ئاستی ئاڵۆزی نێوان ئێران و ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە ئاستێکی نوێ، کاتێک هەردوو لا هۆشداری دەرچوونیان بە دانیشتووانی شارە سەرەکیەکانی یەکتری دا.
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا هۆشداری دایە دانیشتووانی شاری تەل ئەبیب و داوای لێکردن کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و بچنە دەرەوەی شارەکە.
لە دەقی راگەیێندراوەکەی پاسداراندا هاتووە: "ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆ جەنگێکی دوورودرێژ."
لە هەمان کاتدا، سوپای ئیسرائیلیش راگەیێندراوێکی هاوشێوەی بڵاوکردەوە و داوای لە دانیشتووانی ناوچەی سێی شاری تارانی پایتەختی ئێران کرد کە ناوچەکە بەجێبهێڵن.
ئەم هەنگاوانە وەک هۆشداری دوولایەنە لێکدەدرێنەوە کە نیشاندەری ئەوەیە ئاڵۆزی نێوان هەردوو وڵاتەکە دەچێتە ئاستێکی نوێی خەتەرناکەوە.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ دووشەممه 16ـی 6ـی 2025 لە بەغداد، پێشوازی لە ئەحمەد سەمیر باڵیۆزی میسر لە عیراق کرد.
لەمیانی لەدیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لەقوڵی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عیراق و میسر کردەوە لەگەڵ پێویستی پەرەپێدانیان بەشێوەیەک کەخزمەت بە بەرژەوەندییه هاوبەشەکانی هەردوو گەلی برا بکات و رۆڵی هەبێت لەبرەودان بە هەلی ئاشتی لەناوچەکەدا و ئاماژەشی بەگرنگی هاریکاری و هەماهەنگی لەبارەی پرسە هاوبەشەکانەوە کرد.
سەرۆک کۆمار جەختی لەیەکخستنی هەوڵ و هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ راگرتنی ئەم جەنگە، کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و ئایندەی گەلانی دەکات، هاوکات دوپاتیشی له سەرخستن زمانی دیالۆگ و گرتنەبەری رێگاچارەی سیاسی بۆ هه موو کێشه کانی نێوان وڵاتان کردەوه، بەشێوەیەک کەئاشتی ناوچەکەو جیهانی بپارێزێت.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی میسر، پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عیراق لەبوارە جیاجیاکاندا دووپات کردەوە، و ستایشی هەوڵەکانی سەرۆک کۆماریشی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کرد.
وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، باسکردنی دانوستان لەم کاتەدا بێمانایە. دەشڵێت، پەرلەمان سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژەیاسایەکە بۆ کشانەوە لە رێککەوتننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی.
ئیسماعیل بەقائی وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، هەماهەنگی تەواویان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەیە، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش دەکەن ئیدانەی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەم ساتە باسکردنی دانوستان بێ مانایە.
وتیشی، پەرلەمانی ئێران سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژەیاسایەکە بۆ کشانەوە لە رێککەوتننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی.
پەیمانی نەھێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی NPT؛ پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتییە بە ئامانجی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و تەکنەلۆژیای چەکی ئەتۆمی، هەروەها پێشخستنی ھاوکارییە لە بەکارھێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی، و پێشخستنی ئامانجی گەیشتن بە داماڵینی چەکی ئەتۆمی و داماڵینی گشتی و تەواوەتیی.
دوای تێپەڕینی چوار رۆژ بەسەر شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، نرخی زێڕ گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی دوو مانگی رابردووی خۆی و لە ئێستادا یەک ئۆنسە زێڕ بەرانبەرە بە سێ هەزار و 413 دۆلار.
ئەمڕۆ لەگەڵ کرانەوەی بازاڕە داراییەکان، یەک کیلۆگرام زێڕ بە 109 هەزار و 754 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و یەک گرام زێڕیش بەرانبەرە بە 109 دۆلار و 75 سەنت.
بەهۆی ئەو گرژییە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی چوار رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە، نرخی زێڕ گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی دوو مانگی رابردوو، کە دوایین جار لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا نرخی یەک ئۆنسە گەیشتە سێ هەزار و 428 دۆلار.
حزبوڵا داوای داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و دەرکردنی هێزەکانیان لە عیراق دەکات.
