هەواڵەکانهەواڵەکان

سبەینێ شەممە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە یاوەری وەفدێکی دیپلۆماسی سەردانی عومان دەکات، میدیاکانی  ئێران دەڵێن؛ هۆکاری سەردانەکە بۆ رەوشی ئەمنی و سترتیژی گەروی هورمزە.

ئەمڕۆ هەینی ئاژانسی هەواڵی ئێرنا رایگەیاند، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی رەوشی ئەمنی و ستراتیژی گەروی هورمز، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی عومان دەکات.

ئەم سەردانەی حراقچی لە کاتێکدایە، ئێران بەهۆی ئەوەی ئەندام نییە لە رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریایی، هەوڵ دەدات بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتی عومان بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی گەروی هورمز بگرێتە دەست.

داواکارییەکەی تاران، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەگەڵ دژایەتی و ناڕەزایەتییەکی بەرفراواندا روبەڕوو بووەتەوە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە لەگەڵ ئەمریکادا ناگەنە رێککەوتن.

لای خۆشیەوە عومانیش وەک دووەم وڵاتی کەناراو لە گەروی هورمزدا، پێشتر چەندین جار جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە پابەندە بە دابینکردن و پاراستنی ئازادیی گەشتی دەریایی و بازرگانی لەو گەروە نێودەوڵەتییەدا و نایەوێت ببێتە لایەنێک لە تێکدانی سەقامگیریی ئاویی ناوچەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەگژاچوونەوەی گەندەڵی، بۆ یەكەمجار لەماوەی چەندین دەیەی رابردوودا، كاروانی ئۆتۆمبێلی پەرلەمانتاران و لێپرسراوانی حكومی لە بازگەكانی عیراقدا دەپشكنرێت.

گەورە لێپرسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی عیراق بە ماڵپەڕی عەرەبی جدیدی راگەیاندووە، لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەبەیانی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، رێنماییان پێگەیشتووە كە لە سەرجەم بازگە ئەمنییەكان پشكنین بۆ كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی پەرلەمانتاران و لێپرسراوانی حكومی بكرێت، بەبێ جیاوازی.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، رێنماییان پێدراوە ژمارەی بازگەكان لە رێگاكانی دەرەوەی شار و نێوان پارێزگاكاندا زیاتر بكەن.

ئەو لێپرسراوەی وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، لە سەرەتاوە بەشێكی زۆر لە پەرلەمانتاران و لێپرسراوان دژی بڕیاری پشكنینی كاروانی ئۆتۆمبێلەكانیان وەستاونەتەوە، بەڵام دواتر پابەندی بڕیارەكە بوون و رێگەیانداوە پشكنین بۆ ئۆتۆمبێلەكانیان بكرێت.

لە چەند هەفتەی رابردوو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق هەڵمەتێكی بە ناوی ‌هەڵمەتی بەرەبەیان بۆ دەستگیركردنی گەندەڵكاران و گێڕاندنەوەی ئەو پارانەی موڵكی گشتین، راگەیاند و تیایدا چەندین لێپرسراوی باڵا دەستگیر كران و دەیانی تر هەڵاتن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئیندۆنیزیا، جەختی لەسەر بێمتمانەیی وڵاتەکەی بەرانبەر بە واشنتۆن کردەوە و رایگەیاند، لە کاتی دانوستانەکاندا بە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکای وتوە؛ هیچ جۆرە متمانەیەکیان بە ئەمریکا نییە.

ئەمڕۆ هەینی، لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئیندۆنیزیا محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند وەک ئێرانییەکان متمانەیان بە ئەمریکا نییە.

