بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە مەحموود سەنگاوی تێکۆشەری دیاری کوردستان و یەکێتی کرد.
لە دیدارێکدا بافڵ جەلال تاڵەبانی رۆڵ و خەباتی مەحموود سەنگاوی لە شۆڕش و خەباتی رزگاریخوازیی گەلەکەمان بەرزنرخاند کە وەک فەرماندە و سەرکردەیەکی وەفادار هەمیشە دڵسۆزانە خزمەتی گەلەکەی کردووە.
لای خۆشیەوە؛ مەحموود سەنگاوی سوپاسی سەرۆکی یەکێتیی کرد بۆ خەمخۆری و پەرۆشی بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی یەکێتی و لایەنە کوردییەکان و جەختی کردەوە، هەمیشە پێشمەرگەی کوردستان و یەکێتی دەبێت بۆ پاراستنی رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە قەزای تەقتەق، لە ئەنجامی رووداوێکی تەقەکردندا کارمەندێکی تەندروستی کوژرا و هاووڵاتییەکی دیکەش بریندار بوو.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، نزیکەی کاتژمێرێک پێش ئێستا، کەسێکی نەناسراو دەستڕێژی گولـلەی لە تاقیگەیەکی پزیشکی لە قەزاکە کردووە و پاشان هەڵاتووە.
ئاسۆ مستەفا قائیمقامی تەقتەق بە کوردسات نیوزی راگەیاند؛ لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا، کارمەندێکی تاقیگەکە بە ناوی (هاوکار رەحمان) گیانی لەدەستداوە. هەروەها، نەخۆشێک کە لە نزیک شوێنی رووداوەکە بووە، بە ناوی (شوان تالیب)، دوو گولـلەی بەرکەوتووە و بریندار بووە.
هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی تەقەکەرەکە و هۆکاری پشت رووداوەکە، کە تا ئێستا بە نادیاری ماوەتەوە.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رایگەیاند واشنتۆن وەفدی دانوستانکاری خۆی لە گفتوگۆکانی ئاگربەست لە دۆحە دەکشێنێتەوە و حەماسی بەوە تۆمەتبار کرد کە "بە نیازپاکی" مامەڵە ناکات. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیلیش وەفدی خۆی بانگهێشتکردەوە، دوای وەرگرتنی وەڵامی حەماس لەسەر پێشنیازی ئاگربەستر.
ویتکۆف لە راگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی: "بڕیارماندا وەفدەکەمان لە دۆحەوە بۆ ئەنجامدانی راوێژ بگەڕێنینەوە، ئەمەش دوای وەڵامەکەی حەماس کە بەڕوونی نیشانیدا ئارەزووی ئەوە ناکات بگات بە ئاگربەست لە غەززە."
نێردەی ئەمریکا وتیشی: "لەکاتێکدا نێوەندگیرەکان هەوڵێکی زۆریان داوە، حەماس نەرمی نانوێنێت و بە نیازپاکی کارناکات." هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە واشنتۆن ئێستا تاوتوێی "بژاردەی دیکە" دەکات بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ دانیشتووانی غەززە.
وردەکاری وەڵامەکەی حەماس و کشانەوەی ئیسرائیل:
پێشتر، نووسینگەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاندبوو کە "بڕیاردرا وەفدی دانوستانکار بگەڕێندرێتەوە بۆ ئیسرائیل بەمەبەستی درێژەدان بە راوێژکارییەکان،" هاوکات سوپاسی هەوڵی نێوەندگیرانی قەتەر و میسر و نێردەی ئەمریکای کرد.
بزوتنەوەی حەماس بەرەبەیانی ئەمڕۆ پشتڕاستی کردەوە کە وەڵامی خۆی و گروپە فەڵەستینییەکانی دیکەی لەسەر پێشنیازی ئاگربەست پێشکەش بە نێوەندگیرەکان کردووە.
بەپێی سەرچاوە فەڵەستینییەکان، وەڵامەکەی حەماس چەند گۆڕانکارییەکی لەخۆگرتووە، دیارترینیان داواکردنی گەرەنتییە بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی، کشانەوەی تەواوی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە نیشتەجێبوونەکان و رێگای سەڵاحەدین، هەروەها زیادکردنی ژمارەی ئەو دیلە فەڵەستینیانەی کە سزای قورس و هەتاهەتاییان هەیە و لە بەرامبەر ئازادکردنی سەربازە دیلەکانی ئیسرائیلدا ئازاد دەکرێن.
