاماژە بەوەشكراوە، دەستیپێكرد لەو دەروازەی شەلامچە لە ئەمڕوە دەستپێدەكات ئەوانی تریش لە رۆژانی دواترەوە دەستپێدەكات، وتیشی هاتووچۆ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ لایەنی ئێرانی نەوەستان و لە دەروازەكانی زڕباتییە و مەنزرییە بەشێوەی 24 سەعاتیی بەردەوامە.
ئیلۆن مەسك و كەسایەتی بەناوبانگی كۆمپانیاكانی ژیریی دەستكرد داوا دەكەن پەرەپێدانی تەكنەلۆژیای ژیریی دەستكرد خاوبكرێتەوە.
لە جیهانیی كێبڕكێی بەدەستهێننی خێراترین و باشترین تەكنەلۆژیای ژیریی دەستكرد سام ئاڵتمان، سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای و ئیلۆن مەسكی ملیاردێر چوونە پاڵ داواكارییەكەی داریۆ ئامۆدی سەرۆكی كۆمپانیای ئەنسرۆپیك بۆ دانانی سنوور و پێوەرێك لە بەردەم پەرەپێدانی زیرەكیی دەستكرد.
بەوپێیەی خێرایی گەشەكردنی تواناكانی ژیریی دەستكرد رەنگە لە داهاتوودا لە توانای مرۆڤ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی تێپەڕێت.
ئەو كەسایەتییانە داوا دەكەن بەهێزكردن و پەرەپێدانی مۆدێلەكانی ژیریی دەستكرد و بەردەستخستنیان خاوبكرێنەوە تاوەكو یاساو رێكاری پێویست پێشنیاز دەكرێت بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوەتیی چۆنییەتی بەركارهێنانی ژیریی دەستكرد.
ئەم مشتومڕانەش دوای دەركردنی جەیكۆب كۆكسن دێت لە كۆمیای ئەنسرۆپیك دوای بڵاوكردنەوەی چەند هۆشدارییەك لەبارەی سیستمە خودكارەكانی ژیریی دەستكرد و لە كۆنترۆڵدەرچونیان لە ماوەیەكی كەمدا و دروستكردنی هەڕەشەی گەورە لەسەر مرۆڤایەتیی.
وەفدی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، لە چوارچێوەی بەشداریی حکومەتی هەرێم لە ئامادەکارییەکان بۆ گەڵاڵەکردنی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـی عیراق، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدا.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا، وەفدی دانوستانکار ئەنجامی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی ئەم دواییەی خۆی لە بەغداد لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی، پلاندانان و نەوتی فیدڕاڵ خستەڕوو.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا تێڕوانین و پێشنیارە سەرەکییەکانی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە بودجەی ساڵی 2027 تاوتوێکران.
ئەوەشی روونکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر جێگیرکردنی ماف و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە، بە تایبەتی دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی بەردەوام و بێ دواخستن.
هاوکات ئەوەشی خستووەتەڕوو، گرنگە بە بەردەوامی گفتوگۆ و هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆن و نوێنەرانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەبێ جیاوازی ئەنجامبدرێن، ئەمەش لەپێناو دروستکردنی تێگەیشتن و هەڵوێستێکی یەکگرتوو بۆ پاراستنی ماف و شایستەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدڕاڵی 2027دا.
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئەنساروڵا (حوسییەکان) لە یەمەن، راستیی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای رەت کردەوە کە وتبووی حوسییەکان داوایان لە واشنتۆن کردووە هێرشەکانیان بۆ سەر نەکات.
پێشتر ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مایکل مارتن، سەرۆک وەزیرانی ئێرلاندا لە دبلن رایگەیاندبوو کە حوسییەکان داوایان لە ئەمریکا کردووە لە بەئامانجگرتنیان بپۆشێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روویان لە زیادبوون کردووە.
لە وەڵامدا، حزام الأسد، سەرکردەی بزووتنەوەی حوسییەکان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی کە لێدوانەکانی ترەمپ "درۆ و شانۆگەریین" و هیچ بنەمایەکی راستییان نییە، ئاماژەی بەوەش کرد کە رەوشی ترەمپ بەپێی پەندە جەماوەرییەکە وایە: ئەو دەستەی ناتوانیت بشکێنیت، ماچی بکە و نزای شکانی بۆ بکە.