 قالیباف ئاماژەی بە مەرجی سەرەکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکادا کرد و وتویەتی؛ له‌ روانگه‌ی ئەوەوە‌، ته‌نها ئەو کەسانە دەتوانن لەگەڵ ئەمریکادا دانوستان بکەن، کە خۆیان بۆ جەنگ ئامادە کردبێت و توانای جەنگیان هەبێت.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باسی لە هاوکێشە سەربازییەکانی ناوچەکە کرد و رایگەیاند ئەمریکا، ئیسرائیل و ناتۆ پێش دەستپێکردنی جەنگی ئەم دواییە، پێیان وابوو دەتوانن لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا ئێران ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکەن، بەڵام زۆر زوو بۆیان دەرکەوت کە ناتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن و تێگەیشتن کە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا بەو شێوازە نییە کە ئەوان تێڕوانینیان بۆی هەبووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گۆڤاری (دێر شپیگل)ـی ئەڵمانی بڵاویکردوەتەوە، حکومەتی بەرلین بەنیازە لە ماوەی دوو مانگدا تەواوی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان بکشێنێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی، گۆڤارە ئەڵمانییەکە ئاشکرای کردوە، حوکمەتی بەرلین بەنیازی کشانەوەی تەواوی هێزەکانییەتی  لەهەرێمی کوردستان و ئەم بڕیارەش دوای هەنگاوەکانی ئەمریکا دێت بۆ کشانەوەی هێزێکی پاراستن لە چوارچێوەی پلانەکانی خۆی بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکانی لە ناوچەکەدا.

 بەپێی زانیارییەکانی گۆڤارەکە، کە پشتی بە راپۆرتێکی لێژنەی بەرگریی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بەستووە، پڕۆسەی کشانەوەی هێزەکان تا کۆتایی مانگی ئەیلوول ی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت.

ئەم کشانەوەیە لە کاتێکدایە کە ئەڵمانیا پێشتریش کەمکردنەوەیەکی بەرچاو و گەورەی لە قەبارەی هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامداوە، ئەمەش بەهۆی ئەو نیگەرانییە ئەمنییە قووڵانەی کە لە لێکەوتەکانی شەڕی ئێرانەوە سەرچاوەیان گرتووە.

جیی باسە بە گوێرەی زانیارییەکان، لە ئێستادا  نزیکەی 30 سەربازی ئەڵمانی لە سەربازگەیەکدا جێگیرین کە تایبەتە بە هیزەکانی ئەڵمانیا و دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتون لەگەڵ ئێرانییەکاندا بەردەوام بن لە گفتوگۆکانیان، سەرەڕای کۆتایی هاتنی ئاگربەستی نێوانیان.

ئەمڕۆ هەینی، دۆناڵد ترەمپ پەیامێکی لە تۆڕی تروس سۆشیان، کە خۆی خاوەندارێتی دەکات بڵاوكردوەتەوە، دەڵێت؛ ئێرانییەکان داوایان لێکردوە بەردەوامی بدەن بە دانوستانەکانی نێوانیان.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردوە، وڵاتەکەی رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران، ئەمەش دوای ئەوەی تاران خۆی داوای درێژەدان بەو دانوستانانەی کردووە.

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، کە واشنتۆن بە شێوازێکی زۆر رون و بێ هیچ تەمومژێک بە لێپرسراوانی ئێرانی راگەیاندوو، کە رێککەوتنی ئاگربرست لە نێوان هەردوولادا کۆتایی پێهاتووە و چیتر کاری پێناکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئاژانسی رۆیتەرزیش رایگەیاندوە، سەرەڕای گرژییەکان تیمی دانوستانکاری قەتەری لەتارانن بۆ کۆبوەنەوە لەگەڵ لێپرسراوانی ئێران و گفتوگۆکانیش بە هەماهەنگی کۆشی سپی ئەنجام دەدرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە، سەرەڕای گرژییەکان، دانوستانکارانی قەتەر بەمەبەستی دیدار لەگەڵ لێپرسراوانی ئێران لە تارانی پایتەختن.

ئەمڕۆ هەینی، ئاژانی رۆیتەرز، ئاشکرای کردوە، سەرەڕای هێڕشيکانی واشنتۆن و تاران بۆسەر یەکتری، هەوڵەکان بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان و رەخساندنی زەمینە بۆ بەردەوامبوونی دانوستانە بەرفراوانەکان بەردەوامە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردوە، تیمی دانوستانکارانی قەتەر لە ئێستادا لە تارانن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لێپرسراوانی ئێران، گفتوگۆکانیش لەلایەن ئەمریکاوە هەماهەنگی دەکرێن.

