مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند کە وڵاتەکەی ئامادەیە بگاتە "چوارچێوەیەکی شەرەفمەندانە" کە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا.

پزیشکیان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەر، راشیگەیاند کە تاران کراوەیە بۆ هەر لێکتێگەیشتنێک کە پاڵپشتی لە پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری بکات، هاوکات ستایشی رۆڵی قەتەری کرد لەو ئاراستەیەدا.

ئەو جەختیشی کردەوە کە ئێران پابەندە بە دیپلۆماسی و گفتوگۆ، و بە هەر رێککەوتنێک کە رەچاوی بەرژەوەندییەکانی و رەهەندەکانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەیی بکات.

لای خۆشیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران و گەروی هورمزی راگەیاند، ئەم هەنگاوەش لە میانەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی نوێ لەگەڵ تاراندا هات، دوای ئەوەی کۆبوونەوەیەک لە کۆشکی سپی تەرخانکرا بۆ تاوتوێکردنی رێڕەوی کۆتایی رێککەوتنەکە.

هەروەها ئەم راگەیاندنە بەستراوەتەوە بە ئاڵۆزییەکانی مەیدانی و ئاماژەکان بۆ ئەوەی واشنتۆن دەیەوێت گرژییەکان کەم بکاتەوە لە بەرانبەر پابەندبوونی ئێران سەبارەت بە گەروەکە و بەرنامە ئەتۆمییەکەی.