پەرلەمانتارێكی دەم پارتی دەڵێت، قۆناغێكی هەستیار لە ئارادایە و پێویستە پێش پشووی پەرلەمان پێگەی ئۆجەلان لە پرۆسەی ئاشتیدا دیاری بكرێت.

جەنگیز چاندار پەرلەمانتاری پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان "دەم پارتی" رایگەیاند: بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی پێویستە پێش دەستپێكردنی پشووی پەرلەمان هەنگاوی كرداریی بنرێت و چاكسازییە یاساییەكان ئەنجام بدرێن و پێگەی عەبدوڵا ئۆجەلانیش لە پرۆسەی ئاشتیدا دیاری بكرێت، لەبەرئەوەی قۆناغێكی هەستیار بۆ چارەسەری پرسی كورد لە ئارادایە.

وتیشی، دیاریكردنی پێگەی ئۆجەلان بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی یاسایی زۆر پێویستە و كاریگەری زۆری لەسەر بەرەوپێشچوونی هەنگاوەكانی پرۆسەی ئاشتی دەبێت.

جەنگیز چاندار ئاماژەی بەوەشكرد، پشتیوانی پێشنیازەكەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە دەكەن كە پێشنیازیكردووە دەستەی هەماهەنگی بۆ پرۆسەی ئاشتی و بەسیاسیكردن دابمەزرێت بە مەبەستی رێكخستنی ئەم قۆناغە.