هیگسێت هەڕەشە دەکات: هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران ئامادەن و کۆگاکانی چەکمان پڕن
سەوسەن سەید
٣٠ی ئایاری ٢٠٢٦
بێت هیگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، رۆژی شەممە، رایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەیە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێبکاتەوە ئەگەر نەتوانرێت بگەینە رێککەوتن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دانوستانکارانی واشنتۆن و تاران کار بۆ لابردنی ئەو کۆسپە سەرەکییانە دەکەن کە رێگرن لە بەردەم گەیشتن بە رێککەوتن.
هیگسێت لە سەنگاپوورە رونی کردەوە: توانامان هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان ئەگەر پێویست بکات ئێمە زیاتر لەوەش توانامان هەیە.
جەختیشی کردەوە: کۆگاکانی چەک و تەقەمەنیمان زیاتر لە پێویستن بۆ ئەوە، چ لەوێ و چ لە سەرانسەری جیهاندا، بۆیە ئێمە لە دۆخێکی زۆر باشدان.
هیگسێت لە میانەی وتارێکیدا لە کۆبوونەوەکانی "دیالۆگی شانگریلا" (گرنگترین کۆڕبەندی ئاسیایی بۆ سەرکردەکانی بەرگری، بەرپرسانی باڵای سەربازی و دیپلۆماتکاران)، رایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتی لە ناوچەی ئاسیا و ئۆقیانووسی ئارام نەکردووە، سەرەڕای تێوەگلانی لە ململانێ لەگەڵ ئێراندا.
ئاماژەی بەوەش کرد: دەتوانین لە یەک کاتدا دوو کار بکەین. بنکەی پیشەسازیی بەرگریمان بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێز دەکەین، بەجۆرێک لە ئایندهیەکی زۆر نزیکدا دوو هێندە، سێ هێندە، یان چوار هێندە تەقەمەنی بەرهەم بهێنین، بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی بودجەی گونجاو بۆ سەرجەم پلانەکانمان لە سەرانسەری جیهاندا.
وەزیری بەرگری وتیشی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەئارامە و دەیەوێت رێککەوتنێکی گەورە واژۆ بکات کە دەستەبەری ئەوە بکات ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.



