توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری (ئینڤایرۆنمێنتال ڕیسێرچ لێتەرز) بڵاوکراوەتەوە، هۆشداری دەدات لەوەی ژمارەی دانیشتووانی جیهان کە ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 8.3 ملیار کەس، لە توانای استیعاب و پاڵپشتیی سروشتیی گۆۆی زەوی تێپەڕی کردووە. 
توێژینەوەکە دەڵێت مرۆڤایەتی ئێستا لە دەرەوەی ئەو سنوورانە دەژی کە زەوی دەتوانێت لەسەر مەودای دوور بەرگەی بگرێت.

"توانای لەخۆگرتن" چییە؟
زانایانی ژینگە زاراوەی "توانای لەخۆگرتن" بەکاردەهێنن بۆ دیاریکردنی ئەو ژمارە نموونەییەی کە ژینگە دەتوانێت بەردەوامییان پێ بدات بەبێ ئەوەی سەرچاوە سروشتییەکان لەناو بچن.

 بەپێی تیمی توێژەران بە سەرۆکایەتی پڕۆفیسۆر "کۆری برادشو" لە زانکۆی فلیندەرزی ئوسترالی، مرۆڤ توانیویەتی بەهۆی تەکنەلۆژیا و سووتەمەنی فۆسیڵی (نەوت و خەڵوز)، ئەم سنوورە سروشتییانە ببەزێنێت، بەڵام ئەمە تەنها چارەسەرێکی کاتی و دەستکردە.

توێژینەوەکە ئاماژە بە دوو ئاستی جیاواز دەکات:

_توانای نموونەیی: بۆ ئەوەی هەموو مرۆڤایەتی بە ئاستێکی گونجاو لە بژێوی و بەردەوامی بژین، پێویستە ژمارەی دانیشتووان تەنها 2.5 ملیار کەس بێت.

_توانای ئەوپەڕی: زەوی دەتوانێت بە شێوەیەکی تیۆری تا 12 ملیار کەس لەخۆ بگرێت، بەڵام لەو ئاستەدا مرۆڤایەتی رووبەڕووی برسێتی، نەخۆشی و جەنگی گەورە دەبێتەوە لەسەر سەرچاوەکان.

قۆناغی دیمۆگرافی نەرێنی
برادشو، روونی دەکاتەوە کە لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردووەوە، جیهان چووەتە ناو قۆناغێکی دیمۆگرافی نەرێنی؛ واتە هەرچەندە ژمارەی دانیشتووان زیاد دەکات، بەڵام رێژەی گەشەکە لە خاوبوونەوەدایە.
پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتووان لە ساڵانی حەفتاکانی ئەم سەدەیەدا بگاتە لوتکە (نزیکەی 12.4 ملیار کەس) و پاشان بەرەو کەمبوونەوە بچێت.

لێکەوتەکانی ئەم زیادبوونە:
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە جیهان تووشی کورتهێنانی توندی ئاوی شیرین بووە، هەروەها زۆربوونی مرۆڤ وایکردووە ژینگەی ئاژەڵە کێوییەکان تێکبچێت و توانای کێبڕکێیان لەگەڵ مرۆڤ نەمێنێت، وپشتبەستنی مرۆڤ بە سووتەمەنی فۆسیڵی بۆ دابینکردنی وزە و خۆراک، بووەتە هۆی تێکدانی هاوسەنگی کەشوهەوای گۆۆی زەوی.

ئایا هێشتا کات ماوە؟
سەرەڕای وێنە تەمومژاوییەکە، توێژەران پێیان وایە هێشتا کات ماوە بۆ گۆڕانکاری، ئەوان جەخت دەکەنەوە کە پێویستە وڵاتان هاوکاری یەکتر بن بۆ کەمکردنەوەی بەکاربردن و گۆڕینی ڕەفتارە کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکان بەرامبەر بە زەوی، ئاو و وزە.

برادشو دەڵێت: کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان و کەمکردنەوەی ئاستی بەکاربردن، ئەنجامێکی باشتری دەبێت هەم بۆ مرۆڤ و هەم بۆ هەسارەکەمان.