سەرۆک وەزیرانی عیراق پێشوازی لە بڕیارەکەی موقتەدا سەدر دەکات
بڵند
٢٧ی ئایاری ٢٠٢٦
سەرۆک وەزیران و فەمانیاری گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق، عەلی فالح زەیدی، لە راگەیەندراوێکدا پێشوازی لە هەڵوێستی نیشتمانی و بەرپرسیارانەی موقتەدا سەدر رێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە کرد، بۆ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هێزە چەکدارەکانی و پەیوەندیکردنیان بە دەوڵەتەوە.
لە راگەیەندراوێکدا، سەرۆک وەزیرانی عیراق، جەختیکردوەتەوە، ئەم دەستپێشخەرییە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوخۆیی، چەسپاندنی شکۆی دەوڵەت و سەروەریی یاسا، هاوکات پاڵپشتییەکی جیدییە بۆ جێبەجێکردنی بنەمای قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و یارمەتیدەرە بۆ دەزگا ئەمنییەکان تا ئەرکە نیشتمانی و دەستوورییەکانی خۆیان بەجێبهێنن.
هەروەها، داواشیکردوە، لە سەرجەم گروپەچەکدارەکانی تر هاوشێوەی هێزەکانی سەرایا سەلام بەرپرسیارانە و لەژێر چەتری دەوڵەت و دامەزراوە رەسمییەکاندا کار بکەن، ئەمەش وەک تاکە گرەنتی بۆ پاراستنی عیراق، پاراستنی سەروەرییەکەی و بەهێزکردنی ئاسایش لەسەر ئەو بنەمایەی کە تەنیا دەوڵەت لایەنی رێگەپێدراوە بۆ چەسپاندنی یاسا و بەکارهێنانی هێز.
زەیدی لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، کە قۆناغی ئێستای وڵات پێویستی بە یەکخستنی هەموو هەوڵەکان و پێشخستنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی هەیە، بۆ پاراستنی یەکڕیزیی عیراق و بەرزکردنەوەی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە دەستوورییەکان لەژێر سێبەری دەوڵەتێکی بەهێزدا کە یاسا تیایدا سەروەر بێت.