ئەم دانوستانانە لەسەر بنەمای پێشنیازێک بوو بۆ ئاگربەستێکی کاتی بۆ ماوەی 60 رۆژ، کە لەو ماوەیەدا بە قۆناغ دیلەکانی لای حەماس ئازاد بکرێن لە بەرامبەر ئازادکردنی سەدان گیراوی فەڵەستینی.
زانیاری دەربارەی بارودۆخی غەززە:
بەرگری شارستانی لە کەرتی غەززە رایگەیاند کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە 40 فەڵەستینی بە تەقەی ئیسرائیل کوژراون، کە حەوت کەسیان لەکاتی چاوەڕوانکردنی هاوکارییەکاندا بوون. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، ژمارەی ئەو فەڵەستینیانەی لەکاتی چاوەڕوانی هاوکارییەکاندا کوژراون لە کۆتایی مانگی ئایارەوە گەیشتووەتە دە هەزار و 83 کەس.
هاوکات، ئاژانسەکانی فرانس پرێس، ئەسۆوشیەیتد پرێس، رۆیتەرز و دەزگای بی بی سی، لە بانگەوازێکی هاوبەشدا داوایان لە ئیسرائیل کرد رێگە بە رۆژنامەنووسان بدات بچنە ناو کەرتی غەززەوە.
لەلایەن خۆیەوە، ئیسرائیل، حەماس بە دروستکردنی "کەمیی خۆراکی ساختە" تۆمەتبار دەکات و دەڵێت هاوکارییەکان دەگەنە غەززە بەڵام رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە دابەشکردنیاندا کەمتەرخەمن، لەکاتێکدا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان رەخنە لە رێگری و کۆتوبەندەکانی ئیسرائیل و سەختی گواستنەوەی هاوکارییەکان دەگرن بەهۆی خراپی بارودۆخی ئەمنی و وێرانبوونی رێگاوبانەکانەوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی باندێکی 11 کەسی لە پارێزگای سلێمانی راگەیاند، کە تایبەتمەندبوون بە ئەنجامدانی کاری ساختەکاری لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد، هێزەکانیان توانیویانە بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، سەرجەم ئەندامانی باندەکە دەستگیر بکەن.
ئاسایشی سلێمانی ئاشکرای کردووە کە تۆمەتباران لە ماوەی رابردوودا هەڵسابوون بە ساختەکردنی بەڵگەنامە و پشتگیری فەرمانگە حکومییەکان، کە بە "کەفالە" ناسراوە.
لە ئێستادا سەرجەم ئەندامانی باندەکە بەپێی ماددەکانی289 و 297 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەن بزوتنەوەی حەماس مەرجی خۆبەدەستەوەدان بەسەر ئیسرائیلدا بسەپێنێت و هاوکات ئاماژەی بە گرژییەکانی سوریا دا و وتی؛ "پشت لە درووزەکانی برامان ناکەین".
نەتانیاهۆ لە وتارێکدا لە میانی مەراسیمی یادکردنەوەی زیئێڤ جابۆتینسکی لە کێوی هێرتزل، وتی: "حکومەتەکەم کاردەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ بۆ ئازادکردنی ئەو دیلانەی لە غەززە دەستبەسەرن، بەڵام هۆشداری دەدەمە حەماس کە ئەم هەوڵانە وەک 'نیشانەی لاوازی' سەیر نەکات."
نەتانیاهۆ جەختیشی کردەوە: "ئەگەر حەماس ویستی ئێمە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بە لاوازی بزانێت و بیکاتە دەرفەتێک بۆ سەپاندنی مەرجی خۆبەدەستەوەدان؛ کە ئاسایشی ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە، ئەوا هەڵەیەکی کوشندە دەکات." ناوبراو وتیشی: "ئێمە سوورین لەسەر گەڕاندنەوەی هەمووان، و هەر ئەوەش دەکەین."
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دانی بەوەدانا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە بەهۆی بەئامانجگرتنیان بە چەکی دژە زرێپۆش برینداربوون، بەڵام هیچ وردەکارییەکی زیاتری لەبارەی رووداوەکەوە نەخستەڕوو کە وەک "رووداوێکی ئەمنی مەترسیدار" لە رۆژهەڵاتی شاری غەززە وەسفکرابوو.
