سیانزە كەس لە رووباری دیجلەدا خنكان
لاوان
٢٩ی ئایاری ٢٠٢٦
لەكاتی هەوڵدان بۆ رزگاركردنی منداڵێك لە رووباری دیجلە، 13 كەس خنكان و تەرمی شەش كەسیان تا ئێستا گەیەندراوەتە پزیشكی دادی سەلاحەدین.
د. كامیل جەمیل، پزیشكی دادی سەڵاحەدین بە كوردسات نیوزی راگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو خێزانی دانیشتووی بەغداد، لە نزیك گوندی مەحزەمی سنووری تكریت لە سەڵاحەدین بە مەبەستی گەشت و سەیران چوونەتە سەر رووباری دیجلە، دواتر منداڵی یەكێك لەو خێزانانە كەوتووەتە رووبارەكەوە.
ئەوەشی خستەڕو، 13 كەس لەنێویاندا ئەندامانی ئەو دوو خێزانە و ژمارەیەك هاوڵاتی نزیك شوێنی رووداوەكە، لەكاتی هەوڵدان بۆ رزگاركردنی منداڵەكە كەوتوونەتە رووبارەكەوە و سەرجەمیان خنكاون، لەو ژمارەیەش تائێستا تەرمی شەش كەسیان دۆزراوەتەوە و گەیەندراونەتە پزیشكی دادی سەڵاحەدین.
بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردسات نیوز، تیمەكانی بەرگری شارستانی و پۆلیسی رووباری تكریت لە شوێنی رووداوەكەن و گەڕان و بەدواداچوونیان بۆ دۆزینەوەی تەرمەكانی تر بەردەوامە.



