سێنتکۆم: بە فڕۆکەی جەنگی هێرشمان کردە سەر کەشتییەکی ئێرانی
محەمەد رزگار
٦ی ئایاری ٢٠٢٦
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' ئاشکرایکرد، هێزەکانیان لە دەریای عومان رێگرییان لە کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی کردووە کە ویستوویەتی گەمارۆ دەریاییەکان بشکێنێت.
سێنتکۆم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سەعات 9ـی بەیانی، کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی بە ناوی ' M/T Hasnaحەسنا'، کە هەوڵیداوە بەرەو یەکێک لە بەندەرەکانی ئێران بڕوات، بەڵام لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە چاودێری کراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ دوای ئەوەی چەندین جار ئاگاداری درایە کەشتییەکە کە سەرپێچی گەمارۆکانی ئەمریکا دەکات و تیمی کەشتییەکەش پابەند نەبوون، فڕۆکەیەکی جەنگی لە جۆری (F/A-18 Super Hornet) کە لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (USS Abraham Lincoln)ـەوە فڕیبوو، بە تۆپی 20 ملم هێرشی کردە سەر سوکانی کەشتییەکە و لەکاریکست."
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختی کردەوە، کەشتییەکە ئێستا پەککەوتووە و ناتوانێت بەرەو ئێران بڕوات، هەروەها دوپاتی کردەوە کە گەمارۆی دەریایی بۆ سەر هەموو ئەو کەشتییانەی دەیانەوێت بچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێی بچنە دەرەوە، بە توندی بەردەوامە.



