سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: ئێران دەیەوێت رێککەوتن بکات و لە ئایندەیەکی نزیکدا چاوەڕێی وەڵامێکیان دەکەین.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە کەناڵی ئێڵ سی ئای فەرەنسی راگەیاند، تاران ئارەزووی جددی بۆ رێککەوتن هەیە و واشنتۆنیش چاوەڕێی وەڵامە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکەن لە ئایندەیەکی نزیکدا وەڵامێکمان لەلایەن ئێرانەوە پێ بگات.

سەبارەت بە ئاگربەستی نێوان روسیا و ئۆکراین، سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند، ئەو لایەنی سەرەکی بووە لە بەدەستهێنانی ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ، ئەوەشی خستەڕوو، "ئەوە من بووم ئاگربەستەکەم بەدەستهێنا".

ترەمپ جەختی لەوەش کردەوە، درێژکردنەوەی ئەو ئاگربەستە "کارێکی زۆر باش دەبێت"، هەرچەندە ئامادە نەبوو لێدوان لەسەر ئەو هەواڵانە بدات کە باس لە پێشێلکاریی ئاگربەستەکە دەکەن لەلایەن روسیاوە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە بەهۆی ململانێکانی واشنتۆن و تاران، هاتوچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمز پەکیکەوتووە و نرخی نەوت روی لە بەرزبوونەوە کردووە، هاوکات مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە ئەوروپییەکان کردووە هاوکاری ئەمریکا بکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی، بەڵام وڵاتانی ئەوروپا تا ئێستا مەرجی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێرانیان داناوە بۆ هەر دەستوەردانێک.