رۆیتەرز ئاماجی گفتوگۆکانی خستوەتەڕوو، کە بریتیین لە چارەسەرکردنی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران.

هەروەها گرژییەکانی چەند رۆژی رابردووی نێوان دوو وڵاتەکە و ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر گەرویی هورمز لە بابەتە سەرەکییەکانی نێو گفتوگۆکانن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لێپرسراوانی سوریا ئاشكرایانكرد، داعش لە پشت ئەنجامدانی تەقینەوەكەی هەفتەی رابردووی دیمەشقەوە بووە.

لیوا ئەحمەد دالاتی، فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆ لە دیمەشق سەبارەت بە تەقینەوەكەی هەفتەی رابردوو رایگەیاندووە، دوای روودانی تەقینەوە تیرۆریستییەكە، دەستیان بە لێكۆڵینەوەكانیان كردووە، لە ئەنجامدا  یەكێك لە ئەندامانی ئەو شانەیەی هێرشەكەی ئەنجامداوە دەستنیشانكراوە، دواتر توانراوە سەرجەم ئەندامانی باندەكە دەستگیر بكرێن.

هاوكات ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی سوریا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، دوای كۆتاییهاتنی لێكۆڵینەوەكان، ناسنامەی ئەندامانی باندەكە و پەیوەندییەكانیان بۆ رایگشتی ئاشكرا دەكەن.

ئەوە لە كاتێكدایە سێشەممەی رابردوو، لەكاتی سەردانی سەرۆكی فەرەنسا بۆ دیمەشق، چەند بۆمبێكی چێندراو لە نزیك هۆتێلی فۆر سیزن تەقینەوە، بەهۆیەوە 18 كەس برینداربوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ناوی محەمەد پێگەی خۆی وەک باوترین و بەربڵاوترین ناوی کوڕان لە ئینگلتەرا و وێڵز بەهێزتر کرد، دوای ئەوەی بۆ سێیەم ساڵی لەسەریەک لە پێشەنگی لیستی ناوی منداڵە تازەلەدایکبووەکاندا مایەوە.

بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی نیشتمانی بۆ ئامار (ONS) لە ساڵی 2025دا، نزیکەی شەش هەزار کۆرپەلە ناوی محەمەدیان لێنراوە، کە ئەمەش بە جیاوازیی نزیکەی دوو هەزار منداڵ زیاترە لە ناوی نوح  (Noah)کە لە پلەی دووەمدایە.

ناوی محەمەد بە پلەی یەکەم و ناوی نوح بەپلەی دووەم، بۆ  ماوەی سێ ساڵە پێشەنگی ئەو ناوانەن، کە لە لیستەکەدان.

هاوکات لە لیستی ئەمساڵدا، ناوەکانی (لیۆ و لوکا) بۆ پلەکانی سێیەم و چوارەم بەرزبوونەتەوە و پێش ناوەکانی (ئارسەر، ئۆلیڤەر و جۆرج) کەوتوون، لە کاتێکدا ناوی "ئۆلیڤیا" (Olivia) وەک باوترین ناوی کچان لە پلەی یەکەمدا ماوەتەوە.

ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوی محەمەد بە رێنووسە جیاوازەکانییەوە پێگەیەکی مێژوویی هەیە؛ چونکە ناوی "Mohammed" بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1924دا چووەتە نێو لیستی 100 باوترین ناوەکان و لە ساڵی 2016ـشەوە هەمیشە لە نێو 10باوترین ناوەکاندایە.

نووسینگەی نیشتمانی بۆ ئامار رونی کردووەتەوە، کە زاڵبوونی ناوی محەمەد لە بەریتانیا بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانەش گەشەکردنی بەردەوامی رێژەی کۆمەڵگەی موسڵمانان، کە لە ئێستادا ژمارەیان دەگاتە نزیکەی چوار ملیۆن کەس (واتە نزیکەی 6٪ی کۆی گشتی دانیشتوانی بەریتانیا).

