رێکخراوی فاو: نرخی خۆراک لە جیهاندا بە رێژەی 2% بەرزبووەتەوە
سەوسەن سەید
٩ی ئایاری ٢٠٢٦
رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) رایگەیاند، پێوەرەکانی نرخی خۆراک لە مانگی نیساندا بە رێژەی 2% بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش بەرزترین ئاستە لە دوای ساڵی 2023ـەوە تۆمار کرابێت.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکرد کە: زەیتی رووەکی زۆرترین رێژەی بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە. هۆکارەکەشی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو دەگەڕێتەوە، کە وایکردووە خواست لەسەر زەیتی رووەکی بۆ پیشەسازی سووتەمەنی زیندەیی زیاد بکات.
جەختیشی کردەوە: نیگەرانییەکان لە کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا کاریگەری راستەوخۆی هەبووە لەسەر گرانبوونی نرخەکان.
رێکخراوی فاو رونیکردەوە کە: نرخی گەنم بە رێژەی 0.8% بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەهۆی وشکەساڵی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئوسترالیا، جگە لە گرانبوونی نرخی پەین کە پەیوەندی بە شەڕ و ململانێکانەوە هەیە.
رێکخراوی "فاو" ئاماژەی بەوە کردووە کە رەنگە جوتیاران لەمساڵدا روو لە چاندنی ئەو بەرهەمانە بکەن کە پێویستیان بە پەینی کەمترە و واز لە چاندنی گەنم بهێنن؛ ئەم هەنگاوەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خستنەڕووی گەنم لە بازاڕەکاندا و دووبارە بەرزبوونەوەی نرخەکەی.



