لە نوێترین پێشهاتی گرژییەکانی ناوچەکەدا، هێزەکانی ئەمەریکا رووبەڕووی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران بوونەوە و پاش تێکشکاندنی چوار فڕۆکەی هێرشبەر، وێستگەیەکی هەڵدانی ئەو فڕۆکانەشیان لەسەر زەوی کردە ئامانج.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ تۆڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، هێزەکانی ئەمەریکا توانیویانە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری ئێرانی بخەنە خوارەوە کە ئاڕاستەی کەشتییەکی جەنگیی ئەمەریکا و کەشتییەکی بازرگانی کرابوون.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لەلایەن ئێرانەوە بە ئاڕاستەی ئەو کەشتییانە هەڵدرابوون، بەڵام پێش گەیشتنیان، هێزەکانی ئەمەریکا لە ئاسماندا تێکیان شکاندوون.

هەروەها سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، سوپای ئەمەریکا لە کاردانەوەیەکدا، وێستگەیەکی هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لەسەر زەوی کردووەتە ئامانج.

سەرۆكایەتی ئەركانی گشتی سوپای كووەیتیش لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، هێزەكانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەكەی توانیویانە بەرپەرچی چەندین هێرشی موشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێرانی بدەنەوە كە ئاراستەیانكرابوو.