ناوی محمەد، وەک نەریتێکی سەرەکی و هێمایەکی پاراستنی رەسەنایەتی و کەلەپوور لە نێو خێزانە موسڵمانەکاندا ماوەتەوە، لە کاتێکدا لە بەرانبەردا ناوی منداڵانی تری بەریتانیا زیاتر بەرەو هەمەجۆری رۆشتووە و چەندین ناوی تریش، کە بنچینەی بەریتانییان نییە هاتوونەتە نێو لیستەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق رایگەیاند، ستراتیژی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی مۆڵکی گشتیی جێبەجێدەکات، کە بریتییە لە گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان لەلایەن گەندەڵکارانەوە لە بەرانبەر سوککردنی سزاکەیان.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق ستراتیژی نوێی دادگاکانی راگەیاند، کە خۆی لە دوو ئامانجی هاوتەریبدا دەبینێتەوە، سزادانی گەندەڵکاران و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی دەوڵەت، ئەمەش لە رێگەی سوککردنی سزای ئەو تۆمەتبارانەی کە ئامادەن بە شێوازی خۆبەخشانە مال و سامانی گشتی بگەڕێننەوە.

سەبارەت بە دۆسیەی  دزی سەدە،  دادگا رونی کردەوەتەوە،  کە تۆمەتباری سەرەکی (نور زوهێر) دوای گەڕاندنەوەی 365 ملیار دینار بە کەفالەت ئازادکرا، بەڵام بەهۆی راکردنی بۆ دەرەوەی وڵات، حوکمی غیابی 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە؛ لە ئێستاشدا دۆسیەکەی بەهۆی یاسای نوێی لێبووردنی گشتی و چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەتی دارایی هەڵپەسێردراوە.

ئەنجومەنی باڵای قەزایی عیراق ئاماژەی بەوەشکردوە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پێشوو بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە داخراوە و حوکمی زیندانی بۆ 12 فەرمانبەر و چەند بەرپرسێکی باڵای پێشوو دەرچووە.

لە کۆتاییدا، ئەنجومەنی قەزا جەختی کردەو،  کە هەمان رێکاری گەڕاندنەوەی پارە لە بەرانبەر سووککردنی سزا، بەسەر تۆمەتبارانی دۆسیەی "پاڵاوگەکانی باکوور" و پەرلەمانتارە تێوەگلاوەکاندا جێبەجێ دەبێت ئەگەر تاوانەکەیان پێش یاسای لێبووردنی نوێ بێت و لە ئێستاشدا بە هەماهەنگی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران  کار لەسەر نەخشەڕێگایەکی یاسایی نوێ دەکرێت بۆ وەرگرتنەوەی تەواوی داراییەکانی دەوڵەت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمپانیای ڤۆلکسواگنی ئەڵمانی بۆ پیشەسازیی ئۆتۆمبێل، بەهۆی کێبڕکێی توند و بەربڵاوی ئۆتۆمبێلە چینییەکان لە بازاڕەکانی جیهاندا، پلانێکی نوێی داناوە، کە تێیدا تا ساڵی 2030 نزیکەی 100 هەزار کارمەند لە کارەکانیان دووربخاتەوە و کۆتایی بە بەرهەمهێنان لە چوار کارگەی سەرەکی خۆی بهێنێت. 

رۆژنامەی (فاینانشاڵ تایمز)ی بەریتانی، کە تایبەتمەندە بە هەواڵە دارایی و ئابوورییەکان، ئاشکرای کردووە کە ڤۆلکسواگن بە جددی تاوتوێی کەمکردنەوەی ئەم رێژە زۆرەی دەسی کار دەکات.

