قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداو و کۆگانی ئاوی هەرێم کۆبووەوە
٦ی ئایاری ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ عەبدولڕەحمان عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاو و بەڕێوەبەرانی بەنداوەکان و ستافی بەڕێوەبەرایەتییەکە کۆبووەوە و داوایکرد پلانێکی زانستی ئامادە بکەن بۆ ئامادەکاری کردن بۆ ساڵانی وشکەساڵی و کەمبارانی.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە (6/5/2026) لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ستایشی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی کرد و دڵخۆشیی خۆی دەربڕی کە لەم کابینەیەدا توانراوە ژمارەیەک بەنداوی گەورە و بچووک بۆ گلدانەوەی ئاو دروست بکرێت.
جێگری سەرۆک وەزیران داواشیکرد پلانێکی زانستی ئامادە بکەن بۆ ئامادەکاری کردن بۆ ساڵانی وشکەساڵی و کەمبارانی، هەروەها داواشیکرد پلانێکی دیکە ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی لە بەنداوەکان وەک شوێنێکی گەشتیاری کەڵک وەربگیرێت و لەمبارەیەشەوە ئامادەیی خۆی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەربڕی.