هەروەها نەتانیاهۆ هێرشە سەربازییەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران، بە "سەرکەوتووترین هەڵمەتی مێژووی ئیسرائیل" وەسفکرد.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نەتانیاهۆ پەیامێکی ئاراستەی درووزەکانی سوەیدا لە باشوری سوریا کرد و وتی: "ئێمە لە بەرامبەر ئەوەی بەسەر براکانمان لە سوەیدا دێت، دەستەوەستان ناوەستین." ناوبراو داوای "چەکداماڵینی ناوچەکانی باشوری دیمەشق"ی کرد و دووپاتیکردەوە کە ئیسرائیل "پابەندە بە پاراستنی درووزەکانەوە."
هۆڵک هۆگن، ئەفسانەی دیاری جیهانی زۆرانبازی، لە تەمەنی 71ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. بەپێی زانیارییەکان، هۆگن بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری کلیەر واتەری ویلایەتی فلۆریدا تووشی جەڵتەی دڵ بووە.
تیمەکانی فریاگوزاری و پۆلیس دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هۆگن بە ئەمبوڵانس گواستراوەتەوە، بەڵام هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی ژیانی بێسوود بوون.
کۆچی دوایی هۆگن لە کاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەسەر ناجێگیری باری تەندروستی بڵاوبووەوە، بەڵام چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، هاوسەرەکەی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردبووەوە کە گوایە هۆگن لەکۆمادایە و رایگەیاندبوو کە دڵی "بەهێزە" و لەژێر چاودێری پزیشکیدایە دوای ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەرییەک. مانگی پێشتریش، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە هۆگن "لەسەرە مەرگدایە"، بەڵام ئەو کاتە راگەیەنرا کە تەنها کاریگەرییەکانی نەشتەرگەرییەکی ملی لەسەرە کە لە مانگی ئایاردا ئەنجامی دابوو.
هۆڵک هۆگن، کە ناوی راستەقینەی تێری جین بۆلێیە، بە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی مێژووی زۆرانبازی دادەنرێت. ئەو توانی زۆرانبازی لە وەرزشێکی ئاساییەوە بگۆڕێت بۆ نمایشێکی کات بەسەربردنی خێزانی و بینەرێکی فراوانی بۆ رابکێشێت.
لە ساڵی1996، هۆگن شۆڕشێکی لە کارەکتەری خۆیدا کرد و لە پاڵەوانەوە بوو بە کارەکتەری خراپەکار، کاتێک گروپی بەناوبانگی (nWo - New World Order)ی دامەزراند و ناوبانگێکی جیهانی زیاتری بۆ خۆیی و وەرزشەکەش بەدەستهێنا.
هۆگن لە ساڵی 2005 ناوی خرایە هۆڵی ناودارانی WWE، بەڵام لە ساڵی 2015 بەهۆی بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی دەنگی کە تێیدا قسەی رەگەزپەرستانەی دەکرد، ناوی سڕدرایەوە. پاشان لە ساڵی2020دا بۆ جارێکی دیکە وەک ئەندامێکی گروپی nWo خرایەوە نێو هۆڵی ناوداران.
جگە لە زۆرانبازی، هۆگن بەشداری لە چەندین فیلمی سینەماییدا کردووە، دیارترینیان ڕۆڵی "سەندەرلیپس" بوو لە فیلمی "ڕۆکی 3" لە ساڵی 1982.هەروەها ئەستێرەی پڕۆگرامی تەلەفزیۆنی واقیعی "Hogan Knows Best" بوو لەگەڵ خێزانەکەیدا.
جێی ئاماژەیە، هۆگن بەهۆی ئەو پێکانە زۆرانەی لە ژیانی وەرزشیدا تووشی ببوو، دەیان نەشتەرگەری ئەنجامدابوو. لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە "هیچ پارچەیەکی ئەسڵی لە جەستەیدا نەماوەتەوە".
دواین چالاکی هۆگن، دامەزراندنی خولێکی زۆرانبازی ئاماتۆر بوو بە ناوی "Real American Freestyle"، کە بڕیارە یەکەم نمایشی لە 30ی ئابی ئەمساڵدا لەسەر "فۆکس نێیشن" پەخش بکرێت.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بڕیاریدا وەفدی دانوستانکاری وڵاتەکەی لە دۆحەی پایتەختی قەتەر بانگهێشت بکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بزوتنەوەی حەماس داواکاری نوێی لە وەڵامی دوایین پێشنیازی ئاگربەست و رێککەوتنی دیلەکاندا خستەڕوو.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاند، بڕیاری بانگهێشتکردنەوەکە بە مەبەستی "هێنانەکایەی گۆڕانکاری" لە دانوستانەکان و دروستکردنی فشاری زیاترە لەسەر حەماس بۆ ئەوەی بە پێشنیازەکە ڕازی بێت. هەروەها جەختی کردەوە کە گفتوگۆکان "دانەخراون"، بەڵام هێشتا روون نییە ئایا ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی وەستانێکی درێژخایەنی دانوستانەکان یان نا.
