بڕیارێکی دادگا ناوی ترەمپ لە ناوەندی کەنەدی لادەبات
سەوسەن سەید
٣٠ی ئایاری ٢٠٢٦
دادوەرێکی فیدراڵیی ئەمریکا، فەرمانی کرد بە لادانی ناوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ناوەندی کەنەدی بۆ هونەرەکانی نواندن لە واشنتۆن، و جەختی کردەوە کە گۆڕینی ناوی رەسمیی ناوەندەکە ناتوانرێت بە بڕیارێکی تاکلایەنەی ئەنجومەنی کارگێڕی جێبەجێ بکرێت، بەڵکو پێویستی بە رەزامەندی کۆنگرێس هەیە.
کریستۆفەر کوپەر، دادوەری دادگای ناوچەیی ئەمریکا لە حوکمێکدا کە رۆژی هەینی دەریچواندووە، رایگەیاند کە ئیدارەی ترەمپ پابەندە بە لادانی سەرجەم ئەو تابلۆیانەی ناوی ترەمپیان هەڵگرتووە، لەگەڵ سڕینەوەی هەر ئاماژەیەک بۆ "ناوەندی ترەمپ کەنەدی" لە بەڵگەنامە رەسمییەکاندا لە ماوەی 14 رۆژدا.
کوپەر لە حوسێیاتی حوکمەکەدا رونی کردەوە: یاسای بنەڕەتیی ناوەندی کەنەدی بە رونی دەقاوەتەوە کە پێویستە ناوەندەکە ناوی سەرۆک جۆن ئێف کەنەدی هەڵبگرێت، و ناتوانرێت هیچ ناوێکی تری رەسمی پێ ببەخشرێت یان بکرێتە یادگارییەکی گشتی بە بڕیارێکی تاکڕەوانەی ئەنجومەنی کارگێڕی.
ئەو دادوەرە زیادی کرد: کۆنگرێس ئەو لایەنەیە کە ناوی ناوەندی کەنەدی بەخشیوە، و تەنیا کۆنگرێس خۆی دەسەڵاتی گۆڕینی هەیە.
دادوەرەکە جەختی کردەوە کە دادگا هەوڵ نادات دەستوەردان بکات لە شێوازی بەڕێوەبردنی ناوەندەکە یان سەپاندنی میکانیزمێکی کارکردنی دیاریکراو، جا چ پێوەندیدار بێت بە پلانەکانی بیناسازی، داخستن، یان هەر بڕیارێکی تری کارگێڕی.
ئەم حوکمە لەسەر بنەمای داوایەکی یاسایی هات کە لەلایەن جۆیس بێتی، نوێنەری دیموکراتەکان لە ویلایەتی ئۆهایۆ تۆمارکرابوو، کە خۆی بە حوکمی پۆستەکەی لە کۆنگرێس ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕیی ناوەندی کەنەدییە.
تا ئێستا هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ لەلایەن کۆشکی سپییەوە سەبارەت بەو بڕیارە نەدراوە.



