رۆژنامەی فاینانشال تایمز: هەژمارە بانكیەكەی ترەمپ بۆ غەززە بەتاڵە
کەژان
٢٧ی ئایاری ٢٠٢٦
ئەو هەژماری بانكیەیی ترەمپ لە بانكی نێودەوڵەتی بۆ ئاوەدانكردنەوەی غەززە دروستیكردوە ، بەتاڵە و یەک دۆلاریشی تێدا نییە.
رۆژنامەی (فاینانشال تایمز)ـی بەریتانیا ئاشكرایكردووە، ئەو سندوقەی بانكی نێودەوڵەتی بۆ ئەنجومەنی ئاشتی، کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا دروستیكردووە بۆ ئاوەدانكردنەوەی غەززە ، تا ئێستا هیچ پارەیەكی پێ نەگەیشتووە و بەتاڵە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، سەرەڕای ئەوەی بەڵێنی نێودەوڵەتی بە بەهای 17 ملیار دۆلار لەلایەن ئەمریكا و چەند سەركردەیەكی جیهانییەوە دراوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە، بەڵام تا ئێستا یەک دۆلاریش نەخراوەتە ئەو سندوقەوە.
وتەبێژی ئەنجومەنەكەش رایگەیاندووە، هەندێك كۆمەك و بەخشین وەرگیراون، بەڵام لە رێگەی بانكی نێودەوڵەتیەوە نەبووە، بەڵكو راستەوخۆ خراونەتە ناو هەژمارێكی سەر بە ئەنجومەنەكە لە بانكی "جی پی مۆرگانە".
بەپێی پلانەكەی ترەمپ بۆ غەززە چەند قۆناغێك لەخۆدەگرێت وەك داماڵینی چەكی حەماس، كشانەوەی هێزەكانی ئیسرائیل و پاشان دەستپێكردنی ئاوەدانكردنەوە، بەڵام راپۆرتەكە جەخت دەكاتەوە، كە تا ئێستا هیچ پێشكەوتنێكی بەرچاو لەو بوارانەدا نەكراوە و بەڵێنەكان نەبونەتە پڕۆژەی راستەقینە.