بەپێی وتەی بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی و سەرچاوەیەکی ئاگادار، کێشەی سەرەکی لەسەر داوای حەماسە بۆ زیادکردنی ژمارەی ئەو دیلە فەڵەستینیانەی کە لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلەکانیاندا ئازاد دەکرێن.
حەماس داوایکردووە 200 فەڵەستینی کە سزای زیندانی هەتاهەتاییان هەیە ئازادبکرێن لەبری 125 کەس، هەروەها 2000 دیلی فەڵەستینی کە دوای 7ـی ئۆکتۆبەر لە غەززە دەستگیرکراون ئازاد بکرێن لەبری 1200 کەس کە لە پێشنیازەکەدا هاتبوو.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە هەفتەیەک پێش ئێستا، نێوەندگیرانی قەتەری و میسری پێشنیازێکی نوێکراوەیان پێشکەش بە هەردوو لا کردبوو. ئیسرائیل پێشنیازەکەی قبوڵکرد، بەڵام وەڵامەکەی حەماس کە رۆژی سێشەممە پێشکەشی کرد، بەپێی وتەی سێ سەرچاوەی ئاگادار، لەلایەن نێوەندگیرانەوە بە ناتەواو دانرا و رەتیانکردەوە بیگەیەننە ئیسرائیلییەکان.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، حەماس وەڵامێکی نوێ و وردتری پێشکەشکرد، کە بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن لەوەی پێشوو باشترە، بەڵام هێشتا ناکۆکی گەورەی لەنێوان هەردوولادا هەیە.
لە وەڵامدا، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل بە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی کۆشکی سپی-یان راگەیاندووە کە داواکارییەکانی حەماس "قبوڵکراو نین". سەرەڕای ئەمەش، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاماژەی بەوە کردووە کە لەوانەیە ئەمە هەڵوێستی سەرەتایی حەماس بێت لە دانوستانەکاندا و هەڵوێستی کۆتایی نەبێت.
لە کاتێکدا بڕیارە سبەینێ لەگەڵ سێ وڵاتی ئەوروپی دەست بە دانوستان بکات، ئێران جارێکی دیکە مەرجەکانی خۆی بۆ هەر گفتوگۆیەکی ئەگەری لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووپاتکردەوە، کە تیایدا باس لە متمانە و کردەی سەربازی و مافی ئێران دەکات.
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، کە بەمەبەستی ئەنجامدانی چەند دیدارێک لە لە نیویۆرکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند، پێش هەر دانوستانێک، پێویستە ئەمریکا متمانەی تاران بەدەستبهێنێتەوە، گفتوگۆکان بۆ ئامانجی شاراوە وەک ئەگەری کردەوەی سەربازی بەکارنەهێنێتەوە، هەروەها دان بە مافەکانی ئێراندا بنێت لە چوارچێوەی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، کە مافی پیتاندنی یۆرانیۆمیش لەخۆدەگرێت.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە بڕیارە سبەینێ غەریب ئابادی لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوە، لە ئەستەنبوڵ لەگەڵ نوێنەرانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کۆببێتەوە.
رێککەوتن لەسەر ئەم دانوستانانە دوای ئەوە هات کە نزیکەی 10 رۆژ لەمەوبەر، ژان نوئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هۆشداری دا کە ئەگەر تا کۆتایی مانگی ئاب هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا بەدی نەکرێت، ئەوا فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا "میکانیزمی پەلەپیتکە" (Snapback Mechanism) کارا دەکەنەوە.
کاراکردنەوەی ئەم میکانیزمە رێگە بە سەپاندنەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان دەدات بۆ سەر کەرتی چەک، بانک و کەلوپەلی ئەتۆمی ئێران، کە 10 ساڵ لەمەوبەر هەڵگیرابوون. وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختدەکاتەوە کە میکانیزمی پەلەپیتکە "هیچ بنەمایەکی یاسایی و ئەخلاقی نییە"، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆکان لە ئەستەنبوڵ داوە.