سوپای پاسدارانی ئێران گیانلەدەستدانی حەوت فەرماندەی دیکەی سەربازیی سەر بە هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا راگەیاند.
سوپای پاسدارانی ئێران گیانلەدەستدانی حەوت فەرماندەی سەربازیی دیکەی وڵاتەکەی لە هێرشەکانی شەوی هەینی ئیسرائیلدا پشتڕاستکردەوە و بە رەسمی رایگەیاند، کە ئەو فەرماندە باڵایانە لەگەڵ ئەمیر حاجی زادەی فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی ئێراندا بوون.
لە راگەیەنراوەکەدا ناوی چەند فەرماندەیەکی پلەباڵا هاتووە کە بۆ یەکەمجارە ئێران بە رەسمی پشتڕاستی کوژرانیان دەکاتەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، هەریەک لە محەمەد باقر تاهرپور، مەسنور سەفەرپور، مەسعود تەیب، جەواد جەرسارا، خەسرەو حوسنی، مەحمود باقری و داود شێخیان لە هێرشێکی سوپای ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستداوە.
لە راگەیەنراوەکەدا، بۆ یەکەمجارە ئێران بە رەسمی گیانلەدەستدانی خەسرۆ حوسنیی جێگری فەرماندەی دەزگای هەواڵگریی ئێران پشتڕاست بکاتەوە.
لەو بارەیەشەوە ئیسرائیل پێشتر رایگەیاندبوو، لەکاتی هێرشەکەدا چەند فەرماندەیەکی پلەباڵای سەربازی لەگەڵ ئەمیر حاجی زادەدا لە حەشارگەیەکی ژێرزەویدا بوون.
ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا ئامادەیی دەردەبڕن بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی .
یۆهان فادیفۆل وەزیری دەرەوەی ئەلمانیا كە بە سەردانێك لە رۆژهەڵاتی ناوەراستە رایگەیاندوە، بە ئامانجی هێوركردنەوەی رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەراست و كەمكردنەوەی ململانێكان لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا ، هەریەك لە ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا ئامادەن بە زوترین كات دانوستان لەگەڵ ئێران دەستپێبكەن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی .
هەروەها رایگەیاندوە ، پێشتر تاران دەرفەتەكانی نەقۆستەوە بۆ ئەوەی دەست بە دانوستانێك بنیاتنەر بكات و ئاڵۆزییەكان نەگەنە بەم ئاستەی ئێستا.
ئیسرائیل هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی نیشتەجێی نزیک بنکە ئەتۆمییەکان، بەپەلە چۆڵی بکەن.
لە راگەیەنراوێکدا ئەفیخای ئەدرەعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل هۆشداری داوەتە ئەو هاووڵاتییانەی نیشتەجێی نزیک ناوەندە ئەتۆمییەکانن، بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان و خێزانەکانیان بەپەلە ئەو ناوچانە چۆڵ بکەن.
داواش لەو هاووڵاتیانە دەکات، تاوەکو کاتێکی نادیار نەگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.
پێشییان دەڵێت، مانەوەتان لەو شوێنانەی بنکەی ئەتۆمین یان پەیوەندییان بە بنکەکانەوە هەیە، ژیانتان دەخاتە مەترسییەوە.
لە بەرەبەیانی رۆژی 13ی ئەم مانگەدا، ئیسرائیل بە 200 فڕۆکەی جەنگیی هێرشیکردە سەر 100 ئامانج لە ناو ئێراندا و بەهۆیەوە 78 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 400 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە شەش زانای ئەتۆمی و فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران و سەرۆکی ئەرکانی ئێران و وتەبێژی خامنەیی و چەندین فەرماندەی سەربازی و پلەباڵای دیکەی تێدابوو، لەدوای ئەوەشەوە ئێرانیش دەستی بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل کرد و هێرشەکانی هەردوو وڵات تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی چڕ بەردەوامن، کە بەهۆیەوە ژمارەی کوژران و گیانلەدەستدانەکانیش بەرزبوونەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، جەنگ نابەنە خاکی وڵاتانی دراوسێ و دەشڵێت: ناچار نەکێین مەودای شەڕ فراوان ناکەین.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان سەرجەم هێڵە سورەکانی بەزاندووە و ئەوانیش لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رێگە نادەن جەنگەکە بخەنە خاکی وڵاتانی دراوسێیان. دەشڵێت، ئەگەر ناچار نەکرێین نامانەوێت مەودای شەڕ فراوان بکەین.
