بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی 60 خولەکی کەناڵی CBSی ئەمریکی، باسی رەوشی موجتەبا خامنەیی، رێبەر باڵای ئێران کرد و رایگەیاند، کە ناوبراو لە ئێستادا لە حەشارگەدایە، بەڵام هیچکات ناتوانێت دەسەڵاتەکانی باوکی هەبێت.

ناتانیاھۆ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئاخۆ موجتەبا خامنەیی لە ژیاندا ماوە یان نا، وتی: "بە بڕوای من ئەو زیندوە، بەڵام دیاریکردنی رەوشی کارێکی ئەستەمە؛ ئەو هەوڵ دەدات دەسەڵات و هەژموون بەدەست بهێنێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت بگاتە ئەو ئاستە لە هێز و لایەنگرییەی، کە باوکی هەیبووە.

ناتانیاهۆ  ئاماژەی بەوەش کرد، کە ململانێی موجتەبا خامنەیی بۆ دەسەڵات، بوەتە هۆی دروستبوونی درز و ئاڵۆزی زیاتر لە ناوخۆی پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێراندا، ئەوەشی وەک پەرەسەندنێکی ئەرێنی لە قەڵەمداوە و وتویەتی ئە کێشەیە شتێکی خراپ نییە و باشە.

 ناتانیاهۆ ئەوەشی خستوەتەڕوو بۆ کەناڵي ئەمریکییەکە، کە زیانێکی بەرچاویان بە تواناکانی ئێران گەیاندووە، بەڵام هێشتا کار ماوە ئەنجامی بدەن، چونکە تاران  بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی بریکارەکانی ناوچەکە و کار لەسەر بەرهەمهێنانی موشەکی بالیستیکی دەکات.