هەڵوێستی بەرپرسانی دیکەی ئێران
لەلایەکی دیکەوە، عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە رۆژانی رابردوودا رایگەیاندبوو کە تاران لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە مووشەکییەکەی پاشەکشە ناکات.
عیراقچی ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوشێوەی رێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام) لەگەڵ ئەمریکا نیشانداوە، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە کە "بارودۆخی دانوستانی راستەوخۆ لە ئێستادا لەبار نییە". بە وتەی ئەو، ئێران ئامادەیە لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆکانی رۆژئاوا، گەرەنتی بداتە ئەمریکا سەبارەت بە ئاشتیانە مانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
ئەم هەڵوێستانە دوای ئەوە دێت کە پەرلەمانی ئێران، دوای ئاگربەستی شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، یاسایەکی بۆ سنوردارکردنی هاریکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەند کرد. لەم چوارچێوەیەشدا، غەریب ئابادی رایگەیاندووە کە ئێران رازی بووە تەنها وەفدێکی تەکنیکی ئاژانس لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا سەردانی تاران بکەن، بەڵام ئەو وەفدە سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ناکات.
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور، لە میانەی سەرپەرشتیکردنی مانۆڕێکی سەربازیدا، داوای لە هێزەکانی وڵاتەکەی کرد کە بەوپەڕی توانایانەوە ئامادەکاری بکەن بۆ "جەنگێکی راستەقینە"
بەپێی هەواڵێک کە رۆژی پێنجشەممە ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی فەرمی کۆریا (KCNA) بڵاویکردووەتەوە، لە کاتی مانۆڕەکەدا، کە رۆژی چوارشەممە لە شوێنێکی ئاشکرا نەکراودا بەڕێوەچوو، کیم جەختی کردووەتەوە لەوەی پێویستە سەربازان توانای "لەناوبردنی دوژمنیان لە هەموو شەڕێکدا" هەبێت.
ئاژانسە فەرمییەکەی کۆریای باکوور چەند وێنەیەکی مانۆڕەکەی بڵاوکردووەتەوە، کە لە یەکێکیاندا کیم جۆنگ ئون بە جلێکی رەشەوە دەردەکەوێت و وتار بۆ سەربازەکان دەدات. لە وێنەیەکی دیکەشدا لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سوپا، چاودێری راهێنانێکی تۆپهاوێژی دەکات کە تێیدا گوللە تۆپ بەرەو دەریا دەهاوێژرێن.
ئەم لێدوانانەی کیم و ئەنجامدانی مانۆڕەکە لە کاتێکدایە کە هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان پێیۆنگیانگ و مۆسکۆ پەرەی سەندووە. کۆریای باکور بە پێدانی مووشەک و گوللە تۆپ یارمەتی روسیا دەدات لە جەنگی ئۆکراین دا.هەروەها ئەمە دوای ئەوە دێت کە پێشتر هەواڵی بەشداریکردنی سەربازانی کۆریای باکور لە شەڕەکانی دژی هێزەکانی ئۆکراین لە هەرێمی کورسکی روسیادا بڵاوبووەوە.
سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا رێکارەکانی تەرخانکردنی زەوی بۆ پێشمەرگە ئاشکرا دەکات و هۆشداری دەداتە ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەی کە پێشتر سوودمەندبوون و دووبارە داوایان کردووەتەوە، کە روبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی، کارگێڕی و دارایی دەبنەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی تەموزی2025 دەرچووە، وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوی ئەو کەسانەی پێشتر زەوییان وەرگرتووە، لە لیستە نوێیەکاندا دەسڕدرێتەوە و مافی وەرگرتنیان نابێت، هەرچەندە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانیشیان بۆ وەرگیرابێت.
راگەیەندراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، هەر ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەیەک کە بەڵێننامەی پڕکردبێتەوە کە پێشتر سوودمەند نەبووە، بەڵام بەپێچەوانەوە زەوی وەرگرتبێت، رووبەڕووی سزای یاسایی و کارگێڕی و دارایی دەبێتەوە.
بۆ خۆبەدوورگرتن لە سزا، وەزارەتی پێشمەرگە دەرفەتێکی داوە بەو کەسانەی پێشتر سوودمەندبوون، کە لە رێگەی یەکەکانیانەوە بە فەرمی سەرۆکایەتی ئەرکان ئاگادار بکەنەوە، تاوەکو تووشی لێپرسینەوە نەبنەوە.
