بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی هاتنی جەژنی قیامەی مەسیحیەکانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هیوادارم ئەم بۆنەیە، ببێتە مایەی تەبایی و برایەتی زیاتر لە نێوان سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکانی وڵاتەکەماندا و وێنای هەرێمەکەشمان کە هەمیشە مەڵبەندی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و پێکهاتە جیاوازەکان بووە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ...
بەبۆنەی جەژنی هەستانەوە (قیامە)ـی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خودای لێبێت ) پیرۆزبایی گەرم لە سەرجەم خوشک و برایانی کریستیان دەکەم و ئاواتەخوازم لە کەشێکی ئارام و شادیدا ئەم جەژنە بەڕێبکەن.
هیوادارم ئەم بۆنەیە، ببێتە مایەی تەبایی و برایەتی زیاتر لە نێوان سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکانی وڵاتەکەماندا و وێنای هەرێمەکەشمان کە هەمیشە مەڵبەندی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و پێکهاتە جیاوازەکان بووە جوانتر و گەشاوەتری بکەین.
جەژنتان پیرۆز و هەر شادبن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پۆلیسی راپەڕین بڵاوی کردەوە کە بە تاوانی دزینی بڕێکی زۆر پارە لە هاووڵاتیەک تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردوە.
بەپێی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، لە 15ـی نیسانی 2025 هاووڵاتییەک کە دانیشتووی دەرەوەی سنووری ئیدارەی راپەڕینە، بۆ بەشداریکردن لە پرسەیەک سەردانی شاری رانیەی کردووە، بەڵام لەلایەن کەسێکەوە بڕی سێ هەزار دۆلاری ئەمریکی و حەوت ملیۆن دیناری عیراقی لەناو ئۆتۆمبێلەکەی لێدزراوە.
هێزەکانی پۆلیس لە ماوەیەکی کەمتر لە 24 کاتژمێردا توانیان ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا بکەن کە دەرکەوت لە دایکبووی ساڵی 1985ـە و خەڵکی شاری رانیەیە، بەڵام لە دەرەوەی وڵات دەژی.
راگەیاندنی پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەشکرد کە تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لە کاتی دەستگیرکردنیشیدا دەست بەسەر بڕێک لە پارە دزراوەکەدا گیراوە.
هەروەها لە راگەیاندنەکەدا ئاشکراکراوە کە تۆمەتبار پێشینەی تاوانی هەیە و پێشتر دوو جار بە تۆمەتی دزیکردن سزادراوە و فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەبۆنەی هاتنی جەژنی قیامەتی مەسیحەکانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، كریستیانەكان مێژوویەكی دێرینیان لە كوردستاندا هەیە. هەربۆیە پارێزگاریكردن لەو پێکهاتە رەسەنە و قوڵترکردنەوەی پێكەوەژیان ئەرکی لە پێشینەی هەموو لایەکمانە.
لە پەیامەکەدا قوباد تاڵەبانی دەڵێت، بە بۆنەی هاتنی جەژنی قیامەتی مەسیحەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە خوشک و برایانی کریستیان لە کوردستان و عێراق و هەموو جیهان دەکەم و هیوای جەژنێکی پڕ لە خۆشی و ئارامییان بۆ دەخوازم.
راشيگەیاند، كریستیانەكان چ وەك پێکهاتەیەکی ئایینی و چ وەک گرووپە ئیتنیکییەكانیان بەشێكن لە جوانییەكانی فرەیی لە ناوچەكە و مێژوویەكی دێرینیان لە كوردستاندا هەیە. هەربۆیە پارێزگاریكردن لەو پێکهاتە رەسەنە و قوڵترکردنەوەی پێكەوەژیان ئەرکی لە پێشینەی هەموو لایەکمانە.
پەرلەمانتارێكی ئێران رایگەیاند، لە دوو ساڵی رابردوودا بە ئاگاداری رێبەری باڵای ئێران پەیوەندی نهێنیان لەگەڵ تیمی دۆناڵد ترەمپدا هەبووە.
