هێڵی ئاسمانی عیراق ئامادەكارییەكانی تەواوكردووە بۆ گەڕانەوەی حاجیان و بۆ چوارەم ساڵیش لەسەریەك دەستەی حەجی عیراق پلەی یەكەمی بەدەستهێنا.

كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەرجەم ئامادەكارییەكان تەواوكراون بۆ گەڕانەوەی حاجیانی عیراق لە سعودیەوە و سەرەتای مانگی حوزەیرانیش یەكەم كاروانی حاجیان دەگەڕێنەوە.
دەستەی حەجی عیراقیش بۆ چوارەمین ساڵ لەسەر یەك خەڵاتی لەبەیتومی وەك باشترین نوێنەرایەتی حەج بەدەستهێنا كە وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە ئەو خەڵاتە دەبەخشێت لە بەرانبەر پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاریی و پابەندبوون بە رێنماییەكانی حەجكردنەوە.

رۆژگار جەعفەر لێپرسراوی راگەیاندنی پرۆسەی حەجی ئەمساڵیش بە كوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو یەكەم كاروانی حاجییانی كورد دەگاتەوە هەرێمی كوردستان و لە یەكەم گەشتیشدا حەوت فڕۆكە بۆ حاجییان دابینكراوە و پلانی گەشتەكانیش بەپێی بڕیاری دەستەی فڕۆكەوانی عیراق دەبێت.