روسیا: بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە ئاگر لە بەندەری تاگانرۆگ کەوتەوە
سەوسەن سەید
٣٠ی ئایاری ٢٠٢٦
یوری سلیۆسار، پارێزگاری هەرێمی رۆستۆڤ لە باشووری روسیا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، بەهۆی هێرشێکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیاوە، ئاگر لە نەوتبەرێک، کۆگایەکی سووتەمەنی و باڵەخانەیەکی کارگێڕی لە بەندەری شاری تاگانرۆگ کەوتووەتەوە.
سلیۆسار لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیدا، ئاگر لە نەوتبەرێک، کۆگایەکی سووتەمەنی و باڵەخانەیەکی کارگێڕی لە بەندەری تاگانرۆگ کەوتووەتەوە، وبەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکان هیچ کەسێک بریندار نەبووە و لێکۆڵینەوە لە زانیارییەکان بەردەوامە.
دواتر لەم بەیانییەدا، دەسەڵاتدارانی تاگانرۆگ پشتڕاستیان کردەوە کە ئاگرەکەی ناو بەندەرەکە کوژێنراوەتەوە بێ ئەوەی هیچ دزەکردنێکی نەوت ڕووبدات.
لە کاتی هێرشەکەدا بۆ سەر شارەکە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەر ماڵێکی تایبەت کەوتووە و لە ئەنجامدا دوو کەس بریندار بوون، هەروەها بەهۆی هێرشی درۆنەکانەوە زیان بە چەند ماڵێکی تری تایبەت لە دوو ناوچەی هەرێمەکە گەیشتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.