ئەوەشی خستووەتە روو، وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بە مافی خۆیان دەبینن و چاوەڕوانیشن ئەمریکا نیازپاکی خۆی نیشان بدات. وەک وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، پێیان وایە هێرشی ئیسرائیل بەبێ پشتیوانی و گڵۆپی سەوزی ئەمریکا روونادات.
باسی لەوەشکردووە، بەڵگەیان لایە لەسەر پشتگیری هێزە ئەمریکییەکانی ناوچەکە بۆ ئیسرائیل.
روونیشیکردووەتەوە، ئامادە نین رێککەوتنێک بکەن کە لە مافە ئەتۆمییەکانیان بێبەشیان بکات، ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی رابگرێت ئەوانیش هێرشیان ناکەنە سەر.
حکومەتی هەرێم ئاگاداریی ئەو هاووڵاتیانە دەکاتەوە کە لە فڕۆکەخانەکانی ناوچەکەدا گیریان خواردووە و داوایان لێدەکات داوای هاوکاریی بکەن و دەیانگەڕێننەوە هەرێم.
حکومەتی هەرێم ژوورێکی هەماهەنگی لە دامەزراوەکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهێناوە بۆ ئاسانکاری رێکارەکانی گەڕانەوەی هاووڵاتیان بۆ کوردستان و داوایان لێدەکات، لەرێگەی واتس ئەپەوە پەیوەندی بەم دوو ژمارەیەوە بکەن و داوای هاوکاری بکەن، کە ژمارەکان ئەمانەن:
+9647508035680
+9647508035681
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، رەزامەندی لە تورکیا وەرگیراوە کە هاووڵاتیانی هەرێم بە پاسپۆرتی عێراقی لە هەر فڕۆکەخانەیەکی ناوچەکە بن بتوانن بێ فیزەی پێشوەختە بە هێڵی ئاسمانی تورکش ئێرلاینس یان هەر هێلێکی دیکەی تورکی بگەڕێنەوە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیستەمبوڵ یان سەبیحە و لەگەڵ گەیشتن فیزەی ترانزێتی پێنج رۆژ وەردەگرن، لەوێشەوە دەتوانن بە زەمینی یان بە هێلی ناوخۆیی تورکیا گەشت بکەن بۆ یەکێک لە فڕۆکەخانەکانی نزیک لە سنوری هەرێمی کوردستان و بە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیلدا بگەڕێنەوە کوردستان.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو هاووڵاتیانەی لە وڵاتانی ئەوروپا لە فڕۆکەخانەکان ماونەتەوە و بە پاسپۆرتی عێراقی (فیزەی شینگن)یان هەیە، دەتوانن بە ئۆنلاین فیزەی تورکی وەربگرن یان بێ فیزە بگەڕێنەوە و لە فڕۆکەخانەکانی تورکیا فیزە وەربگرن.
بەپێی راگەیەنراوەکەی حکومەتی هەرێم، لە هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران تیمەکانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و وەزارەتی ناوخۆ ئامادەکارییان کردووە بۆ بە خێرایی راپەڕاندنی ئەرکی هاونیشتیمانیانمان کە لە ئێران یان لە تورکیا بە رێگای زەمینی دەگەڕێنەوە وڵات.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لەدوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران تەواوی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکانی عیراق راگیراون.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم دەڵێت: لە روانگەی پەرۆشیمان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتیانەی کە لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبۆڵ گیریان خواردووە، لەگەڵ لایەنە فەرمی و پەیوەندیدارەکانی تورکیا لە پەیوەندی بەردەوام دابووین بۆ ئاسانکاری کردنی گەڕانەوەی هاووڵاتیان بە رێگای ووشکایی، بە تایبەت ئەوانەی ڤیزایان نییە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لە قوناغی یەکەمی ئەم پرۆسەیەدا توانرا ڤیزای ترانزێت بۆ نزیکەی 300 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت. ئەمڕۆ 50 کەس بە هەماهەنگی و هاوکاری سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرانی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل-خابوور هاتنەوە هەرێمی کوردستان و تا شاری هەولێر گواستنەوەیان بۆ دابین کرا.
