لە چوارچێوەی هەوڵە نوێیەکانی واشنتۆن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ تاران، سەرۆکی ئەمریکا ئومێدی زۆری هەیە رێککەوتنێکی نوێ لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئیمزا بکرێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانکدا بۆ کەناڵی 'پی بی ئێسPBS'، گەشبینی خۆی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران نیشاندا و رایگەیاند، هەست دەکات واشنتۆن لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکە نزیک بووەتەوە.

ترەمپ لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە: هەست دەکات زۆر نزیکن لە رێککەوتن، بەڵام پێشتریش هەمان هەستی هەبووە، بۆیە دەبێت چاوەڕێ بکەن بزانن چی رودەدات.

لە لایەکی ترەوە و سەبارەت بە تیمی دانوستانکار، سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی خستەڕوو، رەنگە ئەمجارە پەنا بۆ نێردە تایبەتەکانی وەک 'ستێڤ ویتکۆف' و 'جارید کۆشنەر'ـی زاوای نەبات و ئاشکرایکرد، لە ئێستادا تاوتوێ ئەوەی نەکردووە، کە ئەوان بنێرێت بۆ دانوستانەکان لەگەڵ ئێران.

ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر بگەنە رێککەوتن لەگەڵ ئێران سزاکان لەسەر ئەو وڵاتە کەمدەکەنەوە و بەشێکی هەڵدەگرن.

"ئەگەر رێککەوتن بکرێت لە ئێران نادەین، بەڵام ئەگەر رێککەوتن نەکرێت زۆر بەهێزتر لە پێشتر بۆردومانی ئێران دەستپێدەکەینەوە" سەرۆکی ئەمریکا وا دەڵێت.