بارەگای "خاتەمولئەنبیا" بۆ گەشەپێدان لە ئێران، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، سەرجەم کەشتی و نەوتهەڵگرەکان کە بە رێڕەوە دەریاییەکاندا تێپەڕدەبن، پابەندن بە گرتنەبەری ئەو رێڕەوانەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دیاری دەکرێن، جگە لە پێویستیی وەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەختە لە هێزی دەریایی سوپای پاسداران.

بارەگاکە لە بەیاننامەیەکدا رونکردنەوەی داوە کە: سەرجەم کەشتی و نەوتهەڵگرەکان پابەندن بە تێپەڕبوون لەو رێڕەوانەی ئێران دەستنیشانیان دەکات، و دەبێت پێش تێپەڕبوونیان مۆڵەت لە هێزی دەریایی سوپای پاسداران وەربگرن.

هەروەها هۆشداری داوە لەوەی کە: هەر سەرپێچییەک لە بڕیارەکانی تێپەڕبوون لە گەروی هورمز، ئاسایشی تێپەڕبونی کەشتییە سەرپێچیکارەکان دەخاتە بەردەم مەترسییەکی جدییەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە: هەر رێکارێک لەلایەن کەشتییە سەربازییەکانەوە بگیرێتەبەر بۆ دەستێوەردان لە بەڕێوەبردنی گەروەکە، دەبێتە هۆی ئەوەی بکرینە ئامانجی راستەوخۆ.

جەختیشیکردوە و دەڵێت: هێزە چەکدارەکانی ئێران بە توانایەکی تەواو و بە توندی گەروی هورمز بەڕێوەدەبەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی توندکردنەوەی رێکارە رێکخستنی و ئەمنییەکان لە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییە ستراتیژییەکانی بازرگانیی نەوتی جیهاندا، کە بەشێکی زۆری هەناردەی وزەی ناوچەی کەنداوی پێدا تێپەڕدەبێت.