محەمەد مەهدی شەهریاری، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، تاران لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە ئاگاداریی عەلی خامنەیی رێبەڕی باڵای ئێران بە نهێنی پەیوەندی لەگەڵ تیمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەبووە.
دەشڵێت، لە پەیوەندییە نهێنییەكان دا تەنها باس لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران كراوە و راپۆرتی گفتوگۆكانیش دراوەتە عەلی خامنەیی.
وتیشی، لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا تاران هەر داواكارییەكی هەبووبێت ئەمریكا بۆی جێبەجێ كردووە.
لە سلێمانی رێكاری پێویست بۆ رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربون گیراوەتەبەر و تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی توشبون بە نەخۆشییەكە تۆمار نەكراوە .
د. سامان عومەر پزیشكی ڤێتەرنەری پێشكەوتوو لە كوشتارگەی سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند ، لە چوارچێوەی ئەو رێكارانەی بۆ رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربون گرتویانەتەبەر ، رۆژانە پیش سەربڕین و دوای سەربڕین پشكنین بۆ ئاژەڵەكان دەكەن و هەر ئاژەڵێكیش گومانی توشبونی بە تای خوێن بەربون لێبكرێت سەر نابڕێت، تا دوای ئەوەی چارەسەری تەواو وەردەگرێت و دڵنیا دەبنەوە لەوەی كە نەخۆشییەكەی نەماوە.
داواشی كرد هاوڵاتیان گۆشت لەسەر شەقامەكان و گۆشتی بێ مۆر نەكڕن و لە كاتی لێنانیشیدا رێكاری پێویستی پاكو خاوێنی بگرنەبەر و تا رادەیەكی زۆر باش گۆشتەكە بكوڵێندرێـت .
بەپێی سەرچاوە تەندروستییەكانیش ، تا ئێستا لە سلێمانی هیچ حاڵەتێكی توشبون بە تای خوێنبەربون تۆمار نەكراوە .
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی مادە هۆشبەرەکانی عیراق، تەنیا لە سێ مانگى یەکەمى 2025 دا، زیاتر لە سێ هەزار تۆمەتبارى مادەى هۆشبەر لە عێراق دەستگیرکراون.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەرونییەکانى عیراق رایگەیاند، کە تەنیا لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا سێ هەزار و شەش تۆمەتبارىان بە ماددەى هۆشبەرەوە دەستگیرکردووە و دەستیشیان بەسەر 2 تۆن و 166 کیلۆش مادەى هۆشبەردا گرتووە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئەنجامى روبەڕوبونەوەیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دوو تۆمەتبار کوژراون و 13 کەسیشیان لێ بریندار بووە.
بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل داوایەکی نوێی ئاراستەی بنیامین نەتەنیاهۆ کردووە سەبارەت بە بارودۆخی غەززە و تیایدا پێشنیازی کردووە ئیدارەیەکی سەربازی لە غەززە دابمەزرێنرێت و هەوڵی لەناوبردنی تەواوی حەماس بدرێت.
لە داواکەیدا دەڵێت؛ "جەنابی سەرۆک وەزیران، کاتێک باس لە کۆتایی هێنانی سەرکەوتووانەی شەڕەکە دەکەیت، ئەمە پێویستی بە گۆڕانکاری قووڵ هەیە لە ستراتیژیەتی ئێمەدا"،
لە درێژەی لێدوانەکەیدا، سمۆتریچ جەختی کردەوەتەوە: "داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە، دامەزراندنی حوکمڕانی سەربازی، لەناوبردنی حەماس و گەرەنتی کردنی ئەوەی کە غەززە چیتر نەبێتە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمانە هەنگاوی پێویستن".
وەزیری دارایی بەبێ دوودڵی رایگەیاند کە ئەم ستراتیژیەتە "رێگای راستەقینەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و هەروەها گەڕاندنەوەی خێرای دیلەکان".
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەیەکی پێشووتردا رایگەیاندبوو کە شەڕی غەززە تەنها کاتێک کۆتایی دێت کە حەماس بە تەواوی لەناوببرێت و هەموو دیلەکان بگەڕێنرێنەوە. ئەو بەتوندی دژی دەستکەوتەکانی حەماس وەستاوەتەوە و وتوویەتی "تەسلیمبوون بە خواستەکانی حەماس هەموو ئەو شتانەی بەدەستمان هێناوە لەناودەبات".