دەشڵێت؛ لە رێگەی کونسوڵگەری گشتی تورکیا لە هەولێرەوە ئاگادارکراینەوە کە هەموو هاووڵاتیەکی هەڵگری پاسپۆرتی عیراقی لە هەر وڵاتێک بێت و بیەوێت بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان، بە گەیشتنیان بۆ تورکیا ڤیزای ترانزێتی پێنج ڕۆژەیان پێدەدرێت.
یوری ئۆشاکۆف، یاریدەدەری ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا، رایگەیاند کە پوتین گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی 50 خولەکی لەگەڵ ترامپدا ئەنجامداوە و تیایدا باسیان لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستکرد.
گفتوگۆکە لە نێوان پوتن و ترامپدا سوودبەخش بووە و باسی دۆخی خراپی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کردووە. پوتن ترامپی لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیانە ئاگادار کردەوە کە رۆژی پێشوو لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی کردبوو.
یاریدەدەری سەرۆکی روسیا جەختی لەوەش کردەوە، پوتن "ئاماژەی بە گەڕانەوە بۆ دانوستاندن سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران کرد".
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عیراق، داخستنی ئاسمانی عیراقی بەروی گەشتە ئاسمانییەکان تا کاتژمێر 7.00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ درێژکردەوە.
بەپێی راگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عیراق، ئەم هەڵپەساردنە هەموو گەشتەکانی چوون و هاتن دەگرێتەوە، جگە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە کە بە رۆژ گەشتەکانی دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر وەزارەتی گواستنەوەی عیراق رۆژی هەینی 13ـی حوزەیران، رایگەیاندبوو کە گەشتە ئاسمانییەکانی عیراق تا کاتژمێر 10.00ـی بەیانیی شەممە بە هەڵپەسێردراوی دەمێننەوە.
بەپێی راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە، دوای کاتژمێر 10.00ـی بەیانیی شەممە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکرا کە ئایا هەڵپەسێردنەکە بەردەوام دەبێت یان هەڵدەگیرێت.
ئاژانسێك ئاشكرایکرد، رۆژێك پێش ئەنجامدانی هێرشەكان، ئەمریكا سەدان موشەكی رادەستی ئیسرائیل كردووە.
ئاژانسی میدیڵ ئێست لە زاری دوو لێپرسراوی باڵای ئەمریكاوە بڵاویكردوەتەوە، ئەمریکا ئاگاداری هێرشەكانی ئیسرائیل بووە بۆسەر ئێران، بۆ ئەو مەبەستەش موشەكی تایبەتی رادەستی تەلئەبیب كردووە.
بە وتەی ئەو دوو لێپرسراوە كە ناویان ئاشكرانەكراوە، رۆژێك پێش دەستپێكردنی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، 300 موشەكی هێڵفایەر كە ناوەكەی بە مانای "ئاگری دۆزەخ" دێت، لەلایەن ئەمریكاوە رادستی ئیسرائیل كراون.
ئیسرائیلیش لە رێگەی فڕۆكە جەنگییەكانیەوە سودی لەو موشەكانەی ئەمریكا وەرگرتووە بۆ هێرشكردنەسەر ئێران.
بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، لەئاكامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ دامەزراوەی نەتەنز لە ئەسفەهانی ئێران تیشكدانەوەی ئەتۆمی لەناوچەكەدا دروستبووە.
رافایل گروسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم، لە پەراوێزی كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران رایگەیاند، لە ئاكامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وێستگەیەكی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئەو وڵاتە لەناوبراو، كە تێیدا پیتاندنی یۆرانیۆم گەیشتووەتە ٪ 60.
ئەوەشی خستەڕو، بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە بۆ دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز لە پارێزگای ئەسفەهانی ئێران، تیشكدانەوەی ئەتۆمی لەناوچەكەدا دروستبووە.
گروسی دەشڵێت، هیچ ئاماژەیەك نییە هێرشەكانی ئیسرائیل گەیشتبێتنە وێستگەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ژێر زەوی دامەزراوەی نەتەنز، بەڵام هێرشەكە زیانی بە ئامێرەكانی ناوەندی جێگۆڕكێی وزە گەیاندووە.