هاوکات داوا لە تەواوی ئەفسەر و پێشمەرگەکان دەکات کە سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی شارەوانی نەکەن و فشار دروست نەکەن تا ئەو کاتەی لیستی کۆتایی بە شێوەیەکی رەسمی رادەگەیەنرێت.
وەزارەتی پێشمەرگە دڵنیاییشی داوە کە هەماهەنگی تەواو لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی شارەوانیدا هەیە بۆ ئەوەی مافی هیچ پێشمەرگەیەکی شایستە نەفەوتێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لیستی کۆتایی ناوی سودمەندبووان تەنها لە پەیجی رەسمی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاودەکرێتەوە و هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی سۆشیال میدیا باوەڕپێکراو نییە.
دەقی روونکردنەوەکەی سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە وەکخۆی:
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا کە د. جوان ئیحسان، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوو، گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێکرا و جەخت لە بەردەوامی گفتوگۆی بونیادنەرانەی نێوان سەرجەم لایەنەکان کرایەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و پاراستنی سەقامگیری لە وڵاتدا.
رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عیراق، ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا بوو کە جەخت لە پابەندبوون بە دەستوور و یاسا بەرکارەکان کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە و سەرۆک بافڵ رایگەیاند، ئەمەی بەدیهات بەرهەمی هەوڵ و یەکڕیزیی ناوماڵی کورد بوو، بۆیە یەکێتی پەرۆشانە کاردەکات بۆ رەخساندنی زەمینەی پێکەوەیی و پاراستنی هاوبەشێتی و شەراکەتی حەقیقی کە بنەماکەی پاراستنی مافی هەمووان بێت بە تایبەت خەڵکی کوردستان تاوەکو چیدیکە نەبنە قوربانی و ئەمەشمان بەئەرکی خۆمان زانی.
لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی روونکردنەوەیدا و وتی، هەموو هەوڵەکانمان بەو ئاڕاستەیەن کە حکومەتی نوێ پێش هەڵبژاردنی عیراق پێکبهێنین، بۆ ئەوەش دەربەست لەپێناو گەیشتن بە حکومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزار کە ببێتە مایەی بەهێزکردنی هەرێمەکەمان و زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک لە هەوڵداین و دڵنیاین لەم ئەرکەشدا لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی سەرکەوتوو دەبین.
لە بەرانبەردا کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان بە گەرمی پێشوازی لە هەوڵ و رۆڵی سەرۆک بافڵ و یەکێتی کرد بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پشتگیریی وڵاتەکەشی بۆ پاراستی دیالۆگی نیشتمانیی لەنێوان لایەنەکان کرد.
کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، پلەکانی گەرما لە 50 پلەی سیلیزی نزیک دەبنەوە.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و پلەکانی گەرما 1 بۆ 2 پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ هەینی، ئاسمان ساماڵ دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان نیمچەهەور دەبێت، پلەکانی گەرماش بە نزیکەیی وەک ئەمڕۆ دەبن.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی، پلەکانی گەرما لە سەرجەم هەرێم لە 50 پلەی سیلیزی نزیک دەبنەوە، لە گەرمیانیش 50 پلەی سیلیز دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەینێ بەمجۆرە دەبن:
هەولێر : 47 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 45 پلەی سیلیزی
دهۆک : 46 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 48 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 46 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 44 پلەی سیلیزی
سۆران : 45 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 34 پلەی سیلیزی
گەرمیان 50 پلەی سیلیزی
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئێران بە بەكارهێنانی بۆمبی هێشوی لە ناوچە مەدەنییەكانی ئیسرائیل تۆمەتبار دەكات.
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناسراو ئەمینستی لە راگەیەنراوێكدا ئێرانی تۆمەتبار كرد بەوەی كە لە كاتی شەڕی 12ڕۆژەی نێوان تاران و تەلئەبیب لە مانگی حوزەیرانی رابردوو، بۆمبی هێشووی ئاراستەی ناوچە مەدەنییەكانی ئیسرائیل كردووە، ئەمەش بەپێشێلكارییەكی ئاشكرای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی دادەنرێت.
ئەمنستی راشیگەیاند، ئێران سێ هێرشی لەو جۆرەی ئەنجامداوە لە رۆژانی 19 و 20و 22ی حوزەیران سێ ناوچەی لە باكور و باشوری ئیسرائیل پێ كردۆتە ئامانج و بەڵگەی پێویستیش لەو بارەوە لەبەردەستدایە.
ئیریكا گیڤارا رۆزاس، بەڕێوەبەری توێژینەوە و داكۆكی و كەمپینەكانی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بۆمبی هێشوی چەكێكی قەدەغە كراوە، هەرگیز نابێت بەكاربهێنرێت.
رێكخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیش لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، سوپای ئێران لە مانگی رابردوودا موشەكی بالیستیی بەكارهێناوە كە هەڵگری كڵاوەی هێشووی بوون، ئاراستەی ناوچە چڕەكانی نیشتەجێبوونی ئیسرائیلیان كردووە.
تیمی فریاگوزاری روسیا کە بەدوای فڕۆکە بێسەروشوێنبووەکەی ئەم بەیانییەدا دەگەڕان رایگەیاند، پاشماوەی فڕۆکەکەیان دۆزیوەتەوە و پێناچێت هیچ کەسێک لە روداوەکەدا رزگاری بووبێت.
بەیانی ئەمڕۆ فریاکەوتنی روسیا رایگەیاند، فڕۆکەیەکی روسی بە 46 سەرنشینەوە دیار نەماوە.
فڕۆکەکە لە شاری خابارۆڤسکی روسیاوە بەرەو شاری تیندا لە کۆماری بلاگۆڤێشچێنسک بەرێکەوتبوو، دووجار هەوڵی نیشتنەوەی داوە، بەڵام کێشەی بۆ دروست بووە.
کۆمپانیای بەرهەمهێنی فڕۆکەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بەر لە هەڵفڕینی فڕۆکەکە پشکنینی تەواوی بۆ کراوە و لەکاتی سەرەتای گەشتەکەشیدا هیچ ئاماژەیەکی بۆ هەبوونی گرفت نەناردووە بۆ خاڵەکانی پشکنین.
فڕۆکەکە 46 سەرنشینی تێدا بووە، کە دووانیان منداڵ و شەشی دیکەیان سەر بە تیمی فڕۆکەوانییەکە بوون.
بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکان لەسەر روداوەکە، پاشماوەی فڕۆکەکە بە دووری 15 کیلۆمەتر لە شاری تیندا دۆزراوەتەوە.
ئەوەشیان خستووەتە روو، پێناچێت هیچ سەرنشینێک لە روداوەکە رزگاری بووبێت.
قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاندووە، دەست بەسەر نزیکەی شەش تۆن پەتاتەی خراپبوو و زیاتر لە یەک تۆن خۆراکی تێکچوو و 35 کارتۆن جگەرەدا گیراوە، کە خاوەنەکانیان بەنیازبوون لە بازاڕەکاندا ساغیان بکەنەوە.
قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، له ئهنجامی سهردان و پشكنینی لیژنه هاوبهشهكان بۆ دوكان و بازاڕ و شوێنه گشتییهكان و ههموو ئهو كۆگایانهی كاڵاوشمهكییان تێدا عهمبار دهكرێت، دەست بهسهر پێنج تۆن و 700 كیلۆگرام پهتاته و زیاتر له تۆنێك خواردهمهنی دیكهی جۆراوجۆردا گرتووه، كه شیاوی خواردن و بهكارهێنان نهبوون، بهڵام خاوهنهكانیان بهنیازبوون به هاووڵاتیانی بفرۆشن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بهڕێوهبهرایهتی ئاسایشی سلێمانی دهستی بهسهر 35 كارتۆن جگهرهی خراپبوودا گرتووه، بۆ له ناوبردنیشی رهوانهی قائیمقامیهتی كردووه.
لەلایەکی دیکەوە قائیمقامییەتی سلێمانی سوپاسی چەند کۆمپانیا و دوکاندارێکی کردووە، کە لیژنەکانیان لە هەبوونی زیاتر لە پێنج تۆن شیرەمەنی و 500 کیلۆگرام بەهاران و یەک تۆن و 200 کیلۆگرام خواردەمەنی جۆراوجۆر ئاگادار کردووەتەوە، بۆ لەناوبردنیان.
ئەوەش هاتووە، سەرەڕای لەناوبردنی سەرجەمیان لەناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبوون، ئەو شوێنانەی پەتاتە و جگەرە خراپبووەکە تێیدا دەستی بەسەردا گیراوە، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.