نەتەنیاهۆ لە وتەکانیدا دانی بەوەدا ناوە کە "ئەم شەڕە باجێکی قورسی هەیە، ئەگەر توانا سەربازییەکانی حەماس نەهێڵین، روداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر دووبارە نابنەوە"، نەتەنیاهۆ بەم وشانە هۆشداری دا و وتی "من هەرگیز تەسلیمی بکوژان نابم، چونکە ئەمە ئاسایشی وڵاتەکەمان دەخاتە مەترسییەوە".
لەم نێوەندەدا، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی فشاری زیاتری خستووەتە سەر هەردوو لا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و ئاگر بەست. نوێنەرانی میسر، قەتەر و ویلایەتە یەکگرتووەکان چەندین گەڕی دانوستاندنیان ئەنجامداوە بەڵام تا ئێستا ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەست نەهێنراوە.
لە لایەکی ترەوە، ڕێکخراوە مرۆییەکان هۆشداریان داوە دەربارەی بارودۆخی مرۆیی لە غەززە کە رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت، و داوای کردنەوەی دەروازەکانی هاتوچۆ و رێگەدان بە گەیاندنی یارمەتییە بەپەلەکان دەکەن.
سێڤیل ئاکداغی 34 ساڵان، یەکێک لە ئەکتەرە دیارەکانی تورکیایە و لە چەندین بەرهەمی درامی و سینەمایی تورکیدا بەشداری کردووە، دوێنێ شەو بە تۆمەتی کوشتنی هاوڕێکەی بە چەقۆ لە شوقەکەی خۆیدا و بەسەرخۆشی دەستگیرکراوە.
بەپێی راپۆرتی میدیاکانی تورکیا، ئەم روداوە لە شوقە تایبەتەکەی "ئاکداغ" لە گەڕەکی فاتحی شاری ئیستەنبوڵ رویداوە، دوای ئەوەی هەردووکیان بە سەرخۆشی لە شەوە ئاهەنگێک گەڕاونەتەوە.
دراوسێکانی ئەو شوێنەی کە ئەکتەرە تورکەکەی لێ دەژی، ئاماژە بەوە دەکەن، دراوسێکان کاتێک هاواری بەرزی قوربانیەکەیان بیستووە، دەستبەجێ پەیوەندیان بە پۆلیس و تیمەکانی فریاکەوتنەوە کردووە. یەکێک لە شایەتحاڵەکان بە پۆلیسەکانی وتوە:"گوێم لە دەنگی پێی کەسێک بوو لە پلیکانەکان دەهاتە خوارەوە و لە شوقەکە رای دەکرد".
لێکۆڵینەوە پزیشکیەکان ئاشکرایانکردووە کە 30 جێگە چەقۆ لەسەر جەستەی ئەلیف کیراڤ دۆزراوەتەوە.
پۆلیسی تورکیا سێڤیل ئاکداغیان لە ناوچەی ئەسێنیورتی ئیستەنبوڵ دەستگیرکردوە و گواستیانەتەوە بۆ دادگای ئیستەنبوڵ لە چاغلایان.
لە لێدوانەکەیدا بۆ پۆلیس، ئاکداغ وتوویەتی: “من و ئەلیف هاوڕێ بووین، ئەو شەوە لە دەرەوە مەیمان خواردەوە، دواتر گەڕاینەوە شوقەکەم و بەردەوام بووین لە خواردنەوە. بەیانیەکەی بوو بە شەڕمان و ئەلیف لێمی دا و کەوتینە سەر زەوییەکە؛ کاتێک بینیم ئەلیف بێجووڵە کەوتووە، ترسام و ڕام کرد. هیچم لەبیر نییە، چونکە زۆرم خواردبووەوە.”
