فۆکس سپۆرتس هەلێکی زێڕین دەرەخسێنێت بۆ بینینی مۆندیالی 2026بەرانبەر 50 هەزار دۆلار
سەوسەن سەید
٦ی ئایاری ٢٠٢٦
تۆڕی وەرزشیی "فۆکس سپۆرتس" بە هاوکاری سەکۆی جیهانیی "ئیندید"، هەلێکی کارکردنی دەگمەن و سەرنجڕاکێشیان بۆ خولیایانی تۆپی پێ راگەیاند، کە تێیدا کەسێک دەستنیشان دەکرێت بۆ بینینی سەرجەم یارییەکانی مۆندیالی 2026 و لە بەرانبەردا بڕی 50هەزار دۆلاری پێ دەدرێت.
ئەم هەڵمەتە کە بە ناونیشانی "دامەزراندنێکی مێژوویی بۆ رووداوێکی مێژوویی" ناسێنراوە، ئامانجی دۆزینەوەی کەسێکی شایستەیە کە بتوانێت 104 یاریی مۆندیالەکە لە گۆڕەپانی "تایمز سکوێر" لە شاری نیویۆرکەوە فۆکەسی بخاتە سەر و رووماڵیان بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە مۆندیالی داهاتوو بۆ یەکەمجار بە بەشداری 48 هەڵبژاردە لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت.
رۆبێرت گۆتلیب، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی فۆکس سپۆرتس،رایگەیاند کە ئەوان بەدوای کەسێکدا دەگەڕێن "خولیایەکی شێتانەی بۆ تۆپی پێ هەبێت" و بتوانێت هەست و سۆزی راستەقینەی یارییەکان بۆ بینەران بگوازێتەوە، وگرنگترین مەرجەکان بریتین لە: توانای هەڵسەنگاندن و وەسفکردنی رووداوەکانی ناو یاریگا، وبەرهەمهێنانی ڤیدیۆ و بابەتی سەرنجڕاکێش بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
داواکارانی ئەم کارە، کە بە "وەزیفەی تەمەن" وەسف کراوە، دەبێت لێهاتوویی خۆیان لە بواری رۆژنامەوانی و دروستکردنی ناوەڕۆکدا بسەلمێنن، پێویستە ڤیدیۆیەکی کورتی خۆیان بنێرن کە تێیدا ئاستی شەیدابوونیان بۆ ئەم وەرزشە نیشان بدات و بیسەلمێنن کە دەتوانن بەرگەی ئەم "ماراسۆنە کورییە" بگرن.
شایانی باسە مۆندیالی 2026 لە 11ی حوزەیران دەستپێدەکات و تا 19ی تەمموز بەردەوام دەبێت، کەسە سەرکەوتووەکەش دەبێتە دەنگ و رەنگی یەکێک لە گەورەترین رووداوە وەرزشییەکانی جیهان لە یەکێک لە ناودارترین شوێنەکانی ئەمریکا.