ئەم هەوڵەی کۆمپانیاکە، مەبست لێی کەمکردنەوەی تێچوەزۆرەکانیەتی وەک یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل لە ئەوروپادا؛ بە جۆرێک ئەم بڕیارە کاریگەری دەکاتە سەر یەک لەسەر شەشی کۆی گشتی کارمەندانەکانی کۆمپانیاکە دەبێت، کە لە سەرانسەری جیهاندا ژمارەیان دەگاتە 625 هەزار کارمەند.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، پلانەکە داخستنی هێڵەکانی بەرهەمهێنان لە کارگەکانی ڤۆلکسواگن لە شارەکانی (ئێمدن، زویکاو، و هانۆڤەر) دەگرێتەوە، جگە لە کارگەی کۆمپانیای (ئۆدی) لە شاری (نیکارسۆلم)، کە بڕیارە ورەکارییەکانی ئەم پلانە لە 9ی تەمموزی داهاتوودا پێشکەش بە ئەنجومەنی چاودێری کۆمپانیاکە بکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا)، ئەمڕۆ هەینی بە رەسمی تەرخانکردنی پاداشتێکی دارایی بە بڕی نۆ ملیۆن دۆلار بۆ هەڵبژاردەی عیراق راگەیاند، ئەمەش دوای کۆتاییهاتنی کاروانی یارییەکانی لە مۆندیالی 2026.

 فیفا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بڕە پارەیە وەک پاداشت دەدرێتە هەر هەڵبژاردەیەک کە لە قۆناغی کۆمەڵەکاندا ماڵاوایی  کردبێت،  جگە لەمەش پێشتر بڕی 1.5 ملیۆن دۆلار بە هەر هەڵبژاردەیەکی سەرکەوتوو دراوە کە بەشداری مۆندیالی 2026ـی کردبێت.

بەمەش کۆی گشتی ئەو پارەیەی پێشکەش بە هەڵبژاردەی عیراق دەکرێت، دەبێتە 10.5 ملیۆن دۆلار.

 لە هەمان کاتدا فیفا خشتەی پاداشتەکانی تری تیروپشکەکەی ئاشکرا کرد، کە تێیدا پاڵەوانی مۆندیال بڕی 50 ملیۆن دۆلار، خاوەن پلەی دووەم 33ملیۆن دۆلار، پلەی سێیەم 29 ملیۆن دۆلار و پلەی چوارەمیش 27 ملیۆن دۆلار وەردەگرن.

جێی باسە هەڵبژاردەی عیراق، لە قۆناغی 48ـی پاڵەوانێتیەکە کرایە دەرەوە  و نەی توانی بگاتە قۆناغی 32ـی جامەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا بە ئەنجامی (2 - 0) بەرانبەر بە مەغریب و گەیشتنی بە قۆناغی پێش-کۆتایی مۆندیالی 2026، دیدیە دیشامپ، راهێنەری کەڵەشێرەکان، ستایشی ئاستی کیلیان ئیمپاپێی کاپتنی تیمەکەی کرد و سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، کە لەسەر ئەو ئەستێرە فەرەنسییە باس دەکرێت.

دیدیە دیشامپ رایگەیاند، زۆرێک لە خەڵکی پێیان وایە کیلیان دیکتاتۆرێکە و تەنها بیر لە خۆی دەکاتەوە، بەڵام نەخێر ئەو تەواو خەمخۆری ئەوانی ترە و لە خزمەت تیمی نیشتمانیدایە.

راهێنەری فەرەنسا شانازی خۆی بە سێیەم سەرکەوتنی لەسەریەک بۆ قۆناغی پێش کۆتایی مۆندیال دەربڕی و پابەندبوونی هێڵی هێرشبەری و تۆکمەیی پێکهاتەکەی بە خاڵی بەهێزی تیمەکەی دانا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، رکابەرەکانیان هەرچەندی هەوڵ بدەن، ناتوانن بەتەواوی کۆنترۆڵی رەوشەکە بکەن، چونکە مەترسییەکانی یاریزانەکانی دەکرێت لە هەر شوێنێکی یاریگاوە دروست ببن.

دیشامپ سەرکەوتنی تیپەکەی بۆ یەکگرتوویی، هاوسۆزی و دۆستایەتی نێوان یاریزانەکان گەڕاندەوە، بە جۆرێک کە تەنانەت یاریزانانی سەر کورسی یەدەگیش بە تەواوی دڵ و گیان پاڵپشتی تیمەکە دەکەن.

