سعودیە سزای حەجی بێ مۆڵەتی بۆ 100 هەزار ریاڵ بەرزكردەوە
لازیا عەلی
٩ی ئایاری ٢٠٢٦
بۆ رێگریكردن لە قەرەباڵغی و پاراستنی سەلامەتی حاجییان، سعودیە سزایەكی قورسی دارایی و یاسایی بەسەر ئەو كەسانەدا دەسەپێنێت كە بەبێ ڤیزای تایبەت بەشداری فەریزەی حەج دەكەن.
وەزارەتی ناوخۆی سعودیە رایگەیاند، بۆ وەرزی ئەمساڵی حەج، هەر كەسێك بە ڤیزای سەردان و گەشتیارییەوە حەج بكات و ڤیزای تایبەتی حەجی وەرنەگرتبێت، دەستگیر دەكرێت و بە بڕی 100 هەزار ریاڵ سزا دەدرێت كە دەكاتە 26 هەزار و 727 دۆلار و تا 10 ساڵی تریش رێگەی پێنادرێت سەردانی سعودیە بكات.
جەختیشیكردووەتەوە، ئەو ڤیزایە مەرجێكی بنەڕەتییە و هەر كەسێكیش بە بێ ئەو ڤیزایە هاوكاری گواستنەوە یان نیشتەجێكردنی حاجیانی بێ مۆڵەت بكات، رووبەڕووی هەمان سزا دەبێتەوە.
ئەو رێكارە نوێیەی سعودیە دوای ئەوە دێت كە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی زۆری حاجیانی نایاسایی، فشارێكی زۆر لەسەر دروستدەبوو و بەهۆی قەرەباڵغیشەوە چەندین كەس گیانیان لەدەستدەدا.



