بڕیارە سبەینێ هەرێم زیاتر لە 50 ملیار دینار وەك داهاتی نانەوتی مانگی نیسان رادەستی بەغداد بكات
لاوان
٩ی ئایاری ٢٠٢٦
بڕیارە سبەینێ وەزارەتی دارایی هەرێم بڕی زیاتر لە 50 ملیار دینار وەك داهاتی نانەوتی مانگی نیسان بخاتەسەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی عیراق.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بڕیارە سبەینێ لەگەڵ دەستپێكی دەوام وەزارەتی دارایی هەرێم بڕی زیاتر لە 50 ملیار دینار بۆ داهاتی نانەوتی مانگی نیسان بخاتەسەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی عیراق.
ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی دارایی هەرێم هەموو ئامادەكارییەكانی بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی نیسان تەواوكردووە و هەر كاتێك وەزارەتی دارایی عیراق موچەی مانگی نیسانی خستەسەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی هەرێم، لە زووترین كاتدا خشتەی موچە رادەگەیەنرێت و دەست بە دابەشكردنی موچە دەكرێت، لەماوەی سێ بۆ چوار رۆژیشدا موچەی تەواوی موچەخۆران دابەش دەكرێت.
ئەو سەرچاوە وتیشی، لەنێوان هەرێم و بەغداد لێكتێگەیشتن هەیە لەسەر كەمبوونەوەی داهاتی نانەوتی بەهۆی رەوشی ناوچەكە و جەنگی ئێرانەوە، بەوپێیەش ناردنی 50 ملیار دینار لە بری 120 ملیار دینار وەك داهاتی نانەوتی نابێتە بەربەست لەبەردەم ناردنی موچە.