بە بڕوای  راهێنەرەکەی فەرەنسا، یاریزانەکان بە باشی تێگەیشتوون کە یاریکردن لە ریزی فەرەنسادا، بەر لە هەر شتێک، بەستراوەتەوە بە ئەرک و پابەندبوونەوە؛ چونکە ئەم درێسی فەرەنسا لە سەروی هەموو شتێکەوەیە..

لە کۆتاییدا، راهێنەری فەرەنسا لەبارەی یاری داهاتویانەوە، کە رۆژی 14ـی  ئەم مانگە، لەگەڵ رۆژی نیشتمانیی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت رایگەیاند، ئەم پاڵەوانێتییە ئەرکێکی نیشتمانییە بۆ دڵخۆشکردنی گەلی فەرەنسا و جەختیکردەوە، ئەوان بەرپرسیارێتی ئەوەیان لەسەر شانە، کە وەڵامی هەست و سۆزی خەڵک بدەینەوە و هەرچی لە تواناماندا بێت بۆ دڵخۆشکردنی سەرجەم ژنان، پیاوان و هاندەرانیان ئەنجامی بدەن.

 

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان زیاتر لە چوار ملیار و 995 ملیۆن دینارە و بەراورد بە هەفتەی رابردوو کەمی کردوە.

ماڵپەڕی شەفافیەت بۆ خستنەڕووی داهاتی نانەوتی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان ئاشكرایكردووە، داهاتی ئەم هەفتەیە، بڕی چوار ملیار و 995 ملیۆن و 930 هەزار دینار بووە.

ماڵپەرەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، داهاتی ئەم هەفتەیە بەراورد بە هەفتەی رابردوو بە رێژەی زیاتر 53٪ كەمیكردووە، لەكاتێكدا هەفتەی رابردوو بڕی داهات نزیکەی نۆ ملیار دینار بوو.

بەپێی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی ئەم هەفتەیە، لە 85%ی بەشێوەی نەختینەو 15%ی بەشێوەی چەك بووە.

جێگەی ئاماژەیە، ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ داهات و خەرجی، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دامەزرا، ئێستا رۆژانە لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە دەتوانیت سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بزانیت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کرداوە، کە لایەنەکان لەناو ئیسرائیلدا خوازیاری چوونە ناو گرژییە نوێیەکانی نێوان واشنتن و تاران و دەستپێکردنەوەی هێرشەکانیانن بۆ ئێران.

دوای گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران و دەنگی هاتنەناوەی ئیسرائیل بۆ نێو گرژیەکان، میدیاکانی ئیسرائیل، رایان گەیاند سوپای ئیسرائیل خوازیاری ئەوەیە بەشداری جەنگەکە بکات.

تۆڕی راگەیاندنی "کان"ی ئیسرائیلی بڵاویکردوەتەوە، بۆ دەستپێکردنەوەی  هێرش بۆ سەر تاران، تەلئەبیب چاوەڕوانی گۆڵپی سەوزی واشنتۆنە و سەرۆکی ئەمریکایە.

میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەبەوە دەکەن، لێپرسراوانی تەلئەبیب، پێشبینی دەکەن هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی ئەمریکا  وئێرا بۆسەر یەکتری لە چەند رۆژی داهاتوشدا بەردەوامی هەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند بوو،لاریان نییە لەوەی بۆ جاری سێێەم هێرشبکەنەوە سەر تاران، ئەگەر پێویست بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی بەرگریی روسیا، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند  هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی لە شەوێکدا 376 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینیان لە چەند ناوچەیەکی روسیادا خستوەتە خوارەوە.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە،  لە سەعات هەشتی شەوی پێنجشممە تا سەعات حەوتی بەیانی ئەمڕۆ، سیستمی بەرگریی ئاسمانی 376 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراین لە 13 ناوچەی وڵاتەکەدا خراوەتە خوارەوە.

سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندوە، چوار درۆن کە ئامانجیان مۆسکۆبوە تێکشکێندراون، ئەمەش مەترسی درۆنەکانی ئۆکراین ئاشکرا دەکات کە دەتوانن بگەنە دڵی روسیا.

ئەمە لە کاتێکدایە، میدیای روسیا، رایگەیاندوە، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا، بەهۆی شيپۆلی هێرشيکانی ئۆکراینەوە، چەندین پاڵاوگەی نەوت کراونەتە ئامانج و ئاگریان لێ بەرز بوەتەوە.

جی باسە ماوەیەکی ئۆکراین تاکتیکی جەنگی بەرانبەر بە روسیا گۆڕیوە و لە دورەوە بە شەپۆلی درۆنی خۆکوژ، پاڵاوگە و کەتی وزەی روسیا دەکاتە ئامانج و ئەمەش بوەتە هۆکی کەمبونەوەی سوتەمەنی لەو وڵاتەدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەنوێترین پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای پزیشکیدا، توێژەرانی زانکۆی کالیفۆرنیا سان دیگۆ بۆ یەکەمجار لە مێژوودا توانییان رۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤ (Humanoid) بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی زیندوو لە قۆناغی پێش-کلینیکیدا بەکاربهێنن، کە ئەمەش وەک وەرچەرخانێک دەبینرێت بۆ لەمەودوا و دەستپێکی نەوەیەکی نوێی نەشتەرگەری رۆبۆتی.

 بەپێی ئەو توێژینەوەیەی لە گۆڤاری زانستیی بەناوبانگی نیچەر (Nature) بڵاوکراوەتەوە، لە تاقیکردنەوەی یەکەمدا تیمێک، کە پێکهاتبوون لە رۆبۆتێکی هاوشێوەی مرۆڤ و پزیشکێکی پسپۆڕ، توانییان بە سەرکەوتوویی نەشتەرگەری لابردنی زراو بۆ ئاژەڵێک ئەنجام بدەن، هاوکات لە تاقیکردنەوەیەکی تریشدا دوو رۆبۆتی تر بە شێوازی هاوبەش و لە یەک کاتدا هەمان نەشتەرگەرییان بەڕێوەبرد.

توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن، کە جیاوازی سەرەکی ئەم رۆبۆتانە لەگەڵ سیستمە باوەکانی ئێستای نەشتەرگەری رۆبۆتی ئەوەیە کە پێویستیان بە ئامێری تایبەت نییە، بەڵکو بەهۆی پێکهاتە هاوشێوەکەیان لەگەڵ مرۆڤ، دەتوانن کەرەستە و ئامرازە ئاساییەکانی ژوری نەشتەرگەری بەکاربهێنن و نەرمیەکی زیاتر لە ژینگەی پزیشکیدا نیشان بدەن.

شارەزایان پێیان وایە لە ئەگەر پەرەسەندنی زیاتر و وەرگرتنی مۆڵەتی رەسمی، ئەم پزیشکە رۆبۆتانە، دەتوانن لە داهاتوودا شۆڕشێک لە کەرتی تەندروستیدا دروست بکەن؛ بەجۆرێک کە لە ناوچە گوندنشین و کەم داهاتەکان، بەرەکانی جەنگ و تەنانەت لە گەشتە ئاسمانی و بۆشاییەکانیشدا بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری خێرا بەکاربهێنرێن.

 ئەم تەکنەلۆجیایە دەرفەتی نەشتەرگەری لەڕێی دوورەوە (Tele-surgery) دەڕەخسێنێت و فشارێکی زۆر لەسەر پزیشکانی مرۆڤ کەم دەکاتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، تیمی توێژینەوەکە جەخت دەکەنەوە کە ئەم داهێنانە هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە و پێش ئەوەی لەسەر نەخۆشی مرۆڤ تاقی بکرێتەوە، پێویستی بە تاقیکردنەوەی وردتر و بەدەستهێنانی رەزامەندییە یاسایی و پزیشکییەکان هەیە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...2324252627...1117