لە ئەنجامی رەفتارێکی نەشیاوی چەند گەنجێک بەرانبەر گەشتیاران، ئیدارەی گەرمیان رێکاری یاسایی توند دەگرێتەبەر و داوای لێبوردن لە گەشتیاران دەکات.

ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان راگەیەندراوێکی لەبارەی روداوێکی نەخوازراوی شەوی رابردووی بڵاوکردەوە، کە تێیدا چەند گەنجێک لە شاری کەلار بە ماتۆڕسکیل رێگەیان لە پاسێکی گەشتیارانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خووارووی عیراق گرتووە و هێرشیان کردووەتە سەریان.

ئیدارەی گەرمیان جەخت دەکاتەوە، ئەم کارە بە هیچ شێوەیەک پلان بۆ داڕێژراو نەبووە، بەڵکو رەفتارێکی شەخسی و نەشیاوی چەند گەنجێک بووە و دوورە لە کولتووری میواندۆستیی خەڵکی گەرمیان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای روداوەکەدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەجێ هاتووەتە سەر هێڵ، بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، هێزەکانی ئاسایشی گەرمیان سەرجەم ئەو گەنجانەیان دەستگیرکردووە و رێکاری یاساییان بەرانبەر دەگیرێتەبەر.

ئیدارەی گەرمیان داوای لێبوردن لەو گەشتیارانە دەکات کە لە ناو پاسەکەدا بوون و دڵنیایی دەداتە هەموان کە پاراستنی گیان و کەرامەتی گەشتیاران لە ئەولەویەتی کارەکانیاندایە.

جەختیش دەکاتەوە، خەڵکی گەرمیان بە کەرەم و میواندۆستی ناسراون و رێگە نادرێت رەفتاری لەو شێوەیە ناوبانگی ناوچەکە لەکەدار بکات.