سێڤیل ئاکداغ کێیە؟
سێڤیل ئاکداغ لە 3ـی تەمموزی 1993 لە شاری ماردینی تورکیا لەدایک بووە. سەرەتا وەک مۆدێل دەستی بە کار کردووە پێش ئەوەی رو لە بواری نواندن بکات. هەر لە تەمەنی گەنجیەوە خولیای مۆسیقا و هونەری نواندن بووە
بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایش، دادگای سنە سزای پێنج ساڵ زیندانیی بەسەر مامۆستایەكی كوردیدا سەپاند.
رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردۆتەوە ، ئەو مامۆستایە ناوی "سروە پور محەمەدیە" و یەكێكە لە مامۆستایانی خۆبەخشی زمانی كوردی و ساڵی 2023 لە لایەن لقی 1ی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی "پێكهێنانی گروپ بۆ تێكدانی ئاسایش" سزای 10ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە ،بەڵام ساڵی ڕابردوو لە لایەن دادگاوە پێداچوونەوە بۆ سزاكەی كراوە و بۆ 5 ساڵ كەمكراوەتەوە.
رۆژی شەممەش پاش بانگكردنی بۆ لقی جێبەجێكردنی سزاكانی شاری سنە، دەستبەسەر كراوە و بۆ بەشی ژنانی زیندانی ناوەندیی سنە گواستراوەتەوە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە عیراق گەیشتنی هێزەكانی ئەمەریكا بۆ بنكەی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار رەتكردەوە.
سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنی عیراق بە میدیا عیراقییەكانی راگەیاندووە، ئەو هەواڵانەی باس لە هاتنی هێزەكانی ئەمەریكا بۆ بنكەی عەین ئەسەد دەكەن دوورن لە راستیەوە، راشیگەیاند، ئەو وێنانەش كە بڵاوكراوەنەتەوە وێنەی كۆنن.
ئەو رەتكردنەوەیە لە كاتێكدیە، كە پێشتر چەن سەرچاوەیەك ئاماژەیان بەوە كردبوو، كە هێزێكی ئەمریكی یەكێك لە بنكەكانیان لە سوریا چۆڵ كردووە و هاتوونوتە عیراق و لە بنكەی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار جێگیر بوون.
فڕۆکەکانی ئەمریکا هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر سەنعا دەست پێ کردەوە و چەند کاتژمێرێک دواتریش، هێرشیان کردە سەر پارێزگای حودەیدە لە رۆژئاوای یەمەن.
بەپێی زانیارییە خۆجێییەکانی ئەو وڵاتە، فڕۆکەکانی ئەمریکا 50 هێرشیان کردە سەر پێگەی حوسیییەکان لە سەنعا، حودیدە و عەمران. دانیشتوانی ناوچەکە رایانگەیاندوە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز شاری سەنعای هەژاندووە. دواتر، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، گەڕەکی نەهدە و نوقومی باکور و رۆژهەڵاتی پایتەختیان بۆمباران کرد.
هەروەها میدیاکانی سەر بە حوسییەکان بڵاویان کردەوە فڕۆکە ئەمریکییەکان زیاتر لە 13 جار لەسەریەک هێرشیان کردوەتە سەر شوێنە جیاوازەکانی پارێزگای حودەیدە لە دەریای سور.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، هێرشە ئاسمانییەکان دەوروبەری فڕۆکەخانەی حودەیدە لە ناوەندی شارەکە، هەروەها بنکەی دەریایی لە ناوچەی کوتێب لە باکوری پارێزگاکەیان بۆمباران کردووە، جگە لە بۆمبارانی پێگەی حوسییەکان و سەربازگە و شوێنی وەستانی ئۆتۆمبیل.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند "لە مانگی ئادارەوە 300 هێرشیان کردووەتە سەر یەمەن؛ لە کاتێکدا چەکدارە حوسییەکان ژمارەکە بە نزیکەی 900 هێرش دەخەمڵێنن، کە ناوچە جیاوازەکانی سەرانسەری وڵاتەکەیان گرتووەتەوە.
شایەنی باسە، ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی حوسییەکان لە یەمەن دێت، کە ماوەیەکە بەردەوامن و هەندێک جار بریتانیاش بەشداری تێدا دەکات.
دیداری تایبەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ کوردسات نیوز پەخشرا، تێیدا باسی لە پرسە ناوخۆیی و جیهانییەکان کرد.
