دەستەی راگەیاندن و گەیاندن: خزمەتگوزاری تێلیگرام لە عیراق دەستپێدەکاتەوە
سەوسەن سەید
٩ی ئایاری ٢٠٢٦
دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عیراق، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند کە بڕیار دراوە بە دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزاری تێلیگرام لە سەرانسەری وڵاتدا، ئەمەش دوای ئەوەی ئیدارەی ئەپڵیکەیشنەکە بەڵێنی داوە پابەند بێت بە مەرجە رێکخراوەییەکان و یاسا کارپێکراوەکان.
دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیدارەی تێلیگرام بەڵێنی داوە پابەندی مەرجە رێکخراوەییەکان بێت بەگوێرەی بڕگەکانی فەرمانی یاسایی ژمارە 65ی ساڵی 2004.
ئاماژەی بەوەش کرد کە: پێشتر داواکاری رەسمی ئاراستەی کۆمپانیاکە کرابوو سەبارەت بە رێکخستنی ناوەڕۆک، پاراستنی زانیارییەکانی بەکارهێنەران و پابەندبوون بە چوارچێوە یاساییەکانی عیراق.
جەختیشی کردەوە کە: دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی مەیدانی بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە ئیدارەی تێلیگرام داویەتی.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە دوای تەواوکردنی رێکارە تەکنیکییەکان لەلایەن وەزارەتی گەیاندنەوە، ئەپڵیکەیشنەکە بە شێوەیەکی ئاسایی کار دەکاتەوە.