پەتای تای خوێنبەربوون، ئەو پەتایەی ئێستا یەخەی عیراقی گرتووە و بەپێی دوایین ئامارە رەسمییەکان، 14 حاڵەتی توشبوون و دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی پەتاکەوە تۆمار کراون.
پەتای تای خوێنبەربوون پەتایەکی ڤایرۆسییە، گواستراوەیە و بەهۆی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، کە لەنێوان مرۆڤەکانیشدا درمە و دەگوازرێتەوە.
ئەگەر نەخۆشییەکە لە سەرەتادا دیاریبکرێت، ئەوا چارەسەرەکەی ئاسانتر دەبێت. بۆیە باشترین شت ئەوەیە هاووڵاتیان هۆشیار بن بەرامبەر بە نەخۆشییەکە و نیشانەکانی، هەروەها رێگاکانی خۆپاراستن لێی جێبەجێ بکەن.
بەپێچەوانەشەوە ئەگەر ماوەی دوو هەفتە و زیاتر بخایەنێت و هێشتا نەخۆشییەکە دیاری نەکرابێت و چارەسەری وەرنەگرتبێت، ئەگەری هەیە نیشانەکان توند ببن، بەتایبەت ئەگەر خوێن لەژێر پێستدا بڵاوببێتەوە ئەگەری گیانلەدەستدانی نەخۆشەکە هەیە.
رێژەی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لەنێوان 15٪ بۆ 30٪دایە.
هیچ پێکوتەیەکی دیاریکراوی نییە، نیشانەکانیشی لەرێگای پێدانی دەرمانی تایبەتەوە کەمدەکرێنەوە.
هۆکارەکانی توشبوون:
ئەم پەتایە لە رێگای بەرکەوتن بە ئاژەڵ و مێرووی هەڵگری ڤایرۆسەکەوە دەگات بە مرۆڤ، هەروەها بەشێوەیەکی زیاتر مێشوولە، گەنە، مشک و شەمشەمەکوێرە هۆکاری گواستنەوەین.
هەروەها بەهۆی سەربڕین و خواردنی گۆشتی ئاژەڵی توشبووەوە دەگوازرێتەوە بۆ مۆڤ.
بەدەر لەو هۆکارانەی دیکە، لەنێوان مرۆڤەکانیشدا بەهۆی کارکردن و تێکەڵبوونی کەسانی توشبوو و بەکارهێنانی دەرزی و ئامێری کەسی توشبوو، یانیش پەیوەندی جەستەیی لەگەڵ کەسی توشبوودا، هەروەها کارکردن و مانەوە لەو شوێنانەی مشکیان تێدایە، لەگەڵ بەرکەوتن بە خوێن یان هەر شلەیەکی دیکەی کەسیتوشبوو، دەگوازرێتەوە و بڵاو دەبێتەوە.
نیشانە سەرەکییەکانی نەخۆشییەکە:
-دڵتێکەڵهاتن و هێڵنجدان و رشانەوە
-ئازاری جومگەکان
-سکچوون
-تا
-هیلکی و لاوازی
نیشانە توندەکان کە مەترسییان لەسەر ژیان هەیە:
-بێهۆشبوون
-ناڕێکی لە ئیشوکاری کۆئەندامی دەمار
-پەککەوتنی جگەر
-پەککەوتنی گورچیلە
-پەککەوتنی هەناسەدان
-خوێنبەربوونی ژێرپێست
باشترین رێگاکانی خۆپارێزی:
-داپۆشینی گۆشت لەناو دەفری سەرقەپاتدا.
-بەباشی پاککردنەوەی سەتڵی خۆڵ و خاشاک و باشترە ئەگەر ئەو سەتڵانە سەریان هەبێت.
-دانانی پەردەی گونجاو بۆ دەرگا و پەنجەرەکان کە مێروو و خشۆکەکان پێیدا تێپەڕ نەبن.
-بەباشی کوڵاندنی گۆشت و خۆراکەکانی دیکە.
-بڕینی لقوپۆپی زیادەی دارەکان و دوورخستنەوەی گژوگیا لە ماڵەکان.
-دوورخستنەوەی دار و خشت و کەرەستەی کەڵەکەبوو لە ماڵەکان، کە لانیکەم 40 مەتر و زیاتر.
-پاراستنی پاکوخاوێنی جەستەیی و زوو زوو شۆردنی دەستەکان.
-بڕینی چیمەنی ماڵەکان.
-پێویستە هەر ئاژەڵێک کە سەر دەبڕدرێت قڕتێکەرەکان و گەنەی لەسەرنەبێت و تەنها لە کوشتارگەکاندا ئاژەڵ سەرببڕدێت، بۆئەوەی پشکنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕینیشی بۆ بکرێت.
-نابێت بەهیچ جۆرێک ئاژەڵ لەناو ماڵ و گەڕەکەکاندا سەر ببڕدڕێت.
دادگای باڵای ئەمریكا بڕیارێكی ئیدارەی ترەمپی بۆ دیپۆرتكردنەوەی كۆچبەرانی ڤەنزوێلا راگرت و دەشڵێت، پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەكە بكرێت، چونكە ژیانی بەشێكیان دەكەوێتە مەترسییەوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دادگای باڵای ئەمریكا رایگەیاند، بڕیاری دیپۆرتكردنەوەی كۆچبەرانی ڤەنزوێلی رادەگرێت بە تایبەتی ئەوانەی زیندانیكراون یاخود راگیراون.
دەشڵێت، بڕیارە دوای فشارێكی زۆر پارێزەران هۆشدارییان دابوو لەوەی بەشێك لەو كەسانەی دیپۆرت دەكرێنەوە ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە.
دوای بڕیارەكەی دادگاش حكومەتی ئەمریكا فەرمانی دەكرد بە دیپۆرتنەكردنەوەی هیچ كەسێك تا ئەو كاتەی بڕیارێكی تری دادگا دەردەكرێت.
میدیاكانی ئەمریكاش بڵاویانكردەوە، بڕیارەكەی دادگای باڵا نمونەیەكە كە ئەو دامەزراوەیە روبەڕوی ئیدارەی ترەمپ دەوەستێتەوە لە بارەی سیاسەتی كۆچبەرانەوە و پێی وایە ژمارەیەك لەوانەی دیپۆرتكراونەتەوە هەڵە بووە یاخود بە هیچ پرۆسەیەكی دادگاییكردندا تێنەپەڕیوە.
كارمەندێكی نەخۆشخانەی گشتی كەركوك بەهۆی توشبوون بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا، بەوەش لە ماوەی سێ رۆژدا دوو كەس لە كەركوك بەتای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ كارمەندێكی نەخۆشخانەی گشتی كەركوك، دوای توشبوونی بە ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا.
وتیشی، رۆژی پێنجشەممەی رابردووش دوو حاڵەتی تری تای خوێنبەربوون تۆماركران.
ئەوەشی خستە روو، یەكێك لەتوشبووەكانی دوو رۆژی رابردوو گیانی لەدەستدا، كە كەسێكی تەمەن 30 ساڵ بوو، كەسی دووەمیش تاوەکو ئێستا لەژێر چاودێری پزیشكیدایە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیەنراوێکی لەبارەی دانوستانەکانی ئەمڕۆی ئێران و ئەمریکا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، بە چاوکراوەیی و جانتایەکی پڕ لە ئەزموونی رابردووەوە دەڕۆن.
ئەمڕۆ خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە بەڕێوەدەچێت و وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە، ئاشتی بەردەوام لە گفتوگۆی راستگۆیانە لەنێوان گەلاندا لەدایک دەبێت، نەک لە سەپاندنی هێزەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە پابەندبوونی خۆی بە دیپلۆماسی وەک رێگەیەکی شارستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە نیازپاکی و روانگەیەکی بەرپرسیارانەوە، لەگەڵ رێزگرتن لە بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی ئێران نیشانداوە.
ئەوەش خراوەتە روو، "دەزانین رێگای بەردەممان خۆش نییە، بەڵام بە چاوکراوەیی و جانتایەکی پڕ لە ئەزموونی رابردوەوە